کەرکووک لە هەمبەر کرانەوەی سەنتەری ڕووناکبیری خومەینی هەڵوێستی گرت

0
655

هەروەک پێشتر لە هەواڵەکانی ڕۆژی کورددا بە خەستی ڕەنگی دایەوە، چالاکوانانی کوردستانی خۆرهەڵات لە هەمبەر کرانەوەی مەڵبەندی ڕووناکبیری بە ناوی خومەینی لە شاری کەرکووکی دڵی کوردستان لە لایەن پارێزگاری ئەو شارە (نەجمەددین کەریم) و لقێکی یەکێتی نیشتمانی ناسراو بە لقی هێرۆ برایم ئەحمەد، خێزانی مام جەلال تاڵەبانی، هەڵوێستی تووندیان گرت و بە خیانەت ب ەکوردانی خۆرهەڵاتی کوردستان و بە نیشانەی دەست تێوەردانی ئێران لە کوردستان ناساند و وەک هێمایەک بۆ بێ ڕێزی بە شەهیدانی خۆرهەڵاتی کوردستان و زیندانیانی سیاسی و لە سێدارەدراونیان لە قەڵەم دا.

لە لایەکی ترەوە  ئەمڕۆ چوارشەممە 24/2/2016 لە پاركی قەڵای كەروكوك، بەهۆی كردنەوەی سەنتەرێك بەناوی  خومەینی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی سازدرا و تێیدا بەیاننامەیەكی ناڕەزایی دژ بە كردنەوەی ئەو سەنتەرە خوێندرایەوە و پاشان بۆ داخستنی ئەو سەنتەرە دەست بە هەڵمەتی واژۆكردن كرا.

بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا 253 نووسەر و رۆژنامەنووس و كەسایەتی و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ داخستنی ئەو سەنتەرە واژویان كردووە و داوایان كردووە لەبری كردنەوەی سەنتەر بە ناوی  خومەینی، با سەنتەری رۆشنبیریی كەركووك بكرێتەوە.

بەشداربوونای ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە کۆتاییدا بەیاننامەیەکیان دا دەر کە لە خواردوە دەقی بەیاننامەکە وەک خۆی دادەندرێ.

دەقی بەیاننامەكە:

ئاشکرایە کە لە ئێستادا شاری كەركووك بەدەست نە بوونی شوێن و هۆڵ و سەنتەری گشتی بۆ نمایشی شانۆ و کۆڕ و چالاکی هونەری دەناڵێنێت. لەکاتێکدا هەموو دەزانین کە ئەم شارە چەندە لە ژێر باری ڕژێمی فاشیی بەعسی سەرکوت کرابوو و هیچ دەرفەتێکی بۆ جوڵە و چالاکی نەبوو.

پاش پرۆسەی ئازادییش تا ئێستا هیچ گۆڕانکاریەکی بەرچاوی لەو بوارەدا بەخۆیەوە نەبینیوە. نەبوونی شوێنێکی گشتی بۆ چالاکییە هونەری و ئەدەبیەکان هەمیشە گرفتێکی نێو ئەم شارە بووە. پاش بڕیاردان بۆ دروستکردنی بینای ناوەندی ڕوناکبیری و کولتوری کوردی لە شاری كەركووك، لە سەرەتادا هەنگاونان بوو بۆ جوڵەخستنە نێو ئەو ساردوسڕیە وپڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە زۆربەی چالاکیەکانی لە بواری ئەدەبی و هونەری و ڕوشنبیریدا ڕاگرتبوو و دەروازەیەك بوو بۆ زیاتر لەیەك نزیكبوونەوە و تێهەڵکێشکردنی بەرنامە ڕۆشنبیری و کولتوریەکانی ئەو شارە لەگەڵ مێژوو و خەبات و ڕابووردووە سەخت و دژوارەکەی لەلایەكەوە و خستنە ئارای نوێخوازی و ئاشناکردنی جەماوەر بە دونیای ئەدەب و هونەری ئەمڕۆ و چالاککردنی کەسانی شارەزا و زیندووکردنەوەی مێژووی هونەر و ئەدەبی ڕەسەن لەم شارەدا، ئێمە وەکو کۆمەڵێ ڕوناکبیر و ئەدیبی کورد لە شاری كەركووك ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگ دەدەین لەوانە:

لەجیاتی کردنەوەی بینای سەنتەری روناکبیری کە چوار ساڵە تەواو بووە سەنتەری رۆشنبیری و وەرزشی ئیمام خومەینی کراوەتەوە؟ سەنتەری ئیمام خومەینی لە کەرکوک دەبێتە ناوەندێك بۆ پەرەپێدانی کولتووری داگیرکار و دوژمنی هونەر، ئێمە وەکو نووسەرو ئەدیب و هونەرمەندان ئیدانەی ئەم کارە دەکەین و بەبەشێك لە داگیرکردنی شارەکەی دادەنێین، لەکاتێکدا شاری كەركووك تینووی بوونی سەنتەرێکە و بینای ناوەندێك ئامادەیە و ناکرێتەوە وەک ئاگادارین لە جیاتی ئەوەی چالاکی هۆنەری و رۆشنبیری تێدا بکرێت، کۆبونەوەی حزبی تێدا دەکرێ! هەروەها ئایا بوونی چەندەها خوێندنگا و سەنتەری تورکی (گویلەن) چ لە هەولێر و چ لە كەركووك گرنگترە لە بوونی ناوەندێكی کولتووری کوردی لەم شارەدا.

بەداخەوە دواخستنی کردنەوەی ئەو ناوەندی ڕوناکبیری و کولتووریە سەرجەم هیوا و خواستەکانی لەگەڵ خۆی دواخست و بووە پرسیارێکی لۆجیکی بۆ هەموو تاکێکی ئەم شارە، لەکاتێکدا شاری كەركووك لەو پەڕی پێداویستییە بۆ بوونی شوێنێکی گشتیی وا کە سەرجەم بوارەکانی شانۆ و ئەدەب و هونەر لەخۆ بگرێت، بۆیە ئێمە وەکو کۆمەڵێك لە ڕۆشنبیران و نوسەران و هونەرمەندانی ئەم شارە دواکەوتنی کردنەوەی ئەم ناوەندە دەخەینە ئەستۆی جەنابی پارێزگاری كەركووك و هیوادارین لەوەزیاتر خەڵکی ئەم شارە لەبەر ململانێی نێوخۆیان بەرەو پەراوێز نەبرێن . داواکارین کردنەوەی ئەم ناوەندە لەوە زیاتر دوانەکەوێت وپێشوازی لە کەسە شارەزا و بەتواناکانیەوە بکات کە ئامادەی خزمەت کردنی هونەرو ئەدەب و کولتووری ئەم شارەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.