کەسایەتیەکی ئاکادمیکی کوردی دەڤەری موکریان کۆچی دوایی کرد

0
953

“محەممەدساڵح ئیبراهیمی” ناسراو بە “شەپۆل”، کەسایەتیی ئاکادمیکک و نوسەر، وەڕگێر، لێکۆڵەر، و مامۆستای زانکۆ؛ و هەڵگری بڕوانامەی دوکتور لە شاری مهاباد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، کۆچی دوایی کرد.

 ڕۆژی کورد: شەپۆل، کوڕی خوالێخۆشبو مەلا ئیبراهیم، کوڕی عارفی ڕەبانی حاجی خەلیفە مەلا محەممەد، ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر لە شاری مەهاباد لەدایک بوو و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هه‌تاوی لە تەمەنی ٨٥ ساڵان لە دوای ماوەیه‌کی کورت ململانێ لەگه‌ڵ نه‌خۆشی له تاران کۆچی دوایی کرد و بڕیاره له شاری مەهاباد به خاک بسپێردرێ.

لە سەرەتای منداڵیەوە و بەپێی ئایینی بوونی بنەماڵەکەی و شیوەی پەروەردەی ئەو کاتی، دەستی کرد بە خوێند لە حوجرەکان و دواتر مەلایەتی تەواو کرد و  ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی بووەتە وتاربێژ و پێشنوێژی خانقای نەهری و لە هەمانکاتدا بووەتە مودەریس لە مزگەوتی سوور.

بەڵام ئەوە نەیتوانی تینوایەتیی شەپۆل بە خوێندن و زانین و فێربوون بشکێنێ، هەر بۆیەش شاری مەهاباد و وانەوتنەوەی لە مزگەوت جێ هێشت و چوو بۆ تاران و لەوێ درێژەی بە خوێندن دا و و تا قۆناغی دوکتورا و دکتورای باڵای لەم زانکۆیەدا تەواو کرد و پاشان بوو بە مامۆستای زانستە دادوەریەکان لە زانکۆی تاران.

مامۆستا شەپۆل ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی هاوکاری لەگەڵ ڕادیۆ کوردی تاران دەست پێ کرد و چەندین وتار و نوسراوەی لە بابەت کلتور و زمانی کوردی پێشکێشی کۆمەڵگای کوردی کرد و تا ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە ڕادیۆ کوردی تاران بەردەوام بوو.

مامۆستا شەپۆل ٣٥ بەرهەمی لە چاپ دراوی هەیە کە هەر یەک لەم بەرهەمانە گەنجینەیەکی تایبەتن بۆ دەوڵەمەندیی هەرچی زیاتری کتێبخانەی کوردی کە بەشێکیان بریتین لە: “وەڕگێرانی قورئان بە زمانی کوردی، ڕاپەڕینی ژەنڕاڵ مستەفا بارزانی ڕابەری کەبیری کورد، گەنجینەی فەرهەنگ و زانست، زانایانی کورد، کۆبانی، باوی کۆمەڵایەتی، ژنانی کورد لە مێژوودا”.

محەمەدساڵح ئیبراهیمی، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی زمان و فەرهەنگی کوردیش بووە و لەو بوارەشەوە خزمەتگەلێکی فرە بەرچاوی بە زمانی کوردی کردووە.

بە بۆنەی خزمەتە بەرچاوەکانیەوە، چەندین خەڵاتی شانازی لە کۆڕە ئەدەبێکان پێشکەشی کراوە کە یەکێک لەخەڵاتە هەرە گرنگەکان خەڵاتی ساڵیادی شەهیدانی هەڵەبجە بوو و هەروەها میداڵی شانازیی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخانی بەرە و ئازادیی ڕۆژنامەنیگاری کوردستان بە ناوی خەڵاتی نوسەر،لێکۆڵێنەر و وەڕگێر بۆ خزمەتەکانی پێ بەخشرا.

ناوەندی ڕۆژی کورد بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو بلیمەتە کوردە، سەرەخۆشی لە سەرجەم ئەدەب و زانست دۆستان و خەڵکی ڕۆژهەڵات بە گشتی و بنەماڵە و کەس و کاری و خەڵکی مهاباد بەتایبەتی دەکات، رەوانی شاد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.