کەسێکی هەژاری سنەیی لە برسێتیان هەوڵی خۆکوشتنی داوە

0
719

کەسێکی هەژاری نیشتەجێ لە یەکێک لە گەڕەکە هەژارەکانی شاری سنە، لە برسێتیان و بێ دەرەتانی لە پەیدا کردنی نان بۆ ژەمێک خواردن هەوڵی داوە خۆی بکووژێ.
بەپێی هەواڵێکی کورد تودی، پیاوێکی دانیشتووی گەڕەکی کانی کووزەڵەی شاری سنە لە برسێتیان و لە بێ دەرەتانی ئەوەی کە نەیتوانیوە نان بۆ ژەمە خواردنێکی پەیدا بکا، هەوڵی داوە خۆی بداتە بەر ماشێن و کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ. ئەو پیاوە پێش ئەوە کە هەوڵی خۆکوشتن بدا، زۆر فەقیرانە و لە ئاو هەوایەکی سارد و بەفراوی دا، بۆ کۆڵانەکان دا رۆیشتووە و لەدەرگای ماڵانی داوە تا بەڵکوو کەسێک نان یا پارەی بەشی ژەمەنانێکی پێ بدا.
بە وتەی خەڵکی گەڕەکەکە، ئەو کەسە هاواری کردووە و پاڕاوەتەوە تا خەڵک یان نانێ پێ بدەن یان ئەوە کە پووڵی بدەنێ، بتوانێ نان بکرێ، چونکە توانای زیاتر برسێتی نەماوە.
هەر بە وتەی شایەتحاڵەکان، ئەو پیاوە بە رادەیەک برسی بووە کە توانای رۆیشتنی نەماوە و لە ناوەڕاستی جادە دانیشتووە و داوای شۆفێری ماشێنەکان کردووە تا بەڵکو وەبەر ماشێنی بدەن و کۆتایی بە ژیانی بێ.
لە کۆتایی دا خەڵکێک کە لە دەورووبەری ئەو کەسە کۆبوونەوە، یارمەتی دەکەن و نانیان پێداوە تا ئەو کەسە لە برسێتی نەجاتی بێ.
ئەو رووداوە لە کاتێک دایە کە ئیدارەی بێهزیستی شاری سنە، بێ ئاگایی خۆی لەو رووداوە نیشان داوە و ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەو بارەوە بدا.
بە هۆی باروودۆخی نالەباری ئابووری ئێران، هەزاران کەس لە برسێتی و بێ دەرەتانی بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیانیان بە سەر دەبەن. ئەوە لە کاتێک دایە کە لە کوردستان دا ئەو باروودۆخە ئابوورییە بە هۆی سیاسەتی ئەمنیەتیی و هەوڵنەدان بۆ پێشنەکەوتنی ئابووری کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکە چەند بەرابەرە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت