خامنەییش لە هەمبەر هەڵبژێردرانی ترامپ هەڵوێستی گرت

0
235

ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی لە سەردانی خۆی بۆ ئیسفەهان، هەڵوێستی خۆی لە هەمەبر هەڵبژێردرانی ترامپ وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕاگەیاند.

خامنەیی گوتی: “ئێران هیچ دادوەرییەکی لەمەڕ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا نیە و بەردەوام دوژمنایەتیمان لە هەر دوو حیزبی ئەو وڵاتە بینیوە”.

خامنەیی لەو سەرادنەدا جارێکی تر پێداگری لەسەر “ئابووریی خۆڕاگری” کردەوە گوتی: “دوژمن دەزانێ خاڵی لاوازیی ئێمە ئابوورییەکەمانە هەر بۆیە ئابووری کردۆتە ئامانجی خۆی”.

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بێ ئەوەی ناوی هیچ کەس و لایەنێک ببا بە نەبوونی تێگەیشتنی سیاسی تاوانبار کردن و گوتی: “نەبوونی تێگەیشتوویی سیاسی وا دەکا مرۆڤ گیرۆدە و هەڵوەدای کەس و لایەنێک بێ هەروەک هەندێک کەس و لایەن بە هەڵە گیرۆدە و خولیای ئەمریکا بوون بەڵام ئەو خولیابوونە درۆیینە”.

لەمەڕ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش، خامنەیی گوتی: “ئێمە هیچ دادوەرییەکمان لەمبارەوە نیە، چون ئەمریکا هەر ئەو ئەمریکایەیە و لە ٣٧ ساڵی ڕابردوودا هەر کام لەو ٢ حیزبە کە لەسەر کار بوون هیچ خێرێکیان نەداوەتەوەو هەمیشە شەڕیان بۆ ئێمە بووە”.

خامنەیی لەمبارەوە درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: “بەپێچەوانە زۆر کەس کە لە جیهان یان تازیدار بوون یان هەڵدەپەڕن، ئێمە نە تازێدار دەبین و نە هەڵدەپەڕین، چونکە هیچ جیاوازییەکی بۆ ئێمە نیە و هیچ دڵەڕاوکێیەکمان نیە و ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر ڕووداوێکین”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت