شاهۆ حوسێنی: لەناوبردنی گڵکۆی شاعیران، هەوڵی ڕژیمە بۆ بەردەوام کردنی دەسەڵات و گوێڕایەڵ کردنی کۆمەڵگا

0
562

 بەرپرسانی حکومەتیی مهاباد بە فەرمانی ئیتلاعات و لەژێر ناوی چەند نووسەر و چالاکوانێکی کورد، گڵکۆی شاعیرانی کوردیان لە مهاباد شێواند، شیعرەکانیان سڕییەوە و ناوەکانیان بە زەقی بە فارسی نووسین و کوردییەکەیان والێکرد بە وردبینیش نابیندرێ، ئا لێرەدابوو چالاکانی فەرهەنگی و سیاسیی کورد لە ناوخۆ و لە تاراوگە، هەڵوێستی پێویستیان گرت و کەمپەینێکیان وەڕێخست و لە ڕێگای جیاوازەوە، دژایەتیی خۆیان ڕاگەیاند، تا ئێستاش ئەو کێشمەکێشمە لە نێوان تاریکی و ڕووناهی دا، بەردەوامە، بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە وتووێژێکمان لەگەڵ شاهۆ حوسێنی،  ڕۆژنامەنووس، پێکهێناوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

شاهۆ حوسێنی
شاهۆ حوسێنی

ڕۆژی کورد: هەر وەک ئاگادارن لە کۆی ئێران دا، کێشەی فەرهەنگی هەیە و ڕژیم بە بیانووی جۆراوجۆر پێش بە کۆنسێرتگێڕان و بەڕێوەبردنی شانۆ دەگرێت. تەنانەت بۆ سینەما و پێشانگاکانی نیگارکێشانیش کەم و زۆر ئەم کێشەیە هەیە. بەڕای ئێوە ڕژیم بۆ وا دەکات؟ لە چی دەترسێت؟ گەلۆ ئەم کێشەیەی گڵکۆی شاعیران لە مهاباد دەتوانین لەگەڵ ئەم کێشانە پۆلێنبەندی بکەین؟

حوسێنی: یەکەم ئەوەی کە چاوخشاندنێک بەسەر ڕوانگەی ئایینەکانی تر لەمەڕ هونەر، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە بۆ نموونە ئایینی مەسیحی و یەهودی وەک ئایینی شەمایل ناویان دەکردووە، واتە باوەڕمەندی بە هونەر تایبەتمەندییەکی گرنگی ئەو ئایینانە بووە، لە کاتێک‌دا ئایینی ئیسلام دژی ئەو ڕەوتە وەستاوەتەوە، واتە لە دەقەکانی ئایینی ئیسلام دا هیچ بەهایەک بە هونەر نەدراوە.

دووهەم: بێ گومان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرە کە هەموو دەرگاکانی دەسەڵاتی پاوان کردووە، ئەزموونی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان نیشانی داوە، کە لە نەبوونی حیزب و ڕیکخراوی سەربەخۆ، بڵاڤۆک و کەرەسەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ، هونەر و ئەدەبییات بوونەتە بێشکەی پێگەیاندن و پەرەی هزری بەربەرەکانی، لەوەها دۆخێک‌دا هونەر و ئەدەبی خۆڕاگری و بەرگری سەری هەڵداوە و دەوری سەرەکیشی هەبووە لە بەرهەم هێنانی ناڕەزایەتی و ڕووخانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی دژی هەرجۆرە هونەرێکی دەروەست بە کۆمەڵگایە.

سێهەم: کۆماری ئیسلامی بەرهەمی ئایدۆلۆژێکی ئایینیی مۆنۆلۆگە کە لە دەوری ویلایەتی مووتڵەقەی فەقێ جومگەبەندی کراوە، ئەو ئایدۆلۆژییە هەرچی باوەڕمەند و گوێڕایەڵی دەسەڵات بێ، بە خودی و هەرچی لەو بازنەیەدا نەگونجێ ئەوە وەک غەیرییەت پێناسە دەکات، لە هزر و ئەندێشەی ئەو دەسەڵاتەدا حکومەت مەشرووعە کە بە هەر جۆریک بۆی دەلوێ غەیرییەتەکان بسڕێتەوە، یەکەم هەنگاوی سڕینەوە لە کۆماری ئیسلامی سڕینەوەی جەستەیی بوو کە بە لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ و پاشان بە قەتڵە زنجیرەییەکان، زۆر غەییرییەتی سڕییەوە، دووهەم هەنگاو قەدەغەکردنی چاپ و بڵاوبوونەوەی نووسراوە و کتێبەکانیان بوو، سێهەم هەنگاویش شێواندن و لەناو بردنی گۆڕ و مەزارەکانیانە.

هۆکاری ئەوەیکە ڕژیم بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکات، دەگەڕێتە بۆ هەوڵی ئەو بۆ بەردەوام کردنی دەسەڵات و گوێێڕایەڵ کردنی کۆمەڵگا.

ئەوەی لە گڵکۆی شاعیرانی مەهاباد هاتۆتە ئاراوە، لەگەڵ ئەوەدا کە ڕەنگە دەسەڵات پێی خۆش بێ، بەڵام نەک بەرهەمی پیلان و کردوەیەکی بەپلان داڕێژراوی ناوەندەکانی ئاسایشی لانیکەم لەو بەشەدا، کە پێوەندی بە پەلەی هەیئەت ئوومەنای (دەستەی بەڕێوەبەری) گڵکۆی شاعیران و داڕێژەرەکەیەوە هەیە، چونکە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری، بەگشتی کەسایەتیی خۆش نێو و مامۆستای زۆر دڵسۆز و شەریفی تێدایە و بەدرێژایی مێژووی ژیانیان، هیچ کات کەسایەتی نەتەوە و کۆمەڵگاکەیان بە پارە و پۆست پێناسە نەکردووە، بەڵام ئەوەی لە گڵکۆی شاعیرانی مەهاباد ڕوویدا بەڕای من بەرهەمی پەلەقاژە بوو، بە هۆی ئەوەی کە هەمووکات ڕژیم پێشی بە ئاوەدان کردنەوەی گڵکۆی شاعیران گرتووە و ئەو دەرفەتەش کە هەڵکەوت، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری زۆریان بەلاوە باش بوو کە هەتا زوویە کارەکەی ڕاپەرێنن، چون هیچ بەدوور نیە کە ناوەندەکانی  ئاسایش، کارشکێنی بکەن و دەسەڵات پاشگەز ببێتەوە، بەڵام بێ گومان ئەو ڕەوتە و ئەو پەلەیە کە گەیشتۆتە ئەو قۆناغە ڕەنگە لە زۆر بوارانەوە دەسەڵات پێی باش بێ و بە دژی بەرژەوەندیی کورد و کۆمەڵگای کوردی پیناسەی بکات.

رۆژی کورد: ئێوە بە نووسینی بابەتی ئەدەبی و شێعر ڕوانگەکانتان دەردەبڕن. هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی ئەدەبی مەهابادیش بوون. لەو ماوەیەدا کە لە مەهاباد بوون، هیچ بەربەستێکتان بۆ سازنەکرا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەدەبی و شێعر؟

حوسێنی: بەڵی من ماوەی زیاتر لە دە ساڵ ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد بووم و زیاتر لە سێ ساڵیش یەکێک لە بەرپرسانی ئەنجومەنی ئەدەبی مەهاباد بووم، بێ گومان ئێمە و دۆستانی تری بەرپرس لە ئەنجوومەن هەموو هەوڵ و تەقەللامان ئەوە بوو کە وەک پێشتر ئەنجومەن سەربەخۆ بوو، ئەو سەربەخۆییە بپارێزین، بۆیەش زۆر گوێڕایەڵی بەرپرسانی پێوەندیدار نەبووین، دیارە ئەوانیش لە زۆر بۆنەدا کە ئێمە بەتەمای پێکهێنانی ڕێوڕەسم بووین پێشیان پێ دەگرتین و کارشکێنیان دەکرد.

ڕۆژی کورد: ڕۆڵی چالاکانی مەدەنی، ئەدەبی و هونەری لە ناوخۆی وڵات بەرانبەر بە دۆسیەی ئەم گڵکۆیانە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ پێت وا نییە کە ئەوان دەتوانن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گاریگەری دابنێن؟

حوسێنی: بێ گومان پەسیوبوون و دوورەپەرێزیی چالاکانی ئەدەبی و هونەری بە گشتی بۆ کۆمەڵگای کوردی و بەتایبەت لەو دۆسیەدا خەساربارە، ئەدیبان و هونەرمەندان لە هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان‌دا کۆڵەکەی پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و کلتووری کۆمەڵگاکەیانن، لە نەبوونی ناوەندەکانی سەربەخۆی هونەری و کلتووری، ئەوان قورسایی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە و ئەو بەربەرەکانییان لەسەر شانە و پێویستە بێ هەڵوێست نەبن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت