کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ڕاگەیەندراوێک کۆتایی بە کۆنگرەی پازدەهەمی هێنا

0
3283

کۆنگرەی 15هەمی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا و ڕاگەیاندنی کۆتایی بڵاو کردەوە، دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم چەشنەیە:

راگەیاندنی کۆتایی ١٥هەمین کۆنگرەی کۆمەڵە، کۆنگرەی یەکگرتوویی کوردستانی رۆژهەڵات

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

لە ڕێکەوتی ١٨ی مانگی مای ٢٠١٧ی زاینی، بەرامبەر لە گەڵ ٢٨ی گوڵانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ١٥هەمین کۆنگرەی کۆمەڵە ژێر ناوی “کۆنگرەی یەکگرتوویی کوردستانی رۆژهەڵات”  دەستی بە کار کرد. ئەو کۆنگرەیە بۆ ماوەی سێ رۆژ درێژەی کێشا و لە رێکەوتی ٢٠ مەی سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا. ٦ مانگ پێش بەستنی کۆنگرە، لێژنەیەکی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە لەلایەن پلێنۆمی کۆمەڵەوە هەڵبژێردرابوو کە شێلگیرانە بە ئەرکەکانی خۆی هەستا و ئامادەکارییەکی باشی بۆ کۆنگرە کرد. ئەم لێژنەیه کۆمەڵێک سمیناری لە چەند مانگ لەوە پێشەوە بۆ هەرچی کارامەتربوونی کۆنگره دەست پێکرد، دوو سمینار لە دەرەوەی وڵات، سمیناری تەشکیلاتی کوردستان و هێزی پێشمەرگه و هەروەها سمیناری تەشکیلاتی ناوخۆی وڵات، لە رۆژەکانی نزیک لە کۆنگره کۆمەلێکیش سمیناری تەشکیلاتی لەسەر ئۆرگانه حیزبیەکان بۆ ئەندامان و چاودێرانی کۆنگره بەرێوەچوو. سەرئەنجام لێژنەی ئامادەکار ڕاپۆرتی خۆی لە رۆژی هەوەڵی کۆنگرە بە ئامادەبوونی میوانانی بەرێز پێشکەش کرد و کۆنگرەی سپاردە دەست دەستەی بەرێوەبەر.

رۆژی یەکەم بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە میوانان، کەسایەتییە سیاسییەکان، نوێنەرانی حیزب و لایەنه سیاسییەکان و دۆستانی دێرینی کۆمەڵە و هەروەها بە ئامادەبوونی مێدیاکان و رۆژنامەنووسانی کوردستانی باشوور و ئێرانی، ڕاپۆرتی سیاسی لە لایەن سکرتێری گشتی کۆمەڵە هاوڕێ عەبدوڵڵای موهتەدی پيشەکەش کرا. ڕاپۆرتەکە دوای شیکارێەکی کورت لە رەوشی ئاڵۆزی ناوچەکە و ئێران و کوردستان، سیاسەتی کۆمەڵەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ کەندوکۆسپەکان و دەرفەتەکانیش باس کرد. ڕاپۆرتەکە هەنگاوەکانی کۆمەڵەی بۆ دەوری داهاتوو لەو پێناوەدا، واتە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان، دەستنیشان کرد.  لە راپۆرتەکەی سکرتێری کۆمەڵە بە تایبەت جەخت کرابووە سەر پێویستی یەکگرتوویی حیزبەکانی کوردستان و بە مەرجێکی هەرە گەورەی سەرکەوتن ناوزەد کرابوو. لەو پێناوەدا پلاتفۆرمی پێشنیاری کۆمەڵەی بۆ سازکردنی ئێئتلافێکی گەورە لە حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات خستە روو.

ڕاپۆرتی سکرتێری گشتی لە گەڵ پێشوازییەکی زۆر گەرم و گوڕی میوانە بەرێزەکان رووبەڕوو بووە و بە دوای ئەوەدا لیستی پەیامی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی کوردستانی و ئێرانی و هەروەها پارت و دامەزراوە بیانییەکان وەک ئینترناسیونالی سۆسیالیست، “هاوپەیمانی پێشکەوتوو” و هەروەها کۆمەڵێک حیزبی سیاسی و سۆسیال دێموکرات و لیبراڵ لەلایەن پێشکەشکارانی مەراسمی رۆژی هەوەڵ خوێندرایەوە،
بەشێکی دیکە لە رۆژی یەکەمی کۆنگرە تەرخان کرابوو بۆ وتووێژ و سازدانی پرێس کۆنفرانس لە گەڵ مێدیاکان و پەزیرایی لە میوانەکان.
رۆژانی دووهەم و سێهەمی کۆنگرە تەرخان کرا بۆ تاوتوێ کردنی بەڵگە و بریارنامەکانی پێشکەش کراو بە کۆنگرە و هەڵبژاردنی سکرتێری گشتی و ئەندامانی کومیتەی ناوەندی بۆ کوردستان و دەرەوەی وڵات و هەر وەها جێگرەکانی کومیتەی ناوەندی.
جێگای ئاماژەیە کە سەرجەم بەڵگە و بریارنامەکانی پێشکەش کراو بە کۆنگرە لە لایەن زۆرینەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی بەشدار لە کۆنگرە پەسەند کرا و کومیسیۆنێک ڕاسپێردرا کە لە ماوەی حەوتوویەک ئامادەیان بکات بۆ بڵاوکردنەوە. ئەم کومیسیۆنە بە یارمەتی کومیتەی ناوەندی پەیامەکانی کۆنگرەش رووەو بنەماڵەی شەهیدان، زندانیانی سیاسی و هتد ئامادە دەکا. لە ناو ئەم بریاڕنامەی ئاماژەی پێکرا ١. بەڵگەنامەیەک سەبارەت بە “پێویستی پێكهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەشی کوردستانی رۆژهەڵات” یەکێک لەو بریارانە بوو کە لە کۆنگرە پەسەند کرا و بایەخێکی زۆری پێدرا. ٢. دەقێک لە ژێر ناوی روانگە و هەڵوێستەکان لە لایەن کۆنگرەوە پەسەند کرا کە هەوڵ دەدا بە زمانێکی سیاسی و بە شێوەیەکی کورت و بابەتی روانگەکانی کۆمەڵە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و ئێران و کوردستان و هەروەها هەڵوێستی کۆمەڵە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی بخاتە بەردیدەی خوێنەران و جەماوەری خەڵکی کوردستان، ئەم دەقە جارێکی دیکە بە ئاماژە کردن بە پێوەندی کۆمەڵە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، هاوخەباتی خۆی لە گەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەباتی ژنان بۆ یەکسانی و هەموو چالاکانی مەدەنی لە بوارە جۆراجۆرەکان لەخۆ دەگرێ. سەبارەت بە پرسی ژنان دوای تاوتوێ کردنی پێشنیارەکان، کۆنگرە بریاری دا تا لە دەوری داهاتوو کۆمەڵە گرینگیەکی زیاتر بدات بە تواناسازی ژنان لە بوارە جیاجیاکانی چالاکی سیاسی و حیزبی هەم لە ئاستی کۆمەڵگا و هەم لە ئاستی رێکخراوەیی و حیزبی ناو ریزەکان و رێکخستنەکانی کۆمەڵە.  هەر لەو دەقەدا کۆمەڵە بە ئاماژە بە خەباتی پێشمەرگانە و گرینگی ئەم خەباتە لە کاتی هەستیار بۆ بەرگری لە خەڵک و دەسکەوتەکانی، ئیرادەی خۆی  بۆ تەیارکردنی هەرچی زۆرتری ئەم هێزە نیشان دەدا. هەر لەم دەقەدا کۆمەڵە پێداگری دەکا لە سەر درێژەپێدانی گووتاری رۆژهەڵات تەوەری و دەستەبەر کردنی یەکگرتوویی لە کوردستانی رۆژهەڵات، لە تۆێی ئەم بەڵگەنامەیەدا کۆمەڵە جارێکی دیکە لە سەر پێویستی پێوەندی نیزیک لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی دیمۆکراسیخوازی ئێران، پێدادەگرێ و بەرژەوەندی هاوبەشی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کوردستان لە گەڵ گۆڕانکاری و ئاڵ و گۆڕی بنەرەتی لە نیزامی سیاسی ئێران و بە دیمۆکراسی کردنی کۆمەڵگا دەخاتە روو. هەر لەو جارنامە سیاسییەدا کۆمەڵە لەسەر خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان بڕوای تەواوی خۆی بە پشتیوانی لە خەباتیان دەردەبڕێ و پرەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری ئەوان دووپات دەکاتەوە، بەشێکی دیکەی ئەو بەڵگەنامەیە تەرخان کراوە بۆ گرینگیدان به چالاکی دیپڵۆماسی و دەستەبەرکردنی پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ خەڵکی کورد. بەڵگەنامەیەکی دیکە کە پەسەند کرا، باس لەو هەنگاوە حیزبییانە دەکا کە کۆمەڵە دەبێ رەچاویان بکات لە پێناو ئەنجامدانی هەرچی باشتر و کاراتری ئەرکە سیاسییە گرینگ و هەنووکەییەکانی.

سەرئەنجام کۆنگرە بریانامەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا ئەم ئەرکانه دەستنیشان دەکا کە کومیتەی ناوەندی دەبێ جێبەجێیان بکات بۆ خۆتەیار کردن و تۆکمەکردنی زۆرتری کۆمەڵه، لەوانە بە دامەزراوە کردنی فێرکاری و دانانی ناوەندێک بۆ ئەو مەبەستە، دروستکردنی ناوەندێک بۆ ئارشیوی بەڵگەکان و نووسراوەکانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان، کارامە کردنی زۆرتری بواری راگەیاندن و هتد.

سەرئەنجام کۆنگرە بە زۆرینەی نیزیک بە کۆی دەنگ هاوڕێ عەبدوڵڵای موهتەدی وەک تەنیا پاڵێوڕاو بە سکرتێری گشتی کۆمەڵە هەڵبژارد. لە بەشی هەڵبژاردنەکان هەروەها سەرجەم ١٩ نەفەر لەناو پاڵێوراوان وەک ئەندامانی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە و پێنج نەفەر وەک جێگرانی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردران.
هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی  ١٥هەمین کۆنگرەی کۆمەڵە کە بە سکرتێری گشتی یەوە ٢٠ نەفەرن بەم جٶرەن.
١. عەبدوڵا ئازەربار ٢. جەمال ئەحمەدی ٣. موختار ئەحمەدی ٤. فاروق بابامیری ٥. سەلاح بایەزیدی ٦. عەلی بەهمەنی ٧. ناهید بەهمەنی ٨. رەفیق حوسەین پەناهی ٩. عەلی رەنجبەری ١٠ ساڵح شەریفی ١١. بەختیار عەلیار ١٢ کاکۆ عەلیار ١٣. کەوسەر فەتاحی ١٤. ئەردەڵان فەرەجی ١٥، ئازاد قوبادی پور ١٦. فەرزین کەرباسی ١٧. ئیدریس کولاهدوزی ١٨. ئیبراهیم محەمەدی (مینەشەم) ١٩. ئەبوبەکر مودەررسی ٢٠. عەبدوڵا موهتەدی

ئەندامانی جێگر بەم شێوەی خوارەوە هەڵبژێردران.
١. ئومێد ئەحمەدزادە ٢. سامان ریشەساحێب ٣. ئیدریس عەبدی ٤. ئیراهیم کۆنەپۆشی ٥.داوود نیرومەند.

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە
٢٣ی مای ٢٠١٧ی زایینی
٣ی گوڵانی ١٣٩٦ی هەتاوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت