کۆڕی په‌ردەلادان له چوار کتێبی کوردی

0
1326

به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ڕۆژی كورد ئه‌نجومەنی ئەدەبیی بۆکان بە هاوکاری فەرهەنگسەرای هونەر و ئەندیشە (سەقز) و چاپەمەنی کوله پشتی کۆڕی پەردەلادان له چوار کتێبی کوردی بەڕێوە دەبا. ئەم کتێبانه بریتین له :
ئاسۆی روون ، کۆی شێعرەکانی مەلا غەفووری دەبباغی (حافزی مەهابادی)
پەندی پێشینیان ،مەلا غەفووری دەبباغی (حافزی مەهابادی)
دیوانی لالووت ، کۆشێعری شاعیری بۆکانی نادر نیروومەند
زەوی سەخت و ئاسمان دوور ، کۆی شێعرەکانی شاعیری کۆچکردوو مارف ئاغایی
ئەم کۆڕە رۆژی شەممه ۳۰ خەزەڵوری ۱۳۹۴ ، کاتژمێر ۳:۳۰ ی دوانیوەڕۆ لە هۆڵی ئامفی تئاتری پارکی میللەتی بۆکان بەڕێوە دەچێ.

ناساندنی کتێبەکان:

زەوی-سەخت-و-ئاسمان-دوور-

زه‌وی سه‌خت و ئاسمان دوور
سەرجەمی شێعر و چیرۆکەکانی کاک مارف ئاغایی کە پێشتر هەر بەو ناوە چاپ کراوە و ئێستا لە قەوارەکی جوانتر و ڕێک‌وپێک‌تر و بە شێوەیەکی ڕازاوەتر چاپ کراوەتەوە.
کۆچ
خاک،
توانای کۆچی نییە.
ئەوەیە ڕازی مانەوەی هەمیشەی من
لەم وڵاتەدا.

لالووت

لالووت

بیوگرافی
ـ ناو: نادر
ـ ناسنامه: نیروومەند بەگزادە
ـ ناوی شێعری: بۆران
باوكی ئاوڕەحمان‌بەگ كوڕی عەبدوڵڵا‌خان «ئاواڵ» كوڕی ئەحمەد‌بەگ كوڕی سوڵتان‌بەگ برای ئاغا فەیزوڵڵا‌بە‌گە كە كوڕی ئاغا ئاوڕەحمان بەگی موكری بەگزادەیە، لە عەشیرتی بەگزادە كە ئێستا بە فەیزوڵڵا‌بەگی ناسراون. (بڕوانە شەجەرەنامەی مامۆستا سۆران)
ساڵی ۱۳۴۶ لە سلێمانكەندی بەشی بەگزادە لە دایك بووه و لە سارووقامیش لە سەر جەغەتوو، گەورە بووە، خوێندنی سەرەتایی لە مەدرەسەی ئاواییەكەیاندا و دواتر، بە شێوەی ئازاد دیپلۆمی وەرگرتووە. پاشان چووەتە زانستگا و دوایە بە نیوەچڵی، لە بەر هەندێ هۆ زانستگای بەجێ‌هێشتووە.
هەر لە ‌تەمەنی حەو ساڵیدا و لە پێچی یەكەمی كا‌یەكانی مناڵیا لاقەكانی ون بووە و ئێستاش لێ‌یان‌ دەگەڕێ، خۆی پێی‌ وایە ئەو شتە هێمایەكی تێدایە. بە مناڵی زۆری لە جەغەتوودا مەلە كردووە، جارێكیش لە هەیوان بەربۆتەوە، دەمێكە بڕیارە هەستێ، ڕۆژێ لە سەر پێی خۆی ڕاوەستێ! بەڵام جارێ با بمانوەستێ!
كارەكانی:
۱ـ لە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری «سروه» بووە.
۲ـ بەرپرسی بەشی شەوڕن، لەحەوتەنامەی «داهاتوو»دا.
۳ـ بەرپرس و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری خوێندكاری «هەوار» لە زانستگا پەیامی نووری بۆكان.
۴ـ بەرپرسی یەكەمین بوولەتەنی كوڕی كەم‌ئەندامانی بۆ‌كان بە ناوی «هاواری كۆچیل» لە ‌بۆ‌كان.
بەرهەمەكانی:
۱ ـ جەغەتووی فرمێسك ـ شێعر:چاپی ۱۳۷۸ تاران
۲ ـ بووكی بۆران ـ شێعر
۳ ـ زاوا زێڕینە ـ شێعر
۴ ـ ۹+شین ـ شێعر
۵ ـ دوازدە پەند بۆ مناڵان ـ شێعر
۶ ـ یا ماڵی سەید تەهای شەمزین: كورتە چیرۆك
۷- بەرڕۆژ ـ شێعر
۸- ڕووسەڵانی بەئەمەگ ـ چیرۆكی سرگێئی ولادیمۆف، وەرگێڕان
۹- بیرەوەرییەكانی پاش‌مەرگ، ڕۆمانی ماریا ماشادۆ دێ‌ئاسیس، وەرگێڕان
۱۰- دۆن‌كاسمۆرۆ، ڕۆمانی ماریا ماشادۆ دێ‌ئاسیس، وەرگێڕان
۱۱- ئەم كتێبەی بەردەستتان كە لالووتە و سەرجەم شێعرەكانمە تا ساڵی ۱۳۹۳
هاواری فرمێسك!
ئەرخەوان سووری بەهارە جەغەتووی فرمێسكم
ئەوی سامانی مە بوو بردی هەمووی فرمێسكم
ژیلەمۆی دۆژەهی بێدەنگی دەروونە دڵەكەم
تاقە هانای مەیە هاواری گەرووی فرمێسكم
چاوی یادت كە لە سەر لانكی دڵم خەونی زڕا
نەبوو كەڵكی هەچی دایپۆشی پەتووی فرمێسكم
شەوی مەش چاوی ڕەشی كاڵەوە بوو زانیبام
تاریك‌وڕوونی دڵاوا بوو دەرووی فرمێسكم
شەرح و تەفسیری مەعانی لە سەر ئایاتی دڵە
بۆیە تا بوومە زمان لاڵە دەڕووی فرمێسكم
روح لە مەزراكەی ئەوین مانوو بوو تا هاتە دەسم
سكڵی یاقووتی دڵ و گەوهەری فووی فرمێسكم
كەس وەكوو من بە وەفای عیشقەوە ڕسوا نەژیا
ئەی فەلەك! بەردی جەفا مەگرە سەبووی فرمێسكم
باخی ئاواتم هەچی تووشی سیاساڵی دەبێ
موعجیزەی پاكی مەسیحایە پشووی فرمێسكم
نوخشە داهات و لە تەنگانە بەڕێ بووی بۆران
بەرهەمت گرتی لە سایەی بنەتووی فرمێسكم

ئاسۆی-روون
ئاسۆی ڕوون

مەلا غەفوور دەباغی ناسراو بە حافز مەهابادی ساڵی ۱۳۰۶ی هەتاوی لە سەقز لە دایک بووە. دوا ساڵ و نیوێک ماڵیان چۆتە بانە و باوکی خەریکی دەباغچێتی بووە. هەر لە بانە تووشی نەخۆشی دەبێ و بینایی خۆی لە دەست دەدا.
تا ساڵی ۱۳۲۰ نیوەی قورئانی بە باشی لە بەر کردووە. لە بەر بشێوی و ئاژاوە لە وڵاتدا ماڵیان چۆتە مهاباد و لەوێ لە ساڵی ۱۳۳۰ ڕا زیاتر خۆی لەگەڵ لەبەر کردنی شێعر و ڕەوان کردنی شێعری شاعیرانی فارس و کورد خەریک کردووە و دەستی کردووە بە شێعر نووسین.
مامۆستا لە ڕێكەوتی ۲۱ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۶۹دا كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی بداق سوڵتان لە تەنیشت گۆڕی مامۆستا هێمن نێژرا.
هەتا ئێستا دوو کتێبی لێ چاپ کراوە:
دیاری مەهاباد، چاپەمەنی سەییدیان، مەهاباد
دیوانی مەلا غەفوور، چاپەمەنی محەمەدی، سەقز
بێجگە لەم دوو کتێبە، مامۆستا زۆر شێعری دیکەی مابوون کە لە چاپ نەدرابوون و ئێستاکە سەرجەم شێعرەکانی لەم دوو کتێبە تازەدا بە ناوی (ئاسۆی ڕوون) و (پەندی پێشینیان) چاپ کراون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت