کەماڵ ماوەتی و دەوری لە پیلانگێڕی بە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات/ با یەکێتی وڵام بداتەوە

0
4490

کومیتەی خستنەڕووی ڕاستییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد

ئەوەی ڕاستی بێ، ماوەیەکی بەرچاوە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لەسەر “کەماڵ ماوەتی” و چەند کەسی ترین کە جارێ بەپێی هەستیاربوونی باسەکە و ئامانجی تایبەتیمان، ئاماژە بە ناویان ناکەین بەڵام بە هۆی لەبەردەستدابوونی بەڵگەی چڕ بۆ سازدانی پیلانی ڕۆژی هەینی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاویی دەڤەری باڵەکایەتی بە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەژێر ناوی “کوژرانی دوو برا” و بە مەبەستی جێبەجێ کردنی پیلانی ئێران بۆ “پاشەکشە پێکردن بە هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەکان”، ڕاشکاوانە باس لە خودی پیلانەکە و داڕێژەری سەرەکیی ئەو پیلانە و بەشێک لە جێبەجێکارەکانی دەکەین.

کەماڵ ماوەتی خەڵکی ماوەتی باشوور کە خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی و بەتایبەتی دانیشتووانی شاری چۆمان بە ورد و درشتەوە بە باشی دەیناسن و دەزانن کێیە و چی دەکرد و تا ئێستاش لە هەر کەسی ئەو شارە بپرسی بە ئاشکرا باسی کەماڵ ماوەتیت بۆ دەکا، سەردەمانێک یەکێک لە ئەندامان و نزیکانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی بووە و ئێستا لە شاری ئورمیە و لە ناو ماڵە سازمانییەکانی قەرارگای حەمزە دەژی و خەریکی جێبەجێ کردنی پیلان و داڕشتنی پلان بە دژی کورد و کوردستانە.

کەماڵ ماوەتی، لە نەوەدەکان کە بەرانبەر بوو بە تیرۆر و ڕفاندنی پێشمەرگە و ئەندامەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەلات و جیا لە تیرۆرکرانی نزیک بە سێسەد کەس لە ئەندام و پێشمەرگەکانی حیزبەکان کە ٢١٦ کەسیان لە ناوەندی ڕۆژی کورد ناویان تۆمار کراوە، کەسانێکی زۆریشی بە زیندوویی ڕادەستی ڕژیمی ئێران کردەوە.

کەماڵ لە نەوەدەکان بەڕواڵەت لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی نێوانی تێکدەچێ و تەنانەت بە دژیشیان وەستاوە کە بەپێی بەڵگە بێ ئەملاوئەولاکان، ئەوە گەڵاڵە و پیلانێکی بەشێکی بەرچاو لە سەرکردایەتیی یەکێتی بوو و بەم جۆرە توانیان دەوری خۆیان لە خزمەت بە ئێران، خیانەت بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و وەرگرتنی پارە و یارمەتیی سەربازی لە ئێران بگێڕن. مەلا بەختیار، ئەگەر ئەم بابەتەی بکەوێت بەر دەست، باش لە مەبەستی ئێمە کە کارمان تەنیا دەرخستنی ڕاستییەکانەو بەوپەڕی دەست ڕۆیشتوویی لە ناو جەرگەی داگیرکەردا بەڵگەکان دەخەینە ڕوو، تێدەگات. کاک نۆشیروانیش کە نەماوە و بە دڵنیاییەوە ئەو بابەتەی ناگاتە دەست ئەگینا ئەویش باش تێدەگەیشت. هەڵبەت دڵنیاین لەوەی کە کاک سەعدی ئەحمەد پیرەش باش باش لە مەبەستمان تێدەگات و بزەیەکیشی لەسەر لێوان دەنیشێت.

کەماڵ ماوەتی، دوای تۆرانە ڕواڵەتییەکەی لە یەکێتی و چونی بۆ ئێران، جارێکی تر بەپێی پیلان و بەرنامەی پێ ئەسپێردراوی، دەگەڕێتەوە چۆمان و جەماعەتێکیش کە بە ڕواڵەت لە یەکێتی جیا بوونەوە، لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و تیمێک ساز دەکا کە هەرچەند لە ڕواڵەتدا لەگەڵ یەکێتی زیزین و دوژمنن بەڵام لە ژێرەوە بە ئاگادریی تەواو و بێ ئەملاو و ئەولا لەگەڵ بەشێک لە سەرکردایەتیی یەکێتی، پیلانەکان بە دژی خەباتی ڕۆژهەڵات جێ بە جێ دەکەن،

ئەو تیمە کە لەلایەن کەماڵ ماوەتییەوە پێکهاتبوون و ئێستاش بەشێکی زۆریان ماون و کەم تەمەنترین ئەندامیشیان ئێستا تەمەنی ٤٢ ساڵانە و هەر لەو دەڤەرە نیشتەجێیە و شایەتی ئەم باسەیە، لە شوێنی جیاجیا خێوەت هەڵدەدەن و بە پیلان و گەڵاڵە، پێشمەرگە و ئەندامی حیزبەکان دەستبەسەر دەکەن و ڕادەستی ئێرانیان دەکەنەوە و پارە وەردەگرن و یارمەتیش بۆ یەکیەتی کۆدەکەنەوە و نێوبژیوانیی ئێران و یەکیەتی دەکەن.

کەماڵ جارێکی تر و دوای ماوەیەکی زۆر لە پیلان، نزیک بە کۆتایی نەوەدەکان دەگەڕێتەوە ئێران و ئێستا لە خانووە سازمانییەکانی قەرارگای ڕەمەزان لە ئورمیە دەژی و بەردەوام خەریکی پیلانگێڕییە و پیلانی ڕۆژی هەینی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاویش، کە خەڵکانێکی سادە و عەشیرەدۆست بێ ئەوەی بیر لە هیچ لایەنێک بکەنەوە، بە بێ تێگەیشتن لە پیلانی ژێربەژێری کەماڵ ماوەتی و  لوقمان وەردی،  بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە چۆمان و چەندین بەرپرسی تری یەکێتی لە ڕانیە و سلێمانی و دوو کەس لە ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی کە لە سەرەوە ئاماژە بە ناوەکانیان کرا و هەروەها دوو کۆلکە مەلای ئەو ناوچەیە کە تا ئێستاش خوێندەواریی ئایینیان تەواو نەکردووە و لەوە تێنەگەیشتوون کە بەپێی شەرعی پیرۆزی ئیسلام، تاوانە تەرمی مردوو بە نەنێژراوی بمێنێتەوە، هەڵیانکوتایە سەر پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات و بنکە و مەقەرەکانیان ئاگر دان و چەند کەس و لەناویاندا چوار پێشمەرگەی کچیشیان بە دیل گرت و ئێستاش بێ ئەوەی بزانن چی بە چیە و ئەو هەرایە لە کوێوە سەریگرتووە، داوای ئەوە دەکەن کە ئەگەر پێشمەرگەکان ئەو ناوەندە چۆڵ نەکەن ئەوا خۆیان قەڵاچۆیان دەکەن و بە دانانی پێشوەختەی بۆتڵێک ویسکە کە ڕوونە بە شێوەی عەلاگە و دانانەکەی و دۆزینەوەی وا بە سانایی، هەر لەلایەن هێرشکەرەکانەوە و بۆ بزواندنی هەستی ئایینی ئەو خەڵکە لەوێ داندراوە، هەستی خەڵکیان بریندار کردووە.

زانیارییەکانی ئێمە بە وردی، وەک پێشتریش لە ناوەندی ڕۆژی کورد بڵاو کراونەتەوە و تا ئێستاش لە رێگای جیاجیا و بە پەیوەندی بە سەرچاوەی بڕواپێکراوەوە پێمان گەیشتووە و دەستمان خستووە، باس لەوە دەکەن کە تەقەکان لە ناو خودی سەیارەکەدا کراون و بکوژ، هەمان کەسی سایق یان شۆفیرە و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دوای تەقەی هەوایی، بۆ پاراستنی خۆیان تەقەی تریشیان لە ترۆمبیلەکە کردووە.

ئەوەی جێگەی سرنجە، پێداگریی یەکێتی هەم لەڕاگەیێندراوە دوژمنکارانەکەیان، هەم لە میدیا و ڕاگەیێنەکانیان و هەم لە دەم کۆلکە مەلاکانیان و هەمیش لە لایەن  لوقمان وەردی،  بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە چۆمان، تەنیا یەک ئامانجی هەیە، ئەویش ڕاسپاردەی ئێرانە و حاشاهەڵنەگرە کە باس لەوە دەکەن دەبێ ئەو مەقەرانە نەمێنن و پێشمەرگەکانیش بە دز و جەردە و چەکدار ناو دەبەن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ساڵی ڕابردوو و بەپێی ئەو ڤیدیۆ و ڕاپۆرتانەی کە لە خودی ئێن ئار تی کە ئێستا بە نیازی بشێوی نانەوە بە دژی گشتپرسییە و ئەو هەلەی قواستووەتەوە، خەڵکی ئەو ناوچەیە دەیان جار باسیان لەوە کردووە کە پێشمەرگەی حیزبەکان هیچ شتێکیان بە بێ پارە لێ وەرنەگرتوون و ئاسایشیان گەڕاندۆتەوە ئەو ناوچەیە و باجێکی زۆر کە پێشتر لێیان ئەستێندراوە ئێستا ناچار بە دانی نین.

مخابن دەبێ ئەو ڕاستییە ئاشکرا بکەین کە ئەو چوار کەسەی کە بیانوویان بە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە گرتووە، بڕیار بووە هەر کام دوو دەفتەر دۆلار وەربگرن و تەنانەت یەکیان کە کوژراوە بە نیاز بووە پێشمەرگەکان بکوژێ و تەرمەکانیشیان ڕادەست بکاتەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، کەماڵ ماوەتی لەلایەن قەرارگای ڕەمەزان، کاتژمێر یەک و نیوی دوا نیوەڕۆ لەلایەن فەرماندەی قەرارگاکەوە بانگهێشت کراوە کە لە بانگهێشتەکەدا، نزیک بە ٢٥ کەس بەشدار بوون و ڕێزی لێ گیراوە و لە خۆشیی ئەم سەرکەوتنە جەژنیان گرتووە کە دەنگی کۆبوونەوەکە لەلامان پارێزراوە کە بە هۆی پارێزرانی گیانی سەرچاوەکە، بڵاوکردنەوەی ڕادەگرین بۆ ئاڵووگۆڕی لە دۆخی ئێراندا.

لە هەمان کاتدا، دەزگا هەواڵگرییەکانی یەکێتیی نیشتمانی بەوپەڕی ویژدانی کوردانەوە دەتوانن چاو لە پێوەندییەکانی ئەمرۆ کاتژمێ ١١ی بەیانی و ٣ی دوانیوەڕۆی  لوقمان وەردی،  بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە چۆمان و مەڵبەندی یەکێتی لە ڕانیە بکەن و شوێنی هەڵگرن کە لە هەر کاتێکدا چەند خولەک لەگەڵ قەرارگای ڕەمەزان لە ئورمیە قسە کراوە.

خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی:

ئێوە مێژوویەکتان هەیە لە بەرخۆدان، لە کوردایەتی، لە نەسرەوتن و بەردەوامیش خۆتان لەگەڵ کوردانی ڕۆژهەڵات بە خزم ناسیوە، ئێوە پشتیوانی خەباتی هەر سێ پارچە بوون و خۆشتان لە کاتی بێ دەرەتانیدا، ڕۆژهەڵاتتان بە ماڵی خۆتان زانیوە، چما ئێوە وەها ساکارانە دەبنە دەستەچیلەی ئاگری نەیارانی کوردستان و کوردفرۆشان؟

خەڵکی چۆمان:

ئێوە کەماڵ ماوەتی و پیلان و ناکوردایەتییەکانی باش دەناسن، تکایە ئێوە بۆ؟ ئێوە بۆچی وەها کەوتوونەتە ناو گێژاوی پیلانی نەیارانی کوردستان؟ ئاستی ڕووناکبیری لە ناو چۆمان شان بە شانی ڕۆژهەڵاتە، هەستی نەتەوەیی لەم شارە شان بە شانی مهابادی قازی ـیە، ئێوە بۆچی وەها بێ ئەندێشە و هزر، بوونەتە کەرستەی یاریی دژبەرانی خەباتی کوردستان و ئەرکی مێژوویی خۆتان لەبیر چووەتەوە؟

هیوا دەخوازین هەموو لایەک بیر بکەنەوە و ئەوەش بزانن مێژوو لەسەرمان دەنووسێ و بۆی هەیە، ئێمەش ئێستا و هەر ئەو خولەکە ببین بە مەلای خەتی و کوردفرۆشێکی نەخوازراو.

 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت