کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحەتکێشانی کوردستانی ئێران له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران هه‌ڵویستی خۆی ده‌ربڕی

0
615

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕوو به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بانگه‌وازێكی بڵاو كرده‌وه‌ ،کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحەتکێشانی کوردستانی ئێران له‌و بانگه‌وازه‌ دا داوای كردووه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌و شانۆیه‌ دا به‌شداری نه‌كه‌ن ، ده‌قی ئه‌و بانگه‌وازه‌ كه‌ نوسخه‌یه‌كی بۆ ڕۆژی كورد نێردراوه‌ ، به‌م چه‌شنه‌یه‌ :

دەقی راگەیاندنەکە:

کەمتر لە مانگێک بۆ بەناو ھەڵبژاردنەکانی ئێران ماوە. ئەو ھەڵبژاردنانە ھەم مەجلیسی شورای ئیسلامی و ھەم مەجلیسی خوبرەگان دەگرێتەوە. لەم پەیوەندەدا بەپێویستی دەزانین کە ھەڵوێستی خۆمان لەو بارەیەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەرببڕین.

یەکەم. لێکدانەوەی کۆمەڵە لەسەر ھەڵبژاردنەکانی ئێران بۆ ھەمووان روون و ئاشکرایە. ئێمە ئەو ھەڵبژاردنانە ھەموویان بە نادێمۆکراتیک و بەتەواوی ناتەبا لەگەلڕ ھەموو یاسا و رێسا ناسراوە جیھانییەکان سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئازاد دەزانین. لەراستیدا نیزامی ویلایەتی فەقیە لەبنەمای خۆیدا لەگەلڕ ھەموو ھەڵبژاردنێکی ئازاد ناتەبایە.

دووھەم. سەرەڕای ئەوە، نیزامی کۆماری ئیسلامی ھەر لەسەرەتای ھاتنەسەر کارییەوە نەیتوانیوە یەکسەر دیاردەی ھەڵبژاردن لە قانوونی ئەساسی ئێران بسڕێتەوە بەڵکوو خۆی ناچار دیوە کە بۆ راگرتنی رواڵەتی مەشروعیەتی خۆی دان بە ھەڵبژاردندا بنێت بەڵام ئەو ھەڵبژاردنانە لە رێگەی دیکەوە لە کەڵک بخات و لە ناوەرۆکی راستەقینەی خۆی بەتاڵیان بکا. میکانیزمی نەزارەتی ئیستیسوابی رێک بۆ ئەو مەبەستە دیاری کراوە.

نەزارەتی ئیستیسوابی مانای ئەوەیە کە ئۆرگانێک بەناوی شورای نیگابان کە لە شەش ئاخوندی دەستبژێرکراوی ویلایەتی فەقیە و شەش بەناو زانای پەسەندکراوی ھەمان ویلایەتی فەقیە پێک ھاتووە، بۆی ھەیە کە ھەموو کاندیداکانی ھەموو ھەڵبژاردنێک لە ئێراندا بە ناوی ئەوەی سەڵاحییەتیان نییە یان تەنانەت سەڵاحییەتیان مسۆگەر نییە، رەت کەنەوە و بەم جۆرە ھەموو ئاسەوارێکی ھەڵبژاردنێکی راستەقینەیان لێ بسڕنەوە.

لەساڵانی رابوردوودا، ھەتا ھاتووە کۆماری ئیسلامیی ئێران خەسارھەڵگرتر و ھەستیارتر بووە، بەتایبەت بەدوای بزووتنەوەی سەوزدا، و ترسی لەوەی کە نەکا ھەڵبژاردنێکی لەدەست دەر بچآ زیاتر بووە، ھەر بۆیە ھەتا ھاتووە تەفسیری توندڕەوانەتریشی لە خودی یاسای نەزارەتی ئیستسیوابی بەکار ھێناوە و ئەوەندەی دیکە بەناو ھەڵبژاردنەکانی ئێرانی بێناوەرۆک و بێمانا و نادێمۆکراتیک کردووە.

سێھەم. حیزبە سیاسییەکان، نە لە ئێران و نە لە کوردستان، ھیچ دەرفەتێکیان بۆ بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا نەدراوەتآ، ھەموو ئاسەوارێکی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و تەنانەت نیمچە ئازادیش قەدەغە کراوە.ئازادی رادەبڕین، ئازادی راگەیاندن، ئازادی خۆکاندید کردن، ئازادی کۆبوونەوە و میتینگی ئینتیخاباتی، ئازادی حیزبە سیاسییەکان و تەنانەت ئازادی تاکە سەربەخۆکان لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستاندا بوونیان نییە، فەزای ئەمنییەتی و زەبروزەنگ، گرتن و ئیعدام بەتایبەتی لە کوردستان بەردەوامە و بەشی ھەرە زۆری کاندیداکانیش لەلایەن شورای نیگابانەوە رەت کراونەتەوە.لەم حاڵەدا بەشداری لە ھەڵبژاردن بۆ ئێمە و بۆ ھەموو لایەنێکی کە بەجیددی بیر لە مافە دێمۆکراتیکەکانی خەڵک و بیر لە مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد بکاتەوە، بەتەواوی بێمانا و بآپاساوە.

چوارەم. کۆمەڵە لایەنگری ھەڵبژاردنی ئازاد، بەگوێرەی پێوەرە ناسراوە جیھانییەکانە و ئەوە بە یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی ھەموو شارۆمەندانی ئێران و کوردستان دەزانێت و ھەوڵدان بۆ ناساندن و چەسپاندنی ئەو میکانیزمە لە کۆمەڵگادا و کردنی بە داخوازییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی کە کۆمەڵانی خەڵک بتوانن لە دەوری کۆ ببنەوە و بە ھەموو خوازیارانی دێمۆکراسی و مافەکانی مرۆڤ . ھەڵبژاردنی ئازاد و راستەقینە لەمڕۆدا چەکێکی دەستی تێکۆشەرانی ئازادیخوازە و راستەوخۆ بەدژی کۆماری ئیسلامی و شانۆگەرییەکانی و لە داھاتووشدا مۆدێل و شێوازی دروست و گونجاوی بەڕێوەبردنی ئێران و کوردستانە.

پێنجەم. نەزارەتی ئیستیسوابی وەکوو میکانیزمێکی پێشێل کردنی سەرەتایی¬ترین مافەکانی شارۆمەندان لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا، رۆژ لەگەلڕ رۆژ زیاتر بۆتە مایەی بێزاری و ئیعتیرازی خەڵک.ھەڵوەشاندنەوەی نەزارەتی ئیستیسوابی کە خۆی سووکایەتییەکی گەورەیە بە شعوری خەڵک و ھەموو ھەڵبژاردنێکی کۆماری ئیسلامی دەکاتە گاڵتەجاڕ، داخوازییەکی رەوایە کە خەریکە پەرە دەستێنآ. کۆمەڵە لەو داخوازییە پشتیوانی دەکات و لەو بڕوایە دایە کە ھەوڵدان بۆ سەندنەوەی ئەو چەکە بەزەبری بزووتنەوەی جەماوەری لە دەست دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ھەوڵێکی گونجاو و رەوایە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحەتکێشانی کوردستانی ئێران
١٥ رێبەندانی ١٣٩٤ی ھەتاوی
٤ فێوریەی ٢٠١٦ی زاینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.