کۆبوونەوەی شۆرای ئاسایش لەمەڕ هێرشی سەربازیی تورکیە بۆ سەر کودستان لەپشت درگاداخراوەکان بەڕێوەچوو

0
717

هاوکات لەگەڵ پێشڕەویی ئەرتەشی تورکیە لە هێرشی (لقی زەیتوون) لە ناوچەی عەفرینی هەڵکەوتوو لە باکووری سووریە، شۆڕای ئاسایشینەتەوەیەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی ژانویە بەرامبەر لەگەڵ ۲ی ڕێبەندانی۱۳۹٦ی هەتاوی کۆبوونەوەیەکی لەپشت دەرگا داخراوەکان بۆ باسکردن لەسەر ڕەوشی ئەو دەڤەرە بەڕێوەبرد.

ڕۆژی کورد: لەسەر داوای فەرانسە لەم کۆبوونەوەدا باس لەسەر هێرشی تورکیە بۆسەر عەفرین و هەروەها ئۆپەراسیۆنی نیزامی حکومەتی سووریە لە ئەدلەب دەکرێت.

بڕیار بوو شۆرای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەک لەسەر ڕاپۆرتی مارک لۆکۆک، نوێنەری سەرۆکی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسووریە بەڕێوەببات.

ئاڵمان و فەرانسە داوایان کردووە کە تورکیە کۆتای بەم هێرشەی خۆی بۆسەر باکووری سووریە بێنێت. هەروەها فەرانسە خوازیاری بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆبوو لەمەڕ ڕەوشی پێش هاتوو لەسەر سنووری تورکیە و سووریە.

زیگمار گابریێل، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان خوازیاری کۆتایی پێهێنانی هەرچی زووتری ئەم هێرشەی تورکیەیە بۆ سەر باکووری سووریە. وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان (۲۰ی ژانویە) داوای لە تورکیە کرد کە لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا تۆزێک عاقڵانە هەنگاو بنێت.

هێزەکانی تورکیە و ئەرتەشی ئازادی سووریە ڕۆژی یەکشەممە توانیان چەندین ناوچەی ستراتێژی لە باکووری ڕۆژئاوای عەفرین و هەروەها دەوروبەری حەلەب کە لەژێر کۆنتڕۆڵی (یەکینەکانی پاراستنی گەل)دا بوون دەستی بەسەردابگرن. هەروەها ئەرتەشی تورکیە ڕایگەیاند توانیویانە، زیاتر لە ۱۵۰ کۆگای چەک و تەقەمەنی شەڕڤانان لەناوببەن و ئەم ناوچە ئێستراتێژیکانە بیخەنە ژێردەستی ئەرتەشی ئازادی سووریە.

ئەرتەشی ئازادی سووریە بەهاوکاری یەکەسەربازیەکانی تورکیە توانیویانە چەندین کیلۆمەتر بەرەو ناوخاکی سووریە پێشڕەوی بکەن و چوار تەپۆڵکەی گرینگ لە دووناوچەی شێخ حەدید و ڕاجۆ لە ڕۆژئاوای عەفرین بخەنە ژێرکۆنتڕۆڵی خۆیان. ئەوان هەروەها دوو گوندی شەنگال و ئەدەمانلی لە باکووری ڕۆژئاوای عەفرینیان کۆنتڕۆڵ کرد.

ئەرتەشی ئازادی سووریە ڕایگەیاند کە توانیویانە ۳ کەس لە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بەدیل بگرن.

لەلایەکی دیکەوە یەکینەکانی پاراستنی گەل هەموو ئەو هەواڵانەیان ڕەدکردەوە و ڕایانگەیاند کە نە ئەرتەشی تورکیە و نە ئەرتەشی ئازادی سووریە هیچیان نەیانتوانیوە بەرەو ناو عەفرین پێشڕەوی بکەن و هەموو هێرشەکانیان تێکشکێندراوە.

سەرچاوە خۆجێیەکانی نێو عەفرین باس لە پاشەکشێ پێکردنی ئەرتەشی تورکیە لە دەوروبەری عەفرین دەکەن.

سەرچاوەیەک لە نێوشاری عەفرین بە پەیامنێری ڕۆژی کوردی گووت، لەیەک ڕۆژی ڕابردوودا توانیومانە شەش هێرشی تورکەکان بەشێوەی پارتیزانی تێکبشکێنین و ناچار بە پاشەکشێیان بکەین، ترسێکی زۆر سەرتاپای سەربازانی تورکی داگرتووە بەشێوەیەک کە هیچ حەزی پێشڕەویان نەماوە.

سەرچاوە سەربازیەکان دەڵێن، ئەو تەپۆڵکانە گرنگیی ستراتێژیی زۆریان هەیە، کە دەتوانێ لەڕووی هێرش بردنی هێرشبەران لەچەند قۆڵەوە یارمەتیان بدات. هاتنەناوەی هێزەکانی تورکیە لەبەشی باکووری ڕۆژئاواوە بۆ هێزەکانی پارستنی گەل چاوەڕوان نەکراوبوو چوونکە ئەوان لەبەشی ڕۆژهەڵاتەوە سەنگەریان بەستبوو.

هەروەها سەرچاوە سەربازیەکان باس لە توندتر کردنی گەمارۆ نیزامیەکان دەکەن لە چەند سەعاتی داهاتوودا. هێزەکانی تورکیە ئێستا لەبەشی ڕۆژهەڵاتی عەفرینەوە هاتوونەتە نێوشار. تورکیە ڕۆژی ڕابردوو چەندین کەرەستەی نوێی نیزامی بۆ هێزەکانی لە شاری ئەعزار لە دەوروبەری شاری حەلەب ناردووە .

لەلایەکی ترەوە فەرماندەی هێزە نیزامیەکانی تورکیە (حەلووسی ئاکار) ڕۆژی یەکشەممە ۲۱ی ژانویە لەڕێگای تەلەفوونەوە لەگەڵ موحەممەد باقری فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکانی ئێران وتووێژی کرد و دڵنیای پێدا کە تورکیە ڕێزێکی زۆری بۆ یەکپارچەی خاکی سووریە هەیە و لەسەر ئەو ڕێکەوتنانەی سێ لایەنی ڕووسیە ، تورکیە و ئێران پێداگرن.

سێرگێی لاڤرۆف وەزیری دەروەی ڕووسیە لەوتووێژێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی (کۆمرسانت) گووتی: کارە یەکلایەنەکانی ئامریکا بووبە هۆی توڕەبوونی تورکیە.

لەلایەکی دیکە وەزارەتی دەرەوەی تورکیە نوێنەری وڵاتانی ئوردۆن، ئێراق، عەرەبستان، کوەیت، قەتەر و لوبنانی بانگهێشت کردووە کە سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنی شاخەی زەیتوون شیکاریان بۆبکات.

بینالی یەڵدرێم، سەرۆک وەزیرانی تورکیە لەدانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەند ئەوان لەڕێگای ڕووسیەوە لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد لەپێوەندی دان.

ئامادەکردنی: داوود حەیدەری

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.