کەمپەینی “نا بۆ تێکدانی مەزارگەی ناودارانی کورد” لە ڕاگەیێندراوێکی توندا، ناڕەزایەتیی خۆی لە گۆڕانکاریی گڵکۆی شاعیرانی مهاباد ڕاگەیاندەوە

0
865

ڕۆژی کورد: کەمپەینی “نا بۆ تێکدانی مەزارگەی ناودارانی کورد” لە ڕاگەیێندراوێکی توندا، ناڕەزایەتیی خۆی لە گۆڕانکاریی گڵکۆی شاعیرانی مهاباد ڕاگەیاندەوە و داوا دەکەن گۆڕانکارییەکان بەپێی داواکارییە ڕەواکان ئەنجام بدرێت و چیتر چەواشەکاری نەکرێت و گەمە بە هەست و سۆزی نەتەوەیی کورد نەکرێ.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە بەو شێوەی خوارەوەیە:

پاش ئەوەی کە بەناوی نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی گردی شاعیران و هونەرمەندانی مەهاباد دەست‌بردرایە شووناس و کەسایەتی نەتەوەیی، ئەدەبی و هونەری ئەو ناودارانە، دەنگی ناڕەزایەتی و ڕەخنەی چالاکانی مەدەنی، کولتووری و هونەری بەرزبۆوە و هەر ئەو ڕەوتەش بوو بەهۆی ئەوەکە لەوەها دۆخێک‌دا کەمپەین بۆ پشتیوانی لە ڕەخنە و ناڕەزایەتیی چالاکانی مەدەنی، کولتووری و هونەری سەری هەڵدا.

 ئەو کەمپەینە لە پاش دەنگ هەڵبرین و مشتومڕێکی بەربڵاوی لۆژیکی و عەقڵانی لە کۆتاییدا توانی ئەو ڕاستییە بسەلمێنێ کە ئەوەی لە گڵکۆی شاعیران و هونەرمەندانی مەهاباد ڕووی داوە، خەسارو هەڵەیەکی گەوەرەیە و ناڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی خزمەت بە ویستی پاوانخوازانەی دەسەڵات و بەکردەوەیەکی نانەتەوەییانە پێناسەی بۆ کرد.

لە ڕێکەوتی ١٥/٨/١٣٩٥ شۆڕای شاری مەهاباد بە بانگهێشت کردنی نوێنەرانی بنەماڵەی ئەو ناودارانەی کە لە گڵکۆی شاعیران و هونەرمەندان نێژراون، هەوڵیدا بگاتە ئاکامێک و گوێبیستی بۆچوون و دەنگی ئەو بنەماڵانەش بێ لەسەر ئەو دۆخەی هاتۆتە ئاراوە.

 لەپاش بیستنی ڕا و بۆچوونی بنەماڵەکان، شۆڕای شار بە کۆی دەنگ گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە بەیاننامەیەک بڵاو بکەنەوە و لەخاڵی یەکەمی بەیانننامەکەدا بەڕوونی ئاماژە بەوە بکەن کە:

 (تەواوی نووسراوە و وێنەکانی پێشوو لەسەر کێلە نوێنەکان و هەروەها بەردی سەرسینگەکان لەسەر مەزارەکان دابنێننەوە، هەتا ئەو جێیەی دەگونجێ نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکانی بنەماڵەکان لەبەرچاو بگیرێت، کێل و بەردەکانی پێشووش لە سەرای مامۆستا هێمن‌دا پارێزراوبن.)

پاش بڵاو بوونەوەی ئەو پەسەندکراوەی شۆڕای شاری مەهاباد، چالاکانی مەدەنی، کلتووری، فەرهەنگی و کەمپەین خۆشحاڵ بوون بەوەی کە دەنگی ڕەخنەی ڕەوا و لۆژیکی ئەوان لەلایەن بەرپرسانەوە بیستراوە و بەپیر دەنگیانەوە هاتوون، بەڵام بەداخەوە بڵاوبوونەوەی یەکەم وێنەکان لە ئاڵوگۆڕیی تازەی مەزاری ئەم ناودارانە بوو بە هۆی نیگەرانی و دڵگرانیی بەربڵاوی چالاکان و کەمپەین. بەداخەوە ئەوەی لە وێنەکاندا خۆ دەنوێنن ئەوەیە کە نەتەنیا ئەو گاشەبەردانەی کە وەک کێل دانداربوون لانەبردراون، بەڵکوو تەنیا بەردی سینگێکی زۆر جیاواز، ناڕێک و نەگونجاو لەباری فۆڕم و ڕەنگەوە لەگەڵ گاشەبەردەکانی جێگای ڕەخنەی پێشوو داندراوەتەوە، بە جۆرێک کە دیمەنێکی یەکجار زۆر دزێو و ناشیرینی ساز کردووە و بۆتە هۆ ومایەی سەرسووڕمانی چالاکان.

ئێمە وەک کەمپەین جارێکی تر دەنگی ڕەخنە و ناڕەزایەتیی توندی خۆمان لەو کردەوە نەشیاو و نابەرپرسانەیەی شۆڕای شار و هەیئەت ئوومەنای گڵکۆی شاعیران و هونەرمەندان دەردەبڕین و ئەو کردەوە دزێو و ناحەزە بە لاسارییەکی ناشیرینی هەیئەت ئوومەنا و شۆڕای شار پێناسە دەکەین کە تەنیا و تەنیا بە مەبەستی وەڵام نەدانەوە و بەپیر دەنگ و ڕەخنەی ڕەوای چالاکانەوە نەهاتن، ئەنجامدراوە.

کەمپەین زۆر بە توندی ئەو کردوە دزێوە مەحکووم دەکات و داواکارە بە زووترین کات، شۆڕا و هەیئەت ئوومەنا بگەرێنەوە سەر ئەسەڵی پەسەندکراوەکەی دانیشتنی شۆڕا لەگەڵ بنەماڵەی ناودارەکانی ئارامگرتوو لە گردی شاعیران و هونەرمەندان.

کەمپەینی نا بۆ تێکدانی مەزارگەی ناودارانی کورد

#نا_بۆ_تێكدانی_مەزارگەی_ناودارانی_كورد

2016/11/27

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت