کۆماری ئیسلامی ڕێژەی چەکدارانی خۆی ڕاگەیاند

0
753
هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی،لە زاری فەرماندەی ”سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران” بە فەرمی ڕایگەیاندووە، کە ئێمە لە ٥ وڵاتدا ٢٠٠ هەزار شەڕکەرمان هەیە.
محەممەدعەلی جەعفەری فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هەروەها بە فەرمی داوای لە لاوانی ئێران کرد کە لە شەڕی سووریە، عێراق و یەمەن‌دا بەشداری بکەن.
ناوبراو گوتی کە ئێمە ٢٠٠ هەزار شەڕکەرمان لە ٥ وڵاتی سووریە، عێراق، یەمەن، ئەفغانستان و پاکستان‌دا هەیە.پێدەچێت ململانێ ناوچەییەکان ئێرانیان ناچار کردنبێت باس لە ڕێژەی چەکدارانی خۆی بکات بۆیە ئەو یەکەمین جارە کە ڕێژیمی ئێران بە فەرمی دان بەوە دادەنێت کە هێزی نیزامی لە وڵاتانی دراوسێ‌دا هەیە.

ئەو فەرماندەی سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە بوونی هێزی نیزامیی ئێمە لە وڵاتانی دراوسێ ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات.

ناوبراو هەروەها گوتی کە ئێمە لە هەوڵی ئەوە داین کە نەوەی سێهەمی ئێران بۆ پشتیوانی لە ویلایەتی فەقیهـ پەروەردە بکەین.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتی چەک‌وچۆڵ، ئابووری، راهێنانی نیزامی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها زیادکردنی باندە سیخوڕییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەڕوونی بەر چاو دەکەوێت.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەا وەکوو بەحرەین، یەمەن، میسر و… بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە مەحکووم کراوە و زۆربەی وڵاتانی عەرەبیش دوای ئاگر تێبەردران لە سەفارەتی عەرەبستان و کۆنسوولگەری ئەو وڵاتە لە ئێران، پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران پچڕی.

ئەو ڕێژیمە بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی هەنگاو هەڵدەگری و زۆربەی کارناسانی بواری سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەدان کە ڕێژیمی ئێران لە سەەرەکیترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی ئێستای ناوچەکەیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.