کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران کۆتایی پێهات

0
1273

کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوپەڕی نهێنی پارێزیدا بەڕێوەچوو، دەگوترێ گۆرانکاریەکی زۆر لە سیستەمی ئەو حیزبەدا پێکهاتووە.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەمشەو هەینی کاتژمێر ٢٣:٠٠، ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٣ی فێوریەی ٢٠١٨، ١٦مین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاندووە، کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی لەژێر ناوی “ڕاسانی ڕۆژهەڵات” دەستی بە کارەکانی کرد و دوای چەند ڕۆژ کاری ئەندامانی کۆنگرەی ١٦، ئەمشەو هەینی کاتژمێر ٢٣:٠٠ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

لەو کۆنگرەیەدا “مستەفا هیجری” وەک لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەوە هەڵبژێردراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی وەدەست ناوەندی ڕۆژی کورد کەوتوون، گەڵاڵەی پێشنیارکراوی مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی ئەو حیزبە پەسند کراوە.

بەپێی سیستەمی نوێی ئەو حیزبە، ١٣ کەس وەک بەرپرس هەڵبژێردراون.

هەروەها سیستەمێکی چاوەدێریی چڕ لەو حیزبەدا هاتووەتە ئاراوە کە دەگوترێ لەوەبەدوا بە هەبوونی دەسەڵاتێکی بەرچاو کۆنترۆڵی ئەرک و ڕاسپێردراویەکان دەکات.

بەپێی زانیاریەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، پرسی یەکگرتنەوەش هەر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و بەپێچەوانەی ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا، حدک وەک حیزبێکی فەرمی بەو ناوە لەلایەن حدکاوە نەناسراوە بەڵام پێداگری لەسەر کاری هاوبەش لەنێوانیان کراوە.

ناوەندی ڕۆژی کورد، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم بەرپرسان، کادیر، ئەندام و لایەنگران و بنەماڵەی شەهیدانی ئەو حیزبە دەکات و هیوا دەخوازێت زیاتر لە جاران بەرەو وەدیهاتنی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەنگاو بنێن و ئەو خەباتەی کە بەناوی ڕاسان ڕایانگەیاندووە، زیاتر چڕ بکرێتەوە و بەستێن بۆ کاری هاوبەش لەنێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خۆشتر بکرێ و وێڕای دەربازکردنی قۆناخی باشوورنشینی، هەوڵەکان بۆ ڕاگواستنەوەی خەبات بە شێوەی مەیدانی بۆ کوردستانی رۆژهەڵات زیاتر بکرێن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.