یەکەم کاردانەوەکان بۆ بایکۆتی جەواد زەریف لە لایەن ئامریکاوە

0
675

ڕۆژی کورد :
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، محەممەد جەواد زەریف بە یەکێک لە دەست و پاوانەکانی “مافیای خامنەیی” ناودەبات و جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی بایکۆت کردنی جەواد زەریف وەزیری کاروباری ڕژیمی ئێران بە نیشاندانی بەشێکی دیکە لە زۆرترین بایکۆت و گوشارەکان بۆ سەر ئێران ڕادەگەیەنێت.

سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣١ی تەمووز، وەزارەتی خەزانەداری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە هەنگاوێکی نوێدا و لە درێژەی زۆرترین گوشارەکان بۆ سەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی محەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتەی خستە ناو لیستەی بایکۆتەکانەوە. ئەم وەزارەتخانەیە بۆ سەڵماندنی ئەم هەنگاوەی خۆی ئەڵێت کە جەواد زەریف بە ناو و لە ژێر ڕکێفی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، عەلی خامنەیی دا چالاکی و هەڵسووکەوت دەکات. دەوڵەتی ئامریکا ماوەیەک پێش ئێستا عەلی خامنەیی ڕێبەری ئایینی ئەو وڵاتە و داراییەکانی و ڕێکخراوەکانی هاوپێوەندی لە گەڵ ناوبراودا بایکۆت کرد و خستیانە لیستی بایکۆتی نێودەوڵەتییەوە.
ئێستیوێن مێنۆچین وەزیری دارایی ئامریکا باسی ئەوەی کردووە کە جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران جێبەجێکاری بێ چوون و چرای ڕێنوێنییەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرەکیترین وتەبێژی ڕژیمە لە ئاستی جیهانیدا. بەرپرسانی ئامریکا ماوەیەک پێش ئێستا باسیان لەوە کردبوو کە لەوانەیە و بە ئەگەری زۆر محەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە بخرێتە لیستی بایکۆتەکانی ئامریکاوە.
لە بەرانبەردا جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕژیمی ئێران لە کاردانەوەی بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی بایکۆتی خۆی لە لاپەڕەی توییتێری خۆی لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت نووسیویەتی کە ئەم بایکۆتە هیچ کاریگەرییەکی نابێت لە سەر ژیانی رۆژانەی ناوبراو و بنەماڵەکەی چونکە ئەوان لە دەرەوەی وڵات هیچ دارایی و سامانێکیان نیە.
ناوەندی هەواڵنێری ئاڵمان (دی پی ئەی) ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١ی ئاگۆست بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە واشنتۆن هەنگاوی هەڵێناوە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری تەواوکەر سەبارەت بە بایکۆتی محەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن وەزارەتی دارایی و خەزانەداری ئامریکاوە. لەم هەواڵەدا ئەم ناوەندە هەواڵنێریە گۆڕانکاری ئاشکرای ڕێکاری ئامریکا لە هەمبەر جەواد زەریف ڕادەگەیەنێت. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە محەممەد جەواد زەریف لە ڕوانینی لێکۆڵەران و و ڕاڤەکارانەوە وەکوو سیاسەتوانێکی مامناوەند ناسراوە. ئەم ناوەندە هەواڵنێریە هەڵسەنگاندنی جان کەری وەزیری کاروباری دەرەوەی دەوڵەتی ئۆباما لە جەواد زەریف لە گەڵ هەڵسەنگاندنی مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی دەوڵەتی ترامپ لە ناوبراو پێکەوە بەرئاوەرد دەکات. جان کەری زەریف بە کەسێکی نیشتمان پەروەر ناودەبات، ئەمە لە کاتێکدایە کە مایک پۆمپێئۆ جەواد زەریف وەکوو وتەبێژی خامنەیی و بەڕێوەبەری سباسەتەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە دونیا دا دەزانێت.
پێشتر ئامریکا دوابەدوای بایکۆتی داراییەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئایینی ئێران لە مانگی حوزەیران دا باسی لە بایکۆتی محەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە کردبوو، بەڵام دوایە ئەوە باسی ئەوە هاتە ئاراوە کە بە پێی پێشنیار و ڕێنوێنی مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەم وڵاتە بایکۆتی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێرانی بە جۆری کاتی ڕاگرت. هەر لەو کاتانەدا ڕاڤەکاران و لێکۆڵەران لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە بایکۆتی وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕژیمی ئێران و یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی دانووستانەکانی ناوەکی ئەو وڵاتە دەست پێڕاگەیشتن بە ڕێگاچارەیەکی دیپلۆماتیک بەرتەسک دەکاتەوە.
وەزیری خەزانەداری ئامریکا ڕایگەیاندووە کە هەموو داراییەکانی جەواد زەریف لە ئامریکا دەستی بە سەردا دەگیرێت و بلۆکە دەکرێت و هیچ شارۆمەندێکی ئامریکایی مافی ساتووسەودای لە گەڵ ناوبراو و بنەماڵەکەی نابێت بەڵام وەک باسکرا زەریف بانگەشەی ئەوە دەکات نە بۆخۆی و نە هیچ کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی هیچ داراییەکیان لە ئامریکا نیە و خاوەنی هیچ حسابێکی بانکی نین لەو وڵاتە و تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، هەر بۆیە بایکۆتەکان هیچ دەرئەنجامێکیان بۆ ناوبراو نابێت. ئامریکا دوای بڵاوکردنەوەی بڕیاری بایکۆتی جەواد زەریف ڕادەگەیەنێت کە ئەمە بەشێکە لە بەڕێوەبردنی زۆرترین گوشار و بایکۆتەکان دژی ڕژیمی ئێران و ئەم بایکۆتانە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ڕژیمی ئێران گۆڕانکاری پێک بهێنێت لە ڕەفتار و هەڵسووکەوتانی دا لە ناوخۆ و لە ناوچەکەدا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.