کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەشێک لە خەڵکی گوندی “بوژان”ی کرماشان لەپێش فەرمانداری ئەو شارە

0
635

بە پێی ئەو هەواڵانەی بە دەست “ڕۆژی کورد” گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەز بەشێک لە خەڵکی ئاوایی “بوژان” بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە پێ ڕانەگەیشتنی بەرپرسانی دەوڵەتی کرماشان بە گوندەکەیان، لەبەر دەرگای فەرمانداری کرماشان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی.

شایانی باسە کە خەڵکی گوندی بوژان کە گوندێکی نزیک بە هەزار ماڵیە و لە نزیک شاری کرماشان هەڵکەوتووە، هاوکات لەگەڵ بارانی زۆری ئەو دواییانە، خەڵکی ئەو گوندە، تووشی خەسار و زیانێکی زۆری ماڵی بوون و بەرپرسانیش بەڵێنی تێهەڵێنانەوەی ئەو خەسار و زیانانەیان پێدابوون کە بە هۆی لێشاوی باران تووشی بوون، بەڵام هەتا ئێستاش بەڵێنیەکانیان تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە و هیچ ئاوڕێکیان وە خەڵکی خەسار پێگەیشتووی ئەو گوندە نەداتەوە.

یەکێک لە خەڵکانی خەسارپێگەیشتووی ئەو لێشاوە کوتی:  بە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە ماڵەکانی ئاواییەکەمان بە کەرەستەی ساکار و لاوازی وەک قوڕ ساز کراون، بەو بارانەی دوایی بە یەکجاری لەناو چوون و تووشی خەسارێکی زۆر بووین.

هەروەها کوتی: زۆرێک لە ماڵەکانی گوندەکەمان بە هەر هەموو کەرەستە و کەل و پەلی ناو ماڵەوە لەو لێشاوەدا لە ناو چوون، بەرپرسان بەڵێنیان پێداین کە ئەو خەسارانەمان بۆ قەرەبوو بکەنەوە و بەڵێنیان دا نزیکەی ٢٥ ملیۆن تمەنمان قەرزی بدەنێ کە ٥ ملیۆنی بێ دانەوە بێ و  لەو بڕە پارەیە بیست ملیۆن تمەنیمان بە شێوەی قیست و بڕە و مانگەو مانگ بدەنێ، بەڵام تا ئێستا هیچی نەهاتۆتە دی.
 کەسێکی تر لە ناڕازیان کوتی: گوندەکەی ئێمە لە نزیک شار هەڵکەوتووە بەڵام لە هەر جۆرە خزمەتێک بێبەشە و تا ئیستا بە هیچ شێوەیەک بەو گوندە ڕانەگەیشتوون و تەنانەت گوندەکەمان قیریش نەکراوە، ئەگەر ئەو ڕەوتە هەر بەم شێوە بەردەوام بێ، خەڵکی گوند ناچار دەبن بەرەو شار کۆچ بکەن و گوند چۆڵ ببێ، بەڵام بەداخەوە بەرپرسانی حکومەت لە هەمبەر گوندەکەمان کەمتەرخەمن و بە هیچ جۆر خزمەتی ئەو گوندە ناکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت