گۆڤاری فارین پالیسی: دێمیرتاش دڕکی چاوی ئەردۆغانە

0
546

گۆڤاری فارین پالیسی ساڵانە لیستێکی ۱۰۰ کەسی لە ناوی ئەو کەسایەتییانە بڵاو دەکاتەوە کە لە سەر مەسەلە سیاسی و ئابوورییەکان کاریگەرییان هەبووە و بۆ هەر کامەیان نازناوێک هەڵدەبژێرێ. ئەمساڵ لە ناو ئەو لیستەدا ناوی کەسایەتییەکی کوردیشی تێدایە کە سەلاحەدین دێمیرتاشە. فارین پالسی لەبارەی دێمیرتاشەوە نووسیویەتی ئەو “رێگر بووە لە بەردەم حەز و خولیاکانی ئەردۆغان” و بەو هۆیە ناوبراوی هەڵبژاردووە وناوی لە لیستی ۱۰۰ کەسی ساڵی ٢٠١٥ دا بڵاو کردۆتەوە.

ئەو گۆڤاری ئەمریکییە لە بەشی ناساندنی ئەو سیاسەتمەدارە کوردەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دێمێرتاش دڕکی چاوی ئەردۆغانە، ئەو مافناسێکی تەمەن ٤٢ سالە کە سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی گەلان هادەپ لەئەستۆیە کە لە هەڵبژاردنەکانی ژۆئەنی ٢٠١٥ ئەو پارتە توانی ژمارەیەکی بەرچاو لە کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست بێنێ، بەشێوەیەک کە پارتی داد و گەشەپێدان ئاکپارتی بە رێبەرایەتی ئەردۆغان نەیتوانی زۆرینەی کورسییەکان بەدەست بێنێ.

فارین پال لە درێژەدا نووسیویەتی پارتی دیموکراتی گەلان بەسەرۆکایەتی هاوبەشیی دێمیرتاش توانیویەتی کە لە سەرووی مەسەلەی کوردەوە هەنگاو هەڵباوێ و پلاتفۆرمێک بۆ هاوکێشەکانی دیکەی تورکیە پێک بێنێ و ئاماژەی بەوە کردووە کە کە دێمیرتاش بوو بە هۆکاری ئەوەی کە هادەپ لە ناو تورکیە خوشەویست بێ و بەتەنیا پارتی کوردەکان نییە، بەڵکوو نوێنەرایەتی ئازادیخوازی لە سەرانسەری تورکیە دەکا. مافی ژنان و هاوڕەگەزەکان، ژینگەپارێزی و ڕووبەڕووبوونەوە دەگەڵ سەرەڕۆییەکانی ئەردۆغان و هتد… . کاتێ ئەردۆغان هەوڵیدا کە دێمیرتاش وەک کەسێک بناسێنێ کە لایەنگری لە رێکخراوێکی تیرۆریستی دەکا، و لە [گەمەی سیاسەت و هەڵبژاردن] بیخاتە دەرەوە، ئەو سیاسەتمەدارە تازە پێگەیشتووە توانی هادەپ وەک هێزێک لە نێوان دەوڵەتی تورکیە و پارتی کرێکارانی کوردستان دەربخات. روانینەکان و کاریزمایی کەسایەتی و زانایی دێمیرتاش وایکرد کە لە ڕاگەیەندنەکاندا نازناوی “ئۆبامای کوردان” ی بۆ بەکار بێنن، ئەو توانی خۆی بخزێنێتە ناو سیاسەتی تورکیە، پێدەچێن دێمیرتاش دەیەوێ خەباتی خۆی دژی سەرەڕۆییەکانی ئەردۆغان لەوێوە درێژە پێ بدات.

گۆڤاری فارین پالیسی لە کۆتایی ناساندنەکەدا ئاماژە بە ژەنیاربوونی دێمیرتاش دەکا و نووسیویەتی “دێمیرتاش ژەنیاری سازە و ئەردۆغان هەوڵیدا ژەنیاربوون و گۆرانی گوتنی دێمیرتاش لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا وەک خاڵی لاوازی دێمیرتاش بەکار بێنێ و بۆ ئەو مەبەستە ناوی “پاپ ستار”ی لەسەر نا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

گۆڤاری فارین پالیسی دوومانگنامەیەکی ئەمریکییە کە سامۆئیل هانتیگتۆن، بیرمەند و لێکۆڵەری زانستە سیاسییەکان لەساڵی ۱۹۷۰ زایینی دا دامەزرێنەری بوو. ئەو بڵاوکراوەیە لە ساڵەکانی ۲۰۰۳، ۲۰۰۷ و ۲۰۰۹ توانیویەتی خەڵاتی نەتەوەیی ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا بەدەست بێنی و لە ئێستادا “کۆمپانی واشێنگتۆن پۆست” ئەرکی وەشانی ئەو گۆڤارەی لە ئەستۆیە. لەم گۆڤارەدا وتار و بابەت لە بواری سیاسەتی جیهانی و ئابووری و هزر و ئەندێشە بڵاودەکرێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت