یەکەم هەنگاوی کردەیی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تیرۆری دژبەرانی لە کۆیە ڕەنگی داوە/ وتووێژ لەگەڵ هەڵمەت مەعرووفی

0
1877

پاسدار حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی گشتیی سپای تیرۆریستیی پاسداران، ئەمڕۆ دووشەممە 10ی خەزەڵوەری 13955ی هەتاوی لە ڕێوڕەسمی وەبیرهێنانەوەی کوژراوانی ئیتلاعاتی سپا لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران لە ئورمیە، وێڕای تاوانبارکردنی ئەمریکا و ئیسراییل بە دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێران، ڕوو لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی گوتی: “ئێمە هیچ هێڵێکی سوورمان بۆ شوێن کەوتن و ڕاوەدوونانی دژبەرانمان نیە”.

پاسدار سەلامی ڕوو لە دژبەرانی ڕژیمی ئێران گوتی: “لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە بن، دەیانکوژین”.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

هەڵمەت مەعرووفی، ڕۆژنامەوانی کوردستانی خۆرهەڵات، بە ئاماژە بە هەڕەشەکانی جێگری فەرماندەی گشتیی سپای تیرۆریستیی پاسداران لەمەڕ تیرۆری دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەر شوێنێکی جیهان، لە لێدوانێک بۆ ڕۆژی کورد گوتی: “یەکەم هەنگاوی کردەیی کۆماری ئیسلامی ئێران کە وەک ماکەی تیرۆر و تیرۆریزم لە جیهان بە گشتی و خۆرهەڵاتی ناڤین بەتایبەتی، ناسراوە، لە دوای ئەو هەڕەشانە، لە قەڵای دێموکرات خۆی نواند، ئەو تیرۆرە هەر کەس یان کەسانێک کردبێتیان، بە پیلان و پارە و ئەمری ئێران بووە و ئەوەمان پێ ڕادەگەیێنێ کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە خولێکی نوێ لە تیرۆرەکانی لە هەمبەر چالاکانی کوردستانی خۆرهەڵات و حیزبەکانی کردۆتەوە و دڵنیاشم دوای تەواوبوونی شەڕی موسڵ و دەست ئاوەڵاتر بوونی ئێران و هاوپەیمان و گزیرەکانی، ئەو هێرشانە بەربەرینتر و جیاوازتر دەبنەوە”.

مەعرووفی لە درێژەدا ئاماژەی بە لیدوانی یەکێک لە کادرە پلەبەرزەکانی یەکێتی نیشتمانی لە ماڵپەڕی فەرمیی ئەو حیزبە دا و گوتی: “هێنانە ئارای باسێکی ئەوتۆ، جیا لەو ڕوخسارە ڕواڵەتی و دیارەکەی کە هەیەتی و سەرئەسپێدراویی تەواو و بێ ئەملاوئەولای بەشی سەرەکیی یەکێتیی نیشتمانی بە ئێران نێشان دەدا -کە پێویست ناکا باس لە مێژوو و نموونە بەربڵاوەکانی بکەم- ڕواڵەتێکی شاراوەشی هەیە کە هەموو کەس درکی پێناکات. بێژەری ئەو قسە و دەستە پشتی پەردەکانی گەرەکیانە بێژن، حیزبەکانی سەر بە تورکیە -کە ئەوان کوردانی خۆرهەڵات و پارتی دێموکراتی کوردستان وا پێناسە دەکەن- بە بکەری ئەو کردەوە تیرۆریستییە بناسێنن. ئاژاوە نانەوە و دووبەرەکی و تەنانەت دەست تێدابوونیان لە ئینشعاب و دابڕانەکانی جەستەی خۆرهەڵات، شتێکی تازە نیە و ئەوەش درێژەی ئەو حەوت خانەیانە.”.

ئەو ڕۆژنامەوان و چالاکە سیاسییەی کوردستانی خۆرهەڵات لە کۆتایی لێدوانەکەیدا باسی لە ڕێگا چارە کرد و گوتیشی: “هەموو کەس دەزانێ ڕێگاچارە چیە. لە کێ دەپرسن بۆتان باس دەکات. یەکگرتنەوە، یەکڕیزی و دەرچوون لە قۆناغی باشوورنشینی، تەنیا ڕێگا چارەیە. بەو شێوەیە هەم خەسارە ناوخۆییەکانی حیزبەکان و هەمیش خەسارە دەرەکییەکان، کەم دەبنەوە. حیزبەکان دەبێ لە ئێستاوە لێوەلەرزەی تەواوبوونی شەڕی موسڵ و داعشیان لێ بێ، بە کوردی، داعش ئەگە ربمرێ لە حیزبەکانی خۆرهەڵات دەمری، کەواتە باشتر وایە بۆ هەمیشە واز لە تەخت و بەختی باشوور بهێندرێ کە ئەوەش بەستراوە بە ئیرادە و مەیل و ئارەزووی سەرکردایەتییەکانی ئەو کاراوانەو لە دەسەڵاتی ئێمەی ڕۆژنامەنووس و خەڵکانی تر کە تەنیا بۆ دابڕان حیسابیان بۆ دەکرێ و بۆ یەکگرتنەوە بە هیچ وەرناگیرێن، بەدەرە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت