گیانی محەمەد نەزەری کەوتۆتە مەترسییەوە

0
670

ڕۆژی کورد: محەممەد نەزەری، زیندانی سیاسی کورد کە هەنووکە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرج ڕاگیراوە و بە یەکێک لە لەمێژینەترین زیندانیانی سیاسی لە ئێران دادەندرێ، ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە گوازرایەوە بۆ بێهداریی زیندان.

ئەو زیندانییە سیاسییە تەمەن 44 ساڵەیە، پێشتر لە نامەیەکی دەستنووسدا کە لە میدیاکاندا بڵاو کرایەوە، باسی لەوە کردبوو کە “بەرپرسی بێهداری و پزیشک ڕەزامەندیان لەگەڵ چوونم بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان دەربڕیوە، بەڵام دادگا رێگری لە چارەسەریی من دەکات”

محەمەد نەزەری سەرەڕای چەندین داواکاری لە بەرپرسانی دەزگای دادەوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ راگواستنی بۆ زیندانی شارەکەی خۆی، بەڵام هەموو جارێ بێ وڵام ماوەتەوە.

لەو کاتەی محەمەد نەزەری لە سەردەمی سەرکۆماریی هاشمی رەفسەنجانیدا و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ێراندا کەوتە زیندان و لەو کاتەوە پێنج دەور “هەڵبژاردن”ی سەرکۆماری و شەش خولی “هەڵبژاردن”ی مەجلیس بەڕێوەچووە و چوار کەسی جیاجیا دەسەڵاتی “دادەوەری”ی حکوومەتی ئیسلامییان بە دەستەوە گرتووە و سەرەڕای نوسینی نامە بۆ بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی لەمەڕ پێکهێنانی دادگایەکی عادڵانە، هەتا ئێستا وەڵامی نەدراوەتەوە.

ناوبراو لە کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا (94) لە وتوێژێکی تەلەفۆنیدا بە ڕادیۆ زەمانەی راگەیاندبوو، دەزگای ئیتلاعات تەنیا بە مەرجی پەشیمان بوونەوەم لە ئەندامەتی حیزبی دێمۆکرایدا، مافی ئازادیم پێ ئەدەن.

محەمەد نەزەری، کوڕی حەمدوڵڵا و خەڵکی سایین قەڵا لە ئوستانی ورمێیە و بە یۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتدا حوکمی لەسێدارەدرانی بۆ بڕایەوە و لە ساڵی 78دا ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەنووکە ماوەی 22 ساڵە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندایە.

حەسەن رۆحانی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاندبوو، کە زیندانەکان بەتاڵ و زیندانیان ئازاد دەکا، بەڵام بەپێی دوایین ڕاپۆرتی وتەبێژی هێزی ئینتزامی کە رێکەوتی 24ی رەشەممە بڵاو بوویەوە، 110 کەسیان بە تۆمەتی ئەندامەتیی لە حیزبە کوردییەکاندا دەستبەسەر کردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.