کچە کوردێکی ١٩ ساڵان لە ئاڵمان کوژرا

0
550

شەوی دووشەممە، ٢٥ی ڕێبەندان، کچە کوردێکی ئێزیدی ١٩ ساڵان بەناوی نادیا لە شاری کۆڵنی ـی ئاڵمان لەلایەن خاڵ و کوڕە پورەکەیەوە کوژرا.

نادیا کە خەڵکی کوردستانی باشوور و نیشتەجێی ئاڵمان بوو بە هۆی هەبوونی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕە ئەفغانییەکی مسوڵمان، کەوتە بەر پەلاماری خاڵ و کوڕە پوورەکەی و کوژرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاو بوونەوە، نادیا لەگەڵ کوڕێکی ئەفغانی پەیوەندی هەبووە بەڵام بە هۆی ڕێگری کردنی ئایینی ئێزیدی لە زەماوەند لەگەڵ کەسانی غەیری ئێزیدی، پەیوەندی خۆی دەپچڕێ بەڵام کوڕە ئەفغانییەکە کە پێداگرە لەسەر درێژەدانی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ نادیا، وەک هەڕەشە و سووکایەتی پێکردن، وێنەکانی نادیا بۆ بنەماڵەی نادیا دەنێرێتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆکاری تووڕە بوونی بنەماڵەی نادیا و داوا لە خاڵ و کوڕە پوورەکەی نادیا دەکەن کە کچەکەیان بە تاوانی پێشێل کردنی نەریت و ئایینەکەی بگەیێنن.

نادیا کە بە هۆی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی زۆر لە لایەن خاڵ و کوڕە پوورەکەی، نیوە گیان ببوو، گەیێندرا نەخۆشخانە بەڵام لەوێ گیانی لە دەست دا.

شایانی ئاماژەیە کە تا ئێستا ٧٤ فەرمان لە لایەن مسوڵمانەکانەوە لەسەر کوردە ئێزیدییەکان جێ بە جێ کراوە و هەموو جارێک کۆمەڵ کوژییەکی لەڕادەبەدەریان لەسەر ئەنجام دراوە و ماڵیان قەڵاچۆ کراوە و ژنەکانیان بە دیل گیراون.

دوایین فەرمان کە بەسەر کوردە ئێزیدییەکان هاتووە، لە لایەن داعش ئەنجام درا کە تێیدا دەیان بنەماڵەی کوردی ئێزیدی لەلایەن ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش کوژران و بنەبڕ کران و ڕوویان لە هەندەران کرد.

نموونەیەکی تر لەو کچە ئێزیدیانەی کە بە هۆی هەبوونی پەیوەندی خۆشەویستی و ویستی زەماوەند لەگەڵ مسوڵمانێک کوژرا، کچێکی کوردی ئێزیدی بوو بە ناوی دوعا کە دوای گەڕاندنەوەی لە لایەن خزم و کەس و کارەکەیەوە کوژرا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.