کوژران و بریندار بوونی 15 هاووڵاتی لە دوو ڕووداوی هاتووچۆ لە کەنگاوەر و کرماشان

0
881

لە ٢ ڕووداوی هاتووچۆ لە مەودای دوو ڕۆژی پێنج شەممە و هەینی لە پارێزگای کرماشان ١٥ هاووڵاتیی کورد کوژراو و بریندار بوون.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵەکان، ئەمڕۆ هەینی 12ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، بە هۆی وەرگەڕانی ترۆمبیلێکی ئێڵ 90 لە کەنگاوەر، ٢ کەس کوژران و ٤ کەسیش بە توندی بریندار بوون.

ئەو ڕووداوە، ئێوارەی هەینی لە کەنگاوەر، ڕووبەڕووی شارەکی پیشەسازی ڕووی داوە و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی چەمران لە کەنگاوەر راگواستراون.

هەروەها ڕۆژی پێنج شەممە 11ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، بە هۆی وەرگەڕانی ترۆمبیلێک لە کرماشان، ٩ کەس بریندار بوون.

ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١٤ی ئەو ڕۆژە لە کرماشان ڕووی داوە.

دۆخی ٧ کەس لە بریندارەکان ناجێگیرە و بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی لە کرماشان ڕاگواستراون.

هۆکاری ئەو ڕووداوە، تەڕ بوونی ڕێگا بە هۆی باران ڕاگەیێندراوە.

دەگوترێ بریندارەکان لە لای سەر و دەستیانەوە، ئازارێکی زۆریان پێگەیشتووە.

ناستانداردبوونی ڕێگاکان و هەروەها ترۆمبیلەکان لە ئێران و هەروەها نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لە وەرزی تووشیی و باران و بەفردا، هۆکاری سەرەکیی ڕووداوی هاتووچۆ لە کوردستانە.

زۆربەی شارەکانی کوردستان ەل مەودای ڕێگاکانیان، هیچ بنکە و فەرمانگەیەکی خزمەتگوزارییان نیە تا فریای کەسانی لێقەوماو و تووشهاتوو بکات.

فەرمانگەی ڕێگا و بانی زۆرێک لە شارەکانی کوردستان، کەرستە و ترۆمبیلی پێویست بۆ خاوێنکردنەوەی ڕێگاو بان لە کاتی تووشی و بەفریان نیە و ئەوەش هەموو ساڵێک کێشە دەنێتەوە و ڕووداوی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت