کورد چی لەمێژوو فێر بووە؟

0
747
کۆمار ئەحمەدی

ئێمەی کورد لەوەتەی هەین، ئەزموونمان لەمێژوو وەرنەگرتووە. کورد هەموو چەشنە مردنێکی بەدەست داگیرکەرانی کوردستانەوە چەشتووە. مردن بە تیرۆر، مردن بە سیدارە، مردن بەکیمیایی، مردن بە ئەنفال، مردن بە سەربڕین و …تاد، بەڵام بۆچی ئێمەی کورد دوای ئەو هەموو مردنە بە دەست دووژمنانمانەوە، هێشتاش هەر ئەزموونمان وەرنەگرتووەو و هەروا بڕوا بەدوژمنانمان دەکەین و وەک برای خۆمان سەیریان دەکەین.

ئێمەی کورد نەتەوەیەکی سەیرین، شاعیران و نووسەران و مێژوونووسانی خۆشمان نکوڵی لەوە ناکەن، هەر لە سەردەمی ئەحمەدی خانی ـیەوە تا ئێستا، شاعیرانمان بەردەوام باس لە نایەکگرتوویی خۆمان دەکەن. ئێمەی کورد زوو ڕووداوە مێژووییەکانمان لەبیر دەچێتەوە، هەر جارێک دوژمنانی کورد بەناوێک ئێمەیان لەناو بردووە، جارێک بەناوی دابەش بوونی وڵاتیان، جارێک بەناوێ تیرۆریست و یاخی لەناویان بردووین. تائێستاش لە سەدەی ۲۱دا ئێمە هەر دوژمنانی خۆمانمان نەناسیوە بەڵام دوژمنانمان، ئێمەیان چاک ناسیوە، دوژمنانی کوردو داگیرکەرانی کوردستان، لە زۆر بواردا کێشە و خاڵی ناکۆکیان لەگەڵ یەکتری زۆرە بەڵام کە هاتە سەر پرسی ئێمەی کورد، بە دژی کورد هەموو خاڵە ناکۆکەکانیان دەخەنە لاوە و دەبن بە هاوپەیمانی یەکتری، بەڵام ئێمەی کورد تەنانەت ناتوانین بە دژی دووژمنە هاوبەشەکەشمان یەکگرتوو بین.

ئێمەی کورد بە هەر ناوێکەوە، بە هەر ئایدیۆلۆژیەکەوە ،داوای مافی خۆمان بکەین، لەچاوی دووژمنانمان، هەڕەشەیەکین بۆ دابەشبوونی وڵاتە ساختەکەیان و هیچ ماڤێک بە ئێمە ڕەوا ناوێنن، بەڵام بۆچی تا ئێستاش هەر کورد بە هەموو دروشمێکەوە جیا لە درووشمی سەربەخۆییخوازی، چووەتە ناو گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی و شەڕ و بەرگری لە هەمبەر داگیرکەرەوە بەڵام داگیرکەرانی کوردستان هەر بەچاوی دابەشبوونی وڵاتیان مامەڵەیان لەگەڵ کردووین و بەهەموو شێوەیەک دژمان ڕاوەستاون و ئامادەنەبوون کەمترین مافمان پێبدەن.

پرسیار ئەوەیە کە واتە، هۆکار چییە کە کورد دروشمی سەربەخۆیی هەڵنابژێرێت؟ هەموو حیزبە کوردیەکان خۆیان لەدروشمی سەربەخۆیی بەدوور دەگرن. کاتێک دووژمن کورد بە سەربەخۆخواز دەزانێ، ئیتر بۆچی حیزبە کوردیەکان لەدروشمی سەربەخۆی هەڵگرتن دەترسن؟ ئەوە دەتوانێ بەو واتایە بێ کە کورد ئێستاش ئەزموونی لەمێژوو وەرنەگرتووە.

لە هەر چوار وڵاتی داگیرکەری کوردستان، هەر دەسەڵاتێک هاتووەتە سەر کار بۆ دژایەتیی کورد هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ یەکتری نەبووە. نموونەکانیان زۆرن هەر لە ڕۆژاوای کوردستان بەناوی دێموکراتیک کردنی گەلانی سووریە و دژی دابەش بوونی سووریە، هێزە کوردیەکان شەڕی هەموو دژبەرەکانی ئەسەدیان کرد، کاتێک تورکیە هێرشی کردە سەر عەفرین، بە چرا سەوزی ئەسەد بوو، کوا ئەو گەلە عەڕەبانەی کورد خوێنی لە پێناویان دەڕشت؟ لە باکوری کوردستان، کورد لە تورکیە بۆ برایەتیی گەلان و دێموکراتیک کردنی گەلان شەڕ دەکەن، بەڵام بینیمان ئەو برایەتیی گەلانە چۆن لە هەرەوەزی هێرش بۆ سەر ڕۆژاوا ۸۵ لەسەدی ڕازی بوون و بەشداریان کرد. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە درووشمی برایەتیی گەلام لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانی باکوورەوە لە ۱۹۹۱بەملاوە وەک درووشم و ستراتژی هەڵبژێردراوە و کاری بۆ دەکرێ.

 سەردەمانێک چەند جارێک سەرکردەکانی حیزبی دەعوە لەهەولێر کۆبوونەوە، دەیانگوت ڕۆژێک بێت ئێمەش لەژێر دەستی سەدام ڕزگارمان بێت و ئەم خزمەت و یارمەتیدانەی هەرێمی کوردستان قەرەبوو بکەینەوە لێ بینیمان کە چوونە سەر دەسەڵات چیان بەسەر باشوور هێنا و تا ئێستاش بە هەموو شێوەیەک دژی کوردستانی باشوورن، کەچی تا ئێستاش بەشێک لەحیزبەکانی باشوور هەر دەڵێن یەکپارچەیی عێراق دەپارێزین و مل کەچی بەغداین.

ئێستاش بەشێک لەحیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئۆپۆزیسوێنی ئێرانی دادەنیشن و باسی یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکەن، چۆن دەبێت ئێمە بڕوامان بەو کەسانە بێت کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانین و هەموویان بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران یەک بیریان هەیە.

کاتێک حکومەتی شا لە ئێران لەناو چوو و خومەینی هاتە سەرکار، چی بەنسبەت کورد گۆڕا؟ تەنیا شێوازی مردن و کوشتنمان گۆرا، بۆیە کورد دەبێت دروشمی بگۆرێت، تەنیا دروشمی سەربەخۆیی بدات و بیکا بە ستراتژیی نەگۆڕی خۆی. جیا لەوە کورد بە هەر ستراتژییەک بچێتە مەیدانی خەباتەوەم هەر بە چاوی سەربەخۆییخوازو دابەش بوونی وڵاتیان سەیری دەکەن.

کورد دەبێ ئەو ڕاستیە تاڵە بزانێ کە تا نەبێتە خاوەنی دەوڵەت و حکومەتی  خۆی هەمووکات لە مەترسیی ئەنفال وکوشتن و بڕین دایە. دووژمنانی کورد لەکاتی لاوازیاندا دەبنە دۆست وهاوپەیمانی  کورد و تاکو دەستیان بەدەسەڵات گەیشت ئیتر دەست دەکەن بە لەناوبردنمان، بۆیە کورد و حیزبە کوردیەکان، دەبێت ستراتژیی خۆیان بگۆڕن.

 ئێستا کاتێکی زۆر هەستیارە  و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکاریی زۆر لە ئارادایە ،ئەگەر کورد نەتوانێت لەو گۆڕانکاریانەی کە لە ڕێ دایەو کەڵک وەرنەگرێت و جارێکی تر خۆی بکاتەوە بە قوربانیی سەروەریی خاکی ئێران، دەکرێ بڵێین ڕێگای خەباتی کورد چەتوونتر دەبێ و سەدان ساڵ، ڕێگامان دوور و درێژتر دەبێتەوە. فارس گوتەنی “آزموده را آزمودن خطاست”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.