کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکیەتی ئۆروپا لە پێوەندی لە گەڵ هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان

0
573

رۆژی كورد :
وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئۆروپا لە کۆبوونەوەیەک کە بڕیار وایە ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتی ١٧ی حوزەیران لە لۆکزامبۆرگ بەڕێوەبچێت، زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەگەری دەستێوەردانی ئێران لە هێرش بۆ سەر هەر دوو نەوتهەڵگرەکانی دەریای عەممان تاوتوێ بکەن.

وەزیرانی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئۆروپا ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٧ی حوزەیران لە کۆبوونەوەی خۆیان لە لۆکزامبۆرگ باس و ڕاگۆڕینەوە لە سەر زێدەڕۆیی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵنێری ئاڵمان تەوەری سەرەکی باسەکان لەم کۆبوونەوە  هەڵسەنگاندنی بیر و ڕای ئامریکا لە هەمبەر دەستێوەردانی ئێران لە هێرش بۆ سەر هەر دوو نەوتهەڵگرەکانی دەریای عەممان دەبێت.
پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردوو دوو کەشتی نەوتهەڵگر بە خاوەندارێتی نۆروێژ و ژاپۆن لە دەریای عەممان کەوتنە بەر هێرشێکی نەناسراو. تەنیا چەن کاژێر دوابەدوای هێرشەکان دەوڵەتی ئامریکا بە پێی زانیاریە ئەمنییەکان ڕژیمی ئێرانی بە بەرپرسیار ناساند. مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا لە دواین وتەکانی خۆی دا لەم بارەوە لە وتووێژێک لە گەڵ ناوەندی فاکس نیووز ساندی هاوکات لە گەڵ جەختکردنەوەی دووبارەی لە مەڕ تاوانبار بوونی ئێران لە ڕووداوەکە باسی ئەوەی کرد بەرپرسە زانیارییەکانی دەوڵەتی ئامریکا، بەڵگە و زانیارییەکی زۆریان لە بەردەست دایە لەم پێوەندیەدا.
هەنووکە تا ئێستا یەکیەتی ئۆروپا لەم بارەوە دژکردەویەکی تایبەتی نەنواندووە و تەنیا داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە خۆڕاگر بن و خۆ ببوێرن لە هەڵسووکەوتی هاندەرانە و ورووژێنەر. هەر دوووڵاتانی ئامریکا و بریتانیا ئەگەری دەستێوەردانی سۆپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران لە هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عەممان ئەخەنە بەر دەست.
لە لایەکی دیکەش ئانتۆنیۆ گۆتریش سکرێتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی کردووە سەبارەت بە بابەتی ناوبراو و جەختی لە سەر ئەوە کردووە زۆر گرینگە لەم دۆسیەدا ڕووی ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێت.
وەزیرانی کاروباری دەرەوەی یەکیەتی ئۆروپا جیا لە هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عەممان سەبارەت بە بارودۆخی وێنێزویلا و سوودان هەروەها باس و وتووێژ دەکەن. بەشێکی دیکەی تەوەرەکانی وتووێژی دانیشتنی لۆکزامبۆرگ سیاسەتی دەرەکی و باری ئەمنی هاوبەشی یەکیەتی ئۆروپا و زیاتر کارامەبوونی لە خۆ دەگرێت.
هەروەها بڕیار وایە له‌ کاتی خواردنی نانی نیوەڕۆ دا وتووێژێک لە گەڵ ئەیمەن ئه‌لسه‌فه‌دی وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئۆردۆن لە مەڕ دوایین ئاڵۆگۆڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بکڕێت. لەم وتووێژانەدا سەبارەت بە ئەگەری ڕێكارێکی نوێ بۆ زیندووکردنەوەی وتووێژەکانی نێوان دەوڵەتانی ئیسرائیل و فەلەستین باس و ئاڵوگۆر دەکرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.