کۆنفرانسێک بۆ یادی ٧٠ ساڵەی کۆماری کوردستان لە پاریس پێکهات

0
1170

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد، ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئەنستیتۆی کورد لە پاریس بە هاوکاریی شارەوانی پاریسی ١٠، کۆنفرانسێک بۆ یادی ٧٠ ساڵەی کۆماری کوردستان لە پاریس، پێکهات

ئەو کۆنفرانسە لە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن ناوەندی ڕۆژی کورد ڕاگواسترا، کاتژمێر ١:٣٠ تا ٥ی ئێوارە، لە هۆڵی باژێڕوانیی پاریسی ١٠ بەڕێوەچوو.

سمینارەکە لە دوو پانێل پێکهاتبوو.

پانێلی یەک بریتی بوو لە:

کەنداڵ نەزان، وەک پێشکەشکار و بەڕێوەبەر بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد وکورتەباسێکی لە سەر مێژووی کۆماری کوردستان پێشکەش کرد.

دواتر عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری هەرێم، باسێکی لە کۆمار و شەڕی داعش و پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە لە هەمبەر تیرۆر پێشکەش کرد.

دواتر، دوو کەس بە ناوەکانی خاتوو ئەعلەم، خەڵکی مهاباد و  تەمەن ٨٥ ساڵان کە لە کاتی کۆماری کوردستان لە مهاباد، تەمەنی ١٢ ساڵان بووە و ئاڵای کوردستان بە دەستی ئەو بردراوە بۆ پێشەوا و هەمان کاتیش شیعرێکیش لەمەڕ پێناسەی ئاڵای کوردستان  خوێندۆتەوە، و هەروەها جەلیل گادانی، وەک ئەندامی حدک و سیاسییەکی کوردی بەشدار لە کۆماردا کە ئەو کات خوێندکار بووە و لە کۆماردا بەشدار بووە، بۆ ئامادەبووان دوا .

کاک جەلیل گادانی لە بەشێک لە لێدوانەکەیدا گوتی: ” بیری کۆمار، سەربەخۆیی بوو نەک فیدرالیزم یان دەسەڵاتێکی خۆجێی.”

پانێلی دووهەم بریتی بوو لە:

لەم بەشەدا، بەڕێوەبەری ئەو بەشە حەمید بووزئەرسەلان، مامۆستای زانکۆ لە پاریس بوو، باسێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

دواتر، یان ڕیچارد، پرۆفیسۆری زانکۆی سۆربۆنی پاریس، لەسەر مێژووی شۆڕشی کورد هەر لە سەردەمی سمایل ئاغای سمکۆ هەتا ئەمڕۆ و لەسەر کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان دوا و لە ناو باسەکەیدا ئاوڕێکیشی لە شۆڕشەکانی ناو ئێران وەک شۆڕشی میرزا کوچک خان دایەوە.

دواتر، حەسەن شەڕەفی وەک جێگری گشتیی سکرتێری حدکا، باسێکی لەسەر دەستکەوتەکانی کۆمار تا بە ئەمڕۆ پێشکەش کرد و گوتیشی حیزبی دێموکرات تا بە ئەمڕۆش هەر درێژەدەری کۆمارە و باسێکی لەسەر ڕاسان وەک خەباتێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کۆمار خستە ڕوو.

کۆنفرانسەکە بە پرسیاری بەشداربوان کۆتایی پێهات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت