کچە کوردی کرماشانیی قارەمانی کیک بۆکسی ئێران، جیاواز و سەرنجڕاکێش

0
2252

ڕۆژی کورد: سووسەن رەشیدی، تەمەن ٢٤ ساڵان و کچە کوردی کۆچەری کرماشانی، قارەمانی کیک بۆکسینگی ئێران، بە هۆی قارەمانەتی و ئازایەتی لەلایەک و ژیانی ئاسایی هەوارنشینانە و مەڕدارانەی بە جلی خۆماڵی و ئەخلاقێکی ئاساییەوە لەلایەکی تر، سەرنجی راگەیێنەکانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە.

imag1596سووسەن لەگەڵ ئەوەی قارەمانی وەرزشی کیک بۆکسینگی ئێرانە، لە ژیانی ئاسایی و مەڕدارانەی کوردانەی خۆی لە گووند و ناو هەوارچیەکان، نان دەکا، مەشک دەژێنێ، مەڕ دەدۆشێ و ………تاد.

سووسەن دەڵێ بە بینینی کچە پوورەکەی کە وەرزشکارێکی ڕەزمی کار بووە، ئەوینی وەرزشی کەوتۆتە دڵ و دەستی پێکردووە و ئێستاش قارەمانی کیک بۆکسینگ لە ئاستی ئێرانە.

بوون بە قارەمانێکی وەرزشی لە ئاستی ئێراندا، هیچ کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو کیژە کوردە بۆ وەلانانی کەلتووری کوردەواریی خۆی نەبووە، بگرە وەک پێشدا، قایم و قورس، لەسەری پێداگرە. باوکیشی لە وتووێژ لەگەڵ میدیا و ڕاگەیێنەکانی ناوخۆیی ئێراندا دەڵێ شانازی بەو دوێتەمەوە (کچەمەوە) دەکەم.

سووسەن، منداڵی دووهەمی بنەماڵەیەکی ٨ کەسیە، خوشکیکی نوخوستانە. بنەماڵەیەکی کۆچەر کە ٦ مانگان لە خوزستانن و ٦ مانگ لە لای کرماشان و لەو ناوەدا لە هاتووچوو دان.

سووسەن بە هۆی ئەو باروودۆخی ژیانی کۆچەرییەوە تەنیا تا دیپڵۆمی خوێندووە و دواتر وازی لە خوێندن هێناوە.

١٠ ساڵ پێش ئێستا دەستی کردووە بە وەرزش، واتا لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا، بەڵام هەر مانگی یەکەم توانیویە خۆی نیشان بدا و بەو ماوە کەمە بچتە کێبەرکێکانی پارێزگا، پێشکەوتن و گەشەیەک کە کەم کەس توانیویەتی بڕوای پێبکات، هەو ئەو کاتیش پلەی یەکەمی بۆخۆی مسۆگەر کردووە.

سووسەن دەلی دوای ئەوە لە کێبەرکێکان لە ئاستی ئێراندا بەشدار بووم، بەڵام مافی منیان خوارد، ئەوە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر من هەبوو، من بردبوومەوە بەڵام دەستی بەرانبەرەکەمیان وەک براوە بەرز کردەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە هەر بەردەوام بووم.

تا ئەمڕۆ، سووسەن ٩ جاران لە کێبەرکێ وەرزشییەکان لە ئاستی ئێراندا، پلەی باشی تۆمار کردووە و براوە بووە، لە پلەی ١ تا ٣.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت