یادێک لە شێوەکاری گەورەی کورد جەعفەر قازی و تابلۆکانی

0
1171
ڕەشید قازی
ڕەشید قازی

نووسینی: ڕەشید قازی

جەحفەری قازی، چەندین تابلۆی مەزنی هەیە کە شان لە شانی وێنەکانی پیکاسۆی شێوەکاری ناوداری ئیسپانییای دەدات. تابلۆی ئەسپەکان، فەڕشە ڕەنگینەکەی خەمڵاو بە گوڵە سوورەکان، تابلۆی زستان و کچی تەوەنکەر، ماسیەکان و تابلۆی خەج و سیامەند، بەشێک لە شاکارە مەزنەکانی ناوبراون کە لەگەڵ دەیان تابلۆی دیکەی هونەرمەند، چەکێکی دیکەیە بۆ دەربڕینی دەنگی کپکراوی گەلێک و ناساندنی کلتوور و فەرهەنگ و پێناسە و شوناسی نەتەوەکەی.

کاک جەعفەر هەر لەسەردەمی شای ئێراندا لە زانکۆ، کاتێک وەک تابلۆی ئەسپەکانی دەیهەوی ئازاد و ڕەها بێت، بۆ سەربەستیی نەتەوەکەی خەبات  دەکات و ساواک هەست بە چالاکییەکانی دەکات و لەگەڵ زۆربەی هاوڕێیانی دیکەی و بەتایبەتی کاک قاسمی قازی دەستبەسەر دەکرین و ڕەوانەی بەندیخانەی قزڵحەسار دەکرێن.

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و ئازادبوونی بەندیە سیاسییەکان و لە نێوچونی دەسەڵاتی شای ئێران، دۆخ بۆ کوردەکان خراپتر بوو. ئەگەر تا دۆینێ ئازار و ئەشکەنجە و بەندیخانە بەشی کوردەکان بوو ئێستا کوشتنی بە کۆمەڵ و بۆمباران و ڕاگەیاندنی حوکمی جیهاد و قەڵاچۆکردنی شار و گوندەکانی کوردستان و کپکردنی هەرچەشنە دەنگێکی مافخوازانە، دیاریی سەرەکیی حکومەتی تازە بەدەستەڵات گەیشتووی ئێران بۆ کوردەکان بوو.

جەعفەر، زۆری هەوڵ دا بگەڕێتەوە زانکۆ و درێژە بە خۆێندنەکەی بدات بەڵام بە تاوانی کورد بوون لە حکومەتی نوێشدا وەک بێگانە سەیری کرا و دەرگای زانکۆکانی لەسەر گاڵە درا. ناوبراو لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە دەستەڵاتی نۆی، دەسکەوتەکانی شۆڕشیان بەلاڕێدا بردووە و کودەتایان لە شۆڕشی گەڵانی ئێران کردووە، بۆیە  بڕیاری دا بە چەکێکی دیکە  کە چەکی هونەر بوو درێژە بە خەبات و وەدیهینانی باوەڕەکانی بدات.

کاک جەعفەر ڕووی کردەوە سەر هونەری شێوەکاریو  هەنگاو بە هەنگاو لە شێوازی کلاسیک و کۆپی هەڵگرتنەوە، خۆی دوورکردەوە و ڕووی لە شێوازێکی هاوچەرخ و خاوەن بڕیارو سەردەمیانە کرد و لەم پێیەدا چەند شاکاری گەورەی خوڵقاند کە چەند دانەیان لە یونوسکۆ تۆمار کراون.

16831620_10155479031491030_188206460_nتابڵۆی زستانەکەی لە شێوازی ئیمپێرسیۆنیسم دایە، واتە یەکەم هەڵگرتنەوەی هۆنەرمەندە لە سروشتێک کە جێ پێی ڕێبوارێکی تێدا بەرچاوە و ئەو جێ پێیە دەتوانێ هەڵگری پەیامێکی گەورە بێ، هەنگاو بەرەو ئامانجێک.

 تابڵۆی فەڕشەکەی لە شێوازی سورڕئاڵدایە و باس لە ئازادبوون دەکا، ئەگەر فەڕشەکە هێمای سوننەت بێ، فڕینی گوڵ و ….هێمای ڕەهایی و دەربازبوون لە شێوازی سوننەتییە.

تابڵۆی کچە تەوەنکەرەکەی، ئەو کچەی کە تەون دەکا، دیسان لە شێوازێکی سورڕئالدا پەیامێکی پەسامۆدێڕنی هەیە .

تابلۆی ماسێەکان.  ئەو ماسییانەی کە چیتر نایانهەوێ بخرێنە ژێر تانوپۆی شێوازێکی قەتیس.

تابلۆی ئەسپەکان. لە تابڵۆی ئەسپەکانیدا کە لە سەر بەستێنێکی سووردا هێندێک ئەسپ دەڵێی ڕەمییان کردووە و چاویان پڕ لە هەڕەشە و مەترسییە، تەواو باسی کۆمەڵگای خۆیەتی کە سەری لە هەموان شێواندووە.  چاوی هونەرمەند واتە کاک جەعفەر، لە چاوی دانە دانەی ئەسپەکاندا دەبینرێەوە …. لە هێندیک لە تابڵۆکانی دیکەشیدا وەکوو تابڵۆکانی خەج و سیامەند و تۆڵەی حەمزائاغاو….تاد، ئاوڕی داوەتەوە سەر فولکلۆر و ڕابردووی ناوچە وەک بەشێکی گرینگ لە پێناسە و شوناسی ئەم وڵاتە و ئەوانی لە شێوازی کلاسیکدا کار کردووە بەڵام گەڵاڵەکان هی خۆیەتی.

ژیانننامەی کاک جەعفەر:

لە ٣٠ ڕێبەندانی ساڵی ١٣٣٣ لە مەهاباد لە دایک بوو. خۆێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەم شارە تەواو کرد. لە ساڵی ١٣٥١ لە زانکۆی بابولسەر لە بواری ئابوریی سیاسی قەبووڵ بوو.

 لە درێژەی خوێندنیدا لەگەڵ جاوڵانەوەی چەپی ئێران ئاشنا بوو و بەهۆی لێهاتوویی، بەرپرسایەتیی کەرەج و قەزوێنی حیزبی تودەی پێ ئەسپێردرا. لە ساڵی ٥٤ لەلایەن ساواکەوە بەهۆی چالاکیی سیاسیەوە دەستبەسەر کرا و بە ١٢ ساڵ حوکم درا. پاش ٣ ساڵ و نیو لە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە بەندیخانە ئازاد کرا.

 ساڵی ٥٧ بە هۆی ناسینی شوناسی چەپ و نەبوونی باوەڕیان بە کێشەی نەتەوەیی بۆ هەمیشە ماڵئاوای لە حیزبی تودە کرد و پشتگریی جووڵانەوەی نەتەوەی-نیشتمانیی نەتەوەکەی کرد. دوو ساڵ دواتر زەماوەندی کرد و خاوەن دوو کوڕ و کچێکە.

ساڵی ٦٦ بە هاوکاریی مامۆستا هێمن ماوەی ١٢ ساڵ لە بنکەی ئەدەبیی سروە درێژەی بە چالاکیی ئەدەبی و هونەری دا. لەو ماوەیەدا ٢١٠ تابلۆی هونەری خوڵقاند و لە چەندین پێشانگەدا تابلۆکانی نمایش کران.

کاک جەعفەر هاوڕێ لەگەڵ مارف ئاغایی و ئەحمەدی قازی و دەیان کەسایەتیی دیکە خزمەتێکی بێ وێنەیان بە بواری فەرهەنگی و هونەری و ئەدبی و زمانەوانیی کورد کرد. سەرەنجام لە ڕێکەوتی ٢٥ـی رێبەندانی ساڵی ١٣٧٦ بە هۆی ڕووداوێکی گوماناوی لە ڕیگای ئوورمیە لەگەڵ مارف ئاغای و سەرتیپ مەنسووری لە کاتی گەڕانەوە لە سەرەخۆشیی مینا خاتوونی قازی، گیانیان لە دەست داو و مەرگ لەوەی زیاتر ئیزنی نەدان خزمەت بە ئەدەبی کوردی بکات.

لە ١٧هەمین  ساڵی کۆچی دوایی ئەو شێوەکار و پەیکارتاشەی کورددا، هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی کاک جەعفەر و هەموو ئەویندارانی ئەدەب و هونەری کوردی بێت و یادیان بەرز و ڕێگایان پڕرێبۆار بێت .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت