سەد واژۆی دەستخۆشی لە ڕووحانی چیمان پێ دەڵێ؟

0
877
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

ڕووحانی لە حاڵێکدا سەفەری بەرەو مهاباد و ورمێ کرد کە ساڵرۆژی گرتنی کوێرانە و دواتر لە سێدارەدان و گۆڕ غەریب کردنی ٥٩ لاوی مهاباد بوو، لە هەمان کاتدا ماوەیەکی بەرچاوە مانۆڕە سەربازییەکان کە تێیاندا دووژمنی فەڕزی کوردێکە بە جلی تەواو کوردییەوە، لە هەمان کاتدا بە دژی حیزبی دێموکرات کتێب دەنووسرێ و بە دژی کورد و دێموکرات شەونامە بڵاو دەبێتەوە و هەڕەشە لە مەڕدارەکان دەکرێ کە نەکا نانێک بدەن بە پێشمەرگە و لە کرماشان بە ئاشکرا فەرمانی تەقە لە کۆڵبەران دەکرێ و لە کوردستان ئاماری خۆکوشتن و خۆسووتاندنەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێ و سنوورەکانیش کە دیارە چی دەبێ و چۆن دادەخرێن و چۆنیش وڵامی خەباتی مەدەنی دەدرێتەوە و کوردەکان (کە سەر بە ڕەژیمیشن) هەمان ئەوانەی کە پێیان دەکوترێ نوخبەی ئوستان، چۆن بە بیانووی نەبوونی جێگا و ڕێگا لە زیارەتی سەرۆک کۆمارەکەیان بێبەش دەبن، ئەوە جیا لە دۆخی زیندانیانی سیاسیی و دۆخی کەبوودوەند و ئەفشین سۆهرابزادە و دەست بەسەر کردنی لاوانی کوردە لە جوانڕۆ و بانە و شارەکانی تر.

 بۆ ئەو سەفەرە دوو جۆر هەڵسەنگاندن کرا، هەندێ لایەن بەرزیان نرخاند و هەندێ لایەن شیکارییەکی تریان بۆ قسەکانی ڕووحانی کرد. دەستەی دووهەم لایان وایە کە ڕووحانی چەند پەیامی لەو سەفەرەی خۆی دا کە بە کورتی دەکرێ ئاوا باسیان بکەین:

١- ورمێ شاری ئازەریان و مهاباد شاری کوردانە (یاشاسن بۆ ورمێ و بژی بۆ مهاباد)

٢- کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە هەولێر کردووە و بۆیەش دەبێ مهابادی مەمنوون بن (لێرەشدا ئەوە دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی بە یەک چاو، چاو لە کورد دەکات و بە هەمان شێوە کە دژی مافی چارەی خۆ نووسینی کوردی باشوورە بە هەمان شێوەش هەر جۆرە جووڵەیەکی مافخوازی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرکووت دەکات).

٣- ڕووحانی بە هەندێ قسە کە بەڵێنی ٣٧ ساڵەی کۆماری ئیسلامین و بە گەورە کردنەوەی هەندێ هەنگاوی وەک بوونی تەنیا دوو وانە لە پەرتووکی پۆلێکی خوێندن (لە ناوەندی) و بوارێکی خوێندن لە زانکۆی سنە و زانکۆی ئازادی مهاباد، هەموو کێشەکانی کوردی بە چارەسەر کراو لە قەڵەم دا.

٤- ڕووحانی و ڕژیمی ئیسلامیی ئێران تێدەکۆشن و هەوڵیان ئەوەیە، پرسی کورد بە پرسی سووننە بوونەوە لێک ببەستنەوە و هەر بۆیەش بوونی نوێنەرێکی کوردی دەوڵەت لە پارلمانەکەیدا بە پیدانی پۆستێک بە سووننەکان لە قەڵەم دەدەن.

لایەنی دووهەمیش ئاوا دەفکرن:

١- پرسی کورد لە ئیران لە سەردەمی ڕووحانیدا یەکجار باش چۆتە پێش و ئەوە پرسی زمانی کوردی چارەسەر بووە.

٢- ڕووحانی پیاوی قسە و کردەوەیە و دەکرێ بە قسەکانی دڵخۆش بین.

٣- سەفەرەکەی پڕ خێر و بەرەکەت بوو و مایەی شانازییە و بۆیەش دەبێ بەردەوام بین لە خەبات لە چوارچێوەی سیستەمدا.

تاقمی دووهەم لە دوای سەفەرەکە کە بە پڕ لە خێر و بەرەکەتی وەسف دەکەن، نامەیەکیان نووسیوە و لە ماڵپەڕی هاژەدا بڵاویان کردۆتەوە و بە ناساندنی خۆیان بە چالاکی مەدەنی و بواری جیاواز (؟؟!!)، دەست خۆشی لە ڕووحانی دەکەن و سپاسی دەکەن و هیوا دەخوازن لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (!!!؟؟؟؟) پۆستەکان بە شێوەیەکی بەرانبەر دابەش بکرێن کە وەک دیارە خۆشیان بڕوایان بەوە هەیە کە کورد پسپۆڕی کەمە بۆیە هیوا دەخوازن ئەوە نەکرێتە بیانوو.

ناوی واژۆکەران چیمان پێ دەڵێ؟

ئەوەی کە لە ناوی واژۆکەرانی ئەو نامەیە دەردەکەوێ لە ڕوانگەی منەوە لە دوو خاڵدا کۆ دەکرێتەوە:

١- ئیخوانەکان و بە قەولی خۆیان (میی – مەزهەبییەکان) لە ئێستادا زیاترین هەوڵیان ئەوەیە پرسی کورد بە ناوی خۆیان تەواو بکەن و خۆیان لە چوارچیوەی  ڕژیمدا بکەن بە نوێنەری کورد، ئەوانە کە بە خۆیان دەڵێن ڕیفۆرمیست و چالاکی مەدەنی، زۆربەیان ناوێکی ناسراویش نین و زۆربەشیان چالاکییەکان و نووسراوەکانیان دیارە کە لە کوێ و لە چوارچیوەی کام بازنەدا دەخولێتەوە، بازنەی دژایەتیی خەباتی چەکداری و بە لە ناوچوو و لاواز لە قەڵەم دانی حیزبەکان و بە هەشت نۆ دە نەفەر زانین و ناساندنیان.

٢- ئەو کەسانە تا سەر ئێسقان بە ڕژیم وەفادارن و لە هەر حاڵەتێکدا بە ڕژیم وەفادار دەمێننەوە، چ لە کاتی خۆ بەربژێر کردن بۆ هەڵبژاردندا، متمانەیان پێ نەبەخشرێت و چ بە بیانوو و ناوی چالاکیی مەدەنی دەست بەسەر بکرێن و یەک دوو مانگیش بچنە بەندیخانە. واتای ئەو خاڵەش ئەوەیە کە ئەوان بەرنامەرێژی درێژخایەنیان بۆ خۆیان و بەرژەوەندیی تاکەکەسییان هەیە، هەر ئەوانەش بە هەندێ چالاکیی ژینگەپارێزی و نووسینی بە ڕواڵەت کوردانە و لە ناوەرۆکدا دژە کوردی و دژ بە مافی چارەی خۆ نووسین، گومان دەخەنە سەر هەر جۆرە چالاکییەکی مەدەنیی ئاشکرا لە ناوخۆ.

قسە و واژۆکانی ئەو کەسانە و دەست خۆشیان لە ڕووحانی و دەوڵەتەکەی و ڕژیمەکەی لە کاتێکدایە کە هەر ٤ مانگ لەوەی پێش هەر هەموویان متمانەیان پێ نەبەخشرا ببنە بەربژێری ئەو خەڵکە (بەڕواڵەت) و بە ناشیاو و متمانەپێنەکراو لە قەڵەم دران و نووسەری ئەو دێڕانە ئەو کات لە فەیسبووکی کەسیی خۆیدا نووسی : ئەوان کالانێکن کە لە ئێستادا بە سەرنجدان بە دۆخی جیهان و پێگەی ئێران، ڕژیم کاری پێیان نییە و بۆی هەیە لە داهاتوودا و ل ەهەڵبژاردنی تردا کاری پێیان بێتەوە و جارێکی تر کەمێ ڕەنگ و ڕۆنیان لێ بدات و ژەنگەکەیان لەسەر ڕاماڵێ) کە لێرەدا باش دەردەکەوێ ئەوان ئەو ئیستعداد و لێهاتووییەیان هەیە.

خاڵێکی جێگای ئاماژە:

خاڵێکی جێگای ئاماژە ئەوەیە کە ئەو تاقمە لە ئیستادا لەگەڵ هەندێ لایەنی کوردی و هەندێ بەرە و تاک کە تا ئێستاش ناسنەی خۆیان بۆ دیاری نەکراوە و نازاندرێ بە درووستی لە کام بەرەی کوردیدا جێ بدرێن و پێناسە بکرێن، هاوپەیمان و هاوقسەن.

هەڵبەت هاوسەنگەر و اوقسە بوونی ئەو د وولایەنە ناگەرێتەوە سەر ئەوەی کە ئەو دوویە بۆ هەمێشە دەتوانن لە یەک بەرەدا بمێننەوە بەڵکوو بە گچکەترین وەرسووڕان لە لایەنی کوردیی ئۆپۆزیسیۆن و گەڕانەوەی بۆ خاڵی سەرەتای خۆی و هەڵگرتنەوەی درووشمی ڕووخانی ڕژیم، ئەو برایەتییە دەبێتە دوژمنایەتی و جێگای ماچ بە پاچ، پڕ دەکرێتەوە.

ئەوەی لێرەدا دەچتە ژێر پرسیار، لە ڕاستیدا هەڵویستی تاک و ڕووناکبیری سەر بەو حیزبانەیە کە پێویستە لەبری ڕێڕەویی تەواو و بێ پرسینەوە و پێچانەوە لە حیزبەکەی (ئەویش تەنیا لە دژی لایەنی تر)، دەست بکا بە وەرد دانەوەی خۆی و خەباتەکەی و لە ئەنجامدا ئەگەر گەیشتە ئەو ڕایە کە سەنگەرەکان تێکەڵ بوون و سنووری نیوان کوردایەتی و گورزایەتی تێکچووە، خۆی و لایەنی خۆی وەئاگا بێنێ و ئەو سنووارەن پڕڕەنگ بکەنەوە.

ئەنجام:

لە ئێستادا خەباتی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات تووشی چەند ئاڵۆزی بووە کو دەکرێ بەو شێوەی خوارەوە ئاماژەیان پێ بکرێت:

١- بوونی حیزبەکان بە لق و پۆپی ئەم و ئەو و دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی باكوور و باشووردا لە ئەمە لە لایەنگران و ئەندامانی حیزبەکاندا بە دی دەکرێت (ئەوە تەیفێکە کە بە ڕای من لە ١٠ تا ١٠٠ دەکرێ جێگا بگرن و دانێشن)، ئەوەش وای کردووە کە تەنانەت هەندێ تیۆریسیەنی حیزبەکانیش بەر لەوەی سەر بەو حیزبە ڕۆژهەڵاتییە بن، سەر بە حیزبێکی باشووری یان باکووری بن و بەرژەوەندیی مادی و کەسیشیان لەوێ دابین بکرێ و ئەوەش بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکرێ گریمانەی بوون بە پاشکۆبوون بەهێزتر بکات یان لە ئێستادا کە کەسانی سیاسی لە کوردستانی باشوور تووشی داوی سەیر و سەمەرەی وەک دانی پارە بۆ نیشتەجێ ىوونیان و هەندێ پرسی تر دەبنەوە، کەسانی تیۆریسیەن یان تەنانەت مێژووزانێش، بە ئاسانی و بە ناوی سەفەر بۆ لالەش و کوێ و کوێ، دەستەمۆی حیزبایەتی دەکرێن.

٢- چالاکانی مەدەنیی ناوخۆ (ئەوانەی بە ئاشکرا دەست لە سیاسەت وەردەدەن و مەترسی و ئەگەری گیرانیشیان لەسەر نیە و زۆربەشیان ماڵپەڕ و ڕۆژنامەیان لەبەر دەستە) و زۆربەی هەرە زۆریشیان ئیخوانین و خۆ بە میللی – مەزهەبی، پێناسە دەکەن، بوونە مەترسیی سەرەکی لەسەر خەبات و داهاتووی کوردستانی خۆرهەڵات و بە چڕی خەریکی دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانن (هەروەک بۆ ڕووحانێشیان نووسیوە ئێمە چالاکی جۆراوجۆرین ونەکا بڵێی پسپۆڕمان نیە، ئەوەتا ئێمە هەین و ئەگەر پۆستەکان دابەش دەکەی، ئێمەت لەبیر نەچێ) و لەو لاشەوە خەریکی بەلاڕێدا بردنی خەبات لە نەتەوەخوازیی و ڕووخاندنی ڕژیمن بەرەو چەوسانەوە لە چوارچێوەی ڕژیم و لە مافی چارەی خۆنووسین بەرەو ڕازی بوون بە یاسای کۆماری ئیسلامی و ماددەی ١٥ و ١٩ و قیرکرانی جادە و ڕێگاو بان و هیچ خەمێکیان نیە بۆ دەست بەسەر بوونی ڕۆڵەکانی ئەو وڵاتە و سووتانی دارستانەکانی و داخرانی سنوور و کوژرانی کۆڵبەرەکانی و ….تاد.

٣- ئەو دوو هۆکارەی سەرەوە و بەتایبەت زەق بوونەوەی هەر دوو خاڵ، وای کردووە خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ پەسیوتر بێ و بە هەر هەموویانەوە لە ماوەی ١ ساڵ دا و بە سەرکوتی لە رادەبەدەر و چەواشەکاریی لە ڕادەبەدەر، خەڵک وەک کەو، سەر لە ژێر بەفر بنێ و ئامادەی نرخدان نەبێت.

تەنیا ڕێگاچارمان لەوە زیاتر نیە: دەبێ سەربەخۆ بین، هەستینەوە و بەرەو بەرزایی بفڕین، یەکگرتوویی ئەو حیزبانەی کە هێشتا مەیلی خەباتیان تێدا بەدی دەکرێ و بڕوایان بە مافی کورد لە چوارچیوەیەک جیا لە چوارچیوەی پان ئیرانیزمە و ئەگەر بکرێ دان و ستان لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە لە ڕێچکەی سەرەکی خۆیان لایان داوە و ڕێبازیان بزر کردووە و گێڕانەوەیان بۆ سەر ڕێچکەی درووست و شیاوی خەبات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.