کۆنفرانسی ساڵانەی قەدەغەکردنی مین دیسان بە بێ بەشداری ئێران بەڕێوەچوو

0
709

کۆنفرانسی ساڵانەی قەدەغەکردنی مینی دژە نەفەر بە بەشداری ئەندامانی کۆنوانسیۆنی “ئۆتاوا” و رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ ژنێڤ لە بنکەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.

رۆژی هەینی ٥ی پووشپەڕ، کۆنفرانسی ساڵانەی قەدەغەکردنی مینی دژە نەفەر ، کە راپۆرتەکەی لەسەر مینی دژە نەفەر لە وڵاتانی تورکیا، سودان، ئۆکراین و چەند وڵاتی دیکە بوو، لەبنکەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.

لەو کۆنفرانسەدا، رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان_ ئێران ئەندامی کەمپەینی نێونەتەوەیی قەدەغەکردنی مینی دژە نەفەر ، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی مین لە کوردستان خستە روو.

لەدرێژەی کۆنفرانسەکەدا، راپۆرتی کۆنوانسیۆنی قەدەغەکردنی مین پرژایە سەر پێبەند نەبوونی وڵاتی تورکیا بە بەشیک لە بەندەکانی و جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی ئەو وڵاتە، کە دژکردەوەی توندی نوێنەری تورکیای لێ کەوتەوە.

نوێنەری تورکیا لەو کۆنفرانسەدا وێڕای رخنەگرتن لە راپۆرتی کۆنفرانسی قەدەغەکردنی مین، هەوڵی تاوانبارکردنی پارتی کرێکارانی کوردستانی لەو پەیوەندییدا دا.

نوێنەری تورکیا هەروەها رخنەشی لە ئەندام‌بوونی “پە. کە. کە” لەکۆنوانسیۆنی قەدەغەکردنی مین لەلایەن ریکخراوی ژێنڤاکاڵەوە گرت.

دەوترێت حکوومەتی ئیسلامی ئێران لەو کۆنفرانسەدا بەشداری نەکردووە و ئامادە نیە کە کۆنوانسیۆنی “ئۆتاڤا” لەپەیوەندی لەگەڵ قەدەغەکردنی بەکارهێنان، بەرهەم هێنان و راگرتنی مینی دژە نەفەر واژۆ بکات.

ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی رۆژئاوا و خوزستان لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق مین رێژ کراون و بەپێی ئامارەکان ١٦ هەتا ٣٠ ملیۆن مین لەو ناوجانە چێندراون و دوای ٢٦ ساڵ لە کۆتایی هاتنی شەڕ، هەتا ئێستا ئەو ناوچانە لە مین خاوێن نەکراونەتەوە.

پارێزگا سنوورییەکانی رۆژئاوای ئێران بە هۆی ئەو مینانەی کە دوای شەڕی ئێران و عێراقەوە چێندراون بە ” مەترسیدارترین ناوچەی دونیا” ناسراون.

حکوومەتی ئیسلامی ئێران تەنانەت دوای تەوابوونی شەڕی ئێران و عیراق و بە شێوەی بەردەوام و رۆژانە و بە بیانووی هەبوونی حیزبە کوردییەکان ناوجەکەی مین رێژ کردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.