یەکەمین یەکەی سەربازیی ئەمریکا بە دژی هەڕەشەکانی ڕووسیە، گەیشتە لەهێستان

0
669

ڕۆژی کورد: چالاکی و کردەوەکانی ئەمریکا بە دژی ڕووسیە کە بەشێک لە چاوەدێرانی سیاسی هێناوەتە سەر ئەو بڕوایە کە ئەگەر هاتنە ئارای شەڕێکی تری جیهانی لە ئارا دایە، هەروا پەرە دەستێنێ. دوای ڕووخانی کۆمونیزم لە ساڵی ١٩٨٩ ـوە، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، یەکەمین یەکەمی سەربازیی ئەرتەشی ئەمریکا بە دژی هەڕەشەکانی ڕووسیە، گەیشتە لەهێستان.

هەواڵدەریی ئاسۆشتێدپرێس لە ڕاپۆرتێکدا لە وەرشەو لەمبارەوە نووسی: “سەربازە ئەمریکاییەکان کە بە تانک و ترۆمبیلە سەربازییەکانیانەوە لە سنووری ئاڵمانەوە چوونە ناو باشووری ڕۆژئاوای لەهێستان، لەلایەن خەڵکەوە کە بە ئاڵای ئەمریکاوە هاتبوونە پێشوازییان، بە گەرمییە پێشوازییان لێکرا”.

چەکدارەکانی ئەمریکا لە پایەگایەکی سەربازی لە گوندی زگان، جێگیر دەبن و بڕیارە سەرۆک وەزیرانی لەهێستان و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە لە ڕێوڕەسمێکدا، پێشوازییان لێبکەن.

ناردنی ئەو سەربازانە بۆ لەهێستان، بەشێکە لە هەوڵە بەربڵاوەکانی دەوڵەتی ئۆباما بۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانە ئوروپاییەکانی واشنگتۆن لە هەمبەر هەرەشەکانی ڕووسیە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە مسکۆ هەوڵی دا شێوەدووڕگەی کریمە بە خاکی خۆیەوە بلکێنێ و ئەوەش دڵەڕاوکێی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئوروپای لێکەوتەوە.

پەیوەندییەکانی واشنگتۆن و مسکۆ کە بە هۆی هەندێ پرسی وەک دەست تێوەردانی ڕووسیە لە قەیرانی ئوکراین و پێوەلکاندنی شێوەدووڕگەی کریمە بە خاکی خۆی و پشتیوانی لە بەشار ئەسەد، ئاڵۆز بوون، ئێستا لە نزمترین ئاستی خۆی لە دوای شەڕی سارد دایە.

ڕووسیە، جێگیرکردنی ئەو سەربازانەی لە لەهێستان، وەک هەڕەشە بۆ سەر تەناهیی نەتەوەیی خۆی، ناو بردووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت