یادی شاخەوانی کۆچکردووی کورد”موقبل هونەرپەژوو”، بەرز ڕاگیرا+ژیاننامە

0
1116

ڕۆژی کورد: هەروەک پێشتر لە هەواڵەکانی ناوەندی ڕۆژی کورددا هاتبوو، بەپێی ڕاگەیێندراوی چالاکانی بۆکانی، ئەمڕۆ ئەمڕۆ هەینی، ٢١ خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، ژمارەیەکی بەرچاو لە شاخەوانان، چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و کۆمەڵێک لە گروپە شاخەوانیەکانی شارەکانی تری کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی “موقبیل هونەرپەژوو” شاخەوانی ناوداری کورد، لەسەر گڵکۆی موقیبل هونەرپەژوو، شاخەوانی کۆچکردووی کورد لە بەردەزەردی بۆکان کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕٶژی کورد لە بۆکان، ڕێوڕەسمی ئەمساڵی بەرزڕاگرتنی یادی “موقبل هونەرپەژوو” لە چاوا ساڵانی ڕابردوو، جیاوازییەکی بەرچاوی پێوە دیار بوو و ڕێژەیەکی زیاتر لە خەڵکی شارەکانی تری کوردستان و بەتایبەتی شاخەوانان، بەشداریی ڕێوڕەسمەکەیا کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ خەزەڵوەری 1395یش، گروپی ژینگەپارێزیی “وڵات” هاوکاری کۆمەڵێک لە ژینگەپارێزان و شارۆمەندانی ئەو بۆکان، بەمەبەستی ڕێزگرتن لە یادی ئەو شاخەوانە کوردە لە هەڵمەتێكی ژینگەپارێزی دا، ڕێگای کۆسە تا بەردەزەردیان “سەر گۆڕی موقبیل هونەرپەژو” خاوێن کردەوە.

موقبێل هونەرپەژوو‌ گەنجترین شاخەوانی سەرکەوتوو بە سەر لووتکەی “لۆتسە”، چوارەمین چیای بەرزی دنیا بە بەرزایی 8516 مەتر، لە شەڕ لەگەڵ بەفر و سەهۆڵدا سەرکەوتوو بوو، لە ڕووداوی “گاشر برۆم”یش ڕزگاری بوو بەڵام چارەنووسی وابوو کە لە بەردە زەردەی بوکان بکەوێت و لە 24ی گەڵاڕێزانی ساڵی 1386ی هەتاوی ماڵاوایی لە ژیان بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس: بە گوێرەی داتا پێشووەکان موقبێل هونەرپەژوو‌ لە 10ی پووشپەڕی ساڵی 1362ی هەتاوی لە بوکان و لە بنەماڵەیەکی 6 کەسیدا لەدایک بوو بەڵام “زۆبەیدە هونەرپەژوو‌” خۆشکی موقبێل بە ئێمەی ڕاگەیاند کە موقبێل لە 4ی جۆزەردانی ساڵی 1362ی هەتاوی لە دایک بووە.

موقبێل وەکوو هەر منداڵێکی دیکە ڕۆژەکانی بە یاری تێدەپەڕاند، بەڵام یارییەکانی جیاواز لە منداڵەکانی دیکە بوو، دایکی دەڵێت: لە سووچێک لە حەوشە و حەساری ماڵەکەدا، ژمارەیەک خشتی لەسەر یەک دادەنا و دەڕۆیشتە سەر. کاتێک کە پرسیارم دەکرد کە موقبێل چی دەکەیت؟ دەیوت: شاخەوانی. من دەمگوت شاخەوانی چییە؟ موقبێل وەڵامی دایەوە ئێوە نازانن، من خۆشم دەوێت.

موقبێل هونەرپەژوو‌ لە سەردەمی میرمنداڵیدا دوو ساڵ سەرقاڵی وەرزشی ڕەزمی کاراتە بوو بەڵام خۆشەویستی بە سروشت موقبێلی لەم وەرزشە دوور خستەوە و لە چیا نێزیکی کردەوە.
موقبێل لە ساڵی 1377ی هەتاوی و لە فەقرەقا لە شاری مەهاباد لەگەڵ گرووپێکی شاخەوانی ئاشنا بوو کەواتە چالاکییە شاخەوانییەکانی دەستپێکرد و پاش سەرکەوتن لەسەر چیاکانی دەڤەری شاری بۆکان لە بەرزاییەکانی سەبەلان، عەلەم کوو‌، ئەڵوەند و قەندیل سەرکەوت.
ئەم گەنجە بۆکانییە خوێندنی سەرەتایی لە بۆکان تەواو کرد و دواتر لە ورمێ چووە‌ زانکۆ، موقبێل هونەرپەژوو لە ساڵی 80ی هەتاوی و لە کاتی ئەنجامدانی پرۆڤە لە عەلەم کوو‌ لەگەڵ محەمەد ئەوراز ئاشنا بوو.
موقبێل لە قۆناغەکانی ئۆردووی هەڵبژاردەی شاخەوانی ئێران سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە حاڵێکدا کە تەنیا 17 ساڵ تەمەنی بوو، بووە ئەندامی هەڵبژاردەی ئێران و وەکوو گەنجترین ئەندامی هەڵبژاردە ناسێندرا.
ئەم شاخەوانە بوکانییە لە 8ی خاکەلێوەی ساڵی 81ی هەتاوی بە هاوڕێتی ئەو تیمە بۆ سەرکەوتن لەسەر لووتکەی 8516ی مەتری لۆتسە بۆ وڵاتی نێپاڵ ڕەوانە کرا.
هاوکات لە پووشپەڕی ئەو ساڵەدا، موقبێل لە حاڵێکدا کە تەنیا 18 ساڵ تەمەنی بوو بە هاوڕێتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێرانی ئەزموونی سەرکەوتنێکی بەنرخی لە لووتکەی لۆتسە بەدەستهێنا و وەکوو گەنجترین سەرکەوتووی لووتکەی لۆتسە ڕێزی لێگیرا و میداڵیای زێڕی جیهانی مسۆگەر کرد.
لە ساڵی 1382ی هەتاوی قارەمانی هەڵبژاردەی بوکان بە هاوڕێتی تیمی هەڵبژاردە بۆ سەرکەوتن لەسەر لووتکەی گاشربرۆم 1 بە بەرزایی 8068 مەتری لە وڵاتی پاکستان ڕەوانەی ئەم وڵاتە کرا، بەڵام ” موقبێل هونەرپەژوو‌” بە هاوڕێیی “محەمەد ئەوراز” لە 25ی خەرمانان تووشی ڕووداو بوون.
زۆبەیدە هونەرپەژوو‌ خۆشکی موقبێل سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە بە کوردپرێسی وت: بەهۆی خراپی کەش و هەوا و باری تەندروستی ئەندامانی تیمی هەڵبژاردە بڕیار دەرکرا کە بە تیروپشک دوو شاخەوان بۆ سەرکەوتنی بە سەر لووتکەکە ڕەوانە بکەن.
وتیشی: تیروپشکەکە بە ناوی ڕەحمەتی “محەمەدی ئەوراز” و “موقبێل” دەرهات و بەداخەوە 150 مەتریان مابوو بە لووتکەکه بگەن تووشی ڕووداو بوون و هاتنی هەرەس ئەوانی 600 مەتر فڕێ دا و بەخت لەگەڵ ئەواندا یار بوو که نەکەوتنە ژێر هەرەسەوە.
بەپێی لێدوانەکانی خۆشکی موقبێل، دوو ڕۆژ دەخایێنێت کە ئەندامانی تیمی هەڵبژاردە، “محەمەد ئەوراز” و “مو‌قبێل هونەرپەژوو‌” دەگوازنەوە بۆ بەرزاییەک کە باڵەفڕی سوپای پاکستان بتوانێت بنیشێتەوە.
محەمەد ئەوراز گیانی خۆی لەم ڕووداوە لە دەست دەدات و موقبێل بە سەختی بریندار دەبێت و پاش چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی شەفای ئیسلام ئابادی پاکستان بۆ ئێران دەگەڕێندرێتەوە و پاش تێپەڕبوونی 40 ڕۆژ لە ڕەزبەری 1382ی هەتاوی بەهۆی خوێنڕێژی لە مێشکیدا لە نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای ورمێ دەخەوێندرێتەوە.
لە ساڵی 1383ی هەتاوی تیمی هەڵبژاردەی گەنجان بە ئەندامێتی 15 کەس لە سەرکەوتنێکی بەنرخ بۆ لووتکەی ئارارات لە وڵاتی تورکیا سەرپەرشتی دەکات و ئەمە دوایین سەرکەوتنی موقبێل لە دەرەوەی وڵات تاکوو ساڵی 86ی هەتاوی بوو.
لە پاییزی 84دا دەستی بە کردنەوەی ڕێگایەک لەسەر دیواری 600 مەتری لە قەندیل کرد و لە کرماشانیشدا ڕێگایەکی لەسەر دیواری بیستوون کردەوە.

لە ئاکامدا موقبێل لە 15ی گەڵاڕێزانی 1386ی هەتاوی لە چیای بەردە زەردەی بۆکان لە کاتی ئەنجامدانی پرۆڤەی بەردەوانی تووشی ڕووداو بوو و داکەوت.

زۆبەیدە هونەرپەژوو خۆشکی موقبێل سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە دەڵێت: موقبێل بۆ مەشقپێکردن نەچووبووە بەردە زەردە و شتێکی تایبەت لەبارەی ئەم ڕووداوە بە ئێمە نەوترا تەنیا وتیان کە کارابینی موقبێل کراوەتەوە.

پاش داکەوتنی موقبێل لە بەردە زەرد، 9 ڕۆژ لە نەخۆشخانەی عارفیان ورمێ لە حاڵەتی غەیبووبەدا بوو و لە ئاکامدا ڕۆیشتە لای دۆستی دێرینی خۆی‌ “محەمەد ئەوراز”.

موقبێل هونەرپەژوو‌ بۆ هەمیشە لە داوێنی بەردە زەردە ئارامی گرت و 9 ساڵە کە بەردە زەردەی بۆکان بووەتە جێژوانی شاخەوانانی ئێران.‌

تێبینی: ژیاننامە لە کوردپێدیا وەرگیراوە.

photo_2016-11-11_16-55-58111120168photo_2016-11-11_04-05-31photo_2016-11-11_16-56-03photo_2016-11-11_16-56-0915037151_1731178770538809_7667539728497942980_nphoto_2016-11-11_16-56-01111120168photo_2016-11-11_04-05-31photo_2016-11-11_16-56-01

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت