کوردستانیانی ڕۆژهەڵات و گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشوور/قاپی گەرمتر لە شۆرباو

0
761

ڕوانگەی ڕۆژی کورد

لە مێژوو شاراوە نیە کە کوردستان و کوردانی کوردستانی خۆرهەڵات هەمیشە بە شێوەی کردەیی، مەکۆ و پێگە و پشتیوانی خەبات و کوردانی سەرجەم پارچەکانی کوردستان بوون هەرچەند ئەو پێوەندی و پێویستییە تا ئێستا لە ناو کوردانی کوردستانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کەمتر هاتۆتە ئاراوە بەڵام لانیکەم بۆ کوردانی باشوور و باکوور، هەمیشە پێگە و پەنایەک ئەگەر هەبووبێ ئەوا ڕۆژهەڵات بووە. ئەو ڕەوت و ڕێبازە لە هزر و ڕامانی ڕێبەرانی شۆڕشی خۆرهەڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە، شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵای نەهری لەوپەڕی گۆلی وان، بەرەو گۆلی ورمێ دەخوشێ و ئورمیە دەبێتە پێگەی شێخ عوبەیدوڵا و ناوی شێخ وەک یادگارێکی گرانبایی نەتەوە و مێژووی کورد بە سینگی گەڕەکی شێخ تەپەی ئورمیەوە تا ئێستاش ماوە. سمایل ئاغا سمکۆ، باوکی ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی کورد، وەک ڕێبەرێک سەردانی ڕێبەرێکی تری کورد لە سلێمانی، واتا شێخ مەحموودی حەفید دەکات و ڕاسپاردە و پشتیوانیی خۆی پێدەگەیێنێ. لە کۆماری کوردستاندا، خۆرهەڵات دەبێتە پەناگەی بارزانییەکان و لە خەمی هێرشی بەعس دەڕەوێنەوە و تا ئێستاش ئاڵا و هێماکانی کۆمار و لە دواتردا دۆستانی ڕێبەری بزووتنەوەی خۆرهەڵات واتا دوکتور قاسملوو، دەبنە پشتیوانی باشوور، لە شۆڕشی ئەیلوولیشدا بە گوێرەی باسی مێژوو، نزیک بە ٣ هەزار کەسی خۆرهەڵاتی بەشدار بوون و شەهیدیشیان لێکەوتۆتەوە، شاعیرانی وەک هێدی و هەژار، هەموو هێز و هزر و توانای خۆیان خستە ئەو پێناوە و ژیانیان لەسەر دانا، ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی، کوردانی ڕؤژهەڵات بە هۆی گیرانی عەبدووڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکوور، هاتنە دەنگ و تێچووی گیانی و مادیی زۆریان دا و زۆر کەسیش هەڵوەدای تاراڤگە بوون. لە کاتی ڕاگەیاندنی پارلمانی کوردستان و بوونی مام جەلال بە سەرۆک کۆماری ئێراق و دەیان بابەتی تریش، کوردانی خۆرهەڵات بێ جیاوازی ورووژانە شەقامەکان و لە کاتی تاڵان و کوشتار و بە دیل گیرانی کوردانی ئێزیدی لە شنگالیش، کوردانی ڕۆژهەڵات لە جیاتی ئەوەی لایەنێک بکوتن و باس لە هەڵاتن و ڕەتاندن بکەن، ماڵ و سامانی خۆیان دا پێش خۆیان و یارمەتییە یەک لە دوای یەکەکانیان ڕەوانە کران، ڕێک وەک کۆڕەوی ١٩٩١ی زایینی کە کەسی خۆرهەڵاتی لە هەمبەر برا پەڕیوەبووەکانی باشووری، خۆی بە خاوەن ماڵ نەدەدی، خۆزگە دەخوازرا هەموو پارچەکانی کوردستان ئەم ڕەوتەیان گرتبا بەر، ئەو کات کورد یەک هەست، یەک نست، یەک ڕامان و یەک خەمی بوو و یەک جەستە بوو کە لە هەر شوێنی لەشی زامێک سەری هەڵدابا هەمووی دەیچریکاند، لێ مخابن وا نیە و کاری کردەیی و مەیدانی و میدیایی و پەروەردەیی گەرەکە کە سەرەتا دەبێ لە هزری ڕێبەرانی هەر پارچەیەکی کوردستاندا شکڵ بگرێت.

باسی سەرەکی:

بڕیارە ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە کوردستانی باشوور، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی بێتە ئاراوە، هەوڵی کوردانی خۆرهەڵات کە ناوەندی ڕؤژی کوردیش بەشێکە لەم هەوڵە، لەمبارەوە جێگای شانازییە، بەڵام هەندێ جاریش دەبیندرێ و بەدیدەکرێ کە کوردانی خۆرهەڵات بەپێچەوانەی ئەرک و هزری نەتەوەیی هەمیشەییان، یان لاق زیاتر لە بەڕە ڕادەکێشن و یانیش خۆیان بە یەکجارەکی لەبیر بردۆتەوە. گەلۆ ئەوە بەرزبوونی ئاستی ڕامانی نەتەوەییە، یان بێ مشووری و خۆ تەریک کردنەوە لە پرسی سەرەکی و هەوڵدان بۆ وەرگرتنی لایک و کۆمێنت و خۆ ڕووناکبیرتر نیشاندان؟

کێشەکانی کوردی خۆرهەڵات چین؟

١- یەکنەگرتنەوەی لەتە حیزبەکان و یەکنەگرتنی حیزبەکان و پێکنەهاتنی بەرەیەکی نیشتمانی

٢- نەبوونی هێزی سپا (پێشمەرگەی کوردستان) کە سەر بە حیزبەکان نەبێت و پێشمەرگە نەکاتە مڵک و سامانی هیچ حیزبێک

٣- لە سێدارەدان

٤- دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیان

٥- پەرەسەندنی مادە هۆشبەرەکان

٦- نەبوونی دیپلۆماسی و نەبوونی لابی لە دەرەوە: دۆخی کۆمەڵایەتی، دەروونی و سیاسیی کوردی تاراوگە تا ئاستێک لێڵ و نالەبارە کە پیویستە دەیان پسپۆڕی دەروونناسی و کۆمەڵناسی کاری لەسەر بکەن. کوردانێک کە بەشی زۆرینەیان، هەرچەند لە ئوروپا دەژین بەڵام کردە و ڕەفتاریان و تەنانەت گوتاریان، لە خەڵکانی سەدە ناوەراستی دەچێ. فێرنەبوونی زمان و توانج تێگرتن لە یەکتری و یەکتری بوغزاندن و ئاژاوەگێڕیی ناو فەیسبووک و چوونەوە ئێران و کێشە و پرسە نامووسی و کۆمەڵایەتییەکان و شێوانی شیرازەی بنەماڵەیی و دەیان بابەتی تر، خەسارەکانی ئەو بەشەن کە لەم بابەتەدا ناگونجێ.

٧- نزم بوونی ئاستی هەستی نەتەوەیی لە نەوەی نوێدا

٨- پەرەسەندنی جاش و سیخوڕ و بەسیج بە هۆکارگەلی لەڕادەبەدەر

٩- هاتنە ئارای کەسانی سیخوڕ بە ڕواڵەتی کوردپەروەر و ئاژاوەگێڕییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێش نەگرتنی حیزبەکان لەم ڕەوتە تاڵە

و دەیان و دەیان کێشەی تر کە کوردی ڕۆژهەڵات خۆی لە ئاستیان بە خاوەن نازانێ و بەتایبەت کوردی تاراڤگە، لەسەر فەیسبووک و ڕایەڵەکانی تر، بێ ڕامان و تەنیا بە چاولێکەری، دوگمەکانی تەختە کلیلەکەی دادەگرێ و ڕستەیەکی ئەم و ئەو دووپاتە دەکاتەوە و لە ئەنجامدا باسێک دێتە ئاراوە کە سەدان کەس بێ هەبوونی تێبینی، پڕژاونە سەری و مەبەستی سەرەکی و شاراوەش تەنیا خۆ بە ڕووناکبیر نواندنە کە ناوی دەنێێن “تەڕاتێنی ڕۆشنبیرۆکەنوێنەکان”.

بەڵام کێشەی باشوور چیە و چؤن چارەسەر دەبێ؟

باس کردن لە کێشەی ئێستای کوردستانی باشوور کە بناژۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر دوو بابەتی خوارەوە، باسێکی زانستی و بەڕێوەبەری و پلاندارێژییە کە بە کورتی باسی دەکەین بەڵام دو خاڵەکە:

١- تێکەڵاو بوون لەگەڵ کەلتووری تەوەزەل نشینی و چەورخۆریی عەرەبی

٢- نەبوونی بەرنامە و گەڵاڵەی درێژخایەنی نەتەوەیی لەلایەن حیزبەکانەوە و پەرەپێدان بە عەشیرەگەری، مەلا و شێخ بازی و پێدانی پارە و مەعاشی بەلاش و کەلتووری، دەنگم پێبدە نانت دەخەمە ناو دەم.

نموونەیەکی ساکار:

هەر کەس کەمترین ناسیاوی لەسەر باشوور هەبێ دەزانێ کە باشترین کات بۆ کاسبی و دەوڵەمەندبوونی خەڵکی ئەم بەشە لە کوردستانی بەش مەینەت، وەرزی هەڵبژاردنە. بۆ نموونە کەسێک لە زونی پارتی دەچێ لە بانی ماڵەکەی ئاڵایەکی کەسک یان نیلی هەڵدەدا یان بەپێچەوانە، حیزبی بەرانبەر کە ئاڵای بە دژی هەڵدراوە و بە کردەوە پێی گوتراوە دەنگت پێنادەم، ڕیش سپی و کەیخودایان دەخاتە گەڕ و لە نیو دەفتەرەوە تا ٣ دەفتەر و بەپێی بڕشتی کەسەکە بگرە زیاتریشی پێدەدەن و شەقەی سەودایان خەو لە فەلەک هەراسن دەکا و دەڕەوێنێتەوە.

ئەو ڕەوتە ناڕەسەنە، دواتر زیاتر پەرەی سەند، کەسانێک هاتن وەک سەربەخۆ یان بێ لایەن و چی و چی، لە هەڵبژاردنەکاندا خۆیان ناونووس کرد، حیزبەکان پارەیان پێدان و کەسەکەیان یان کڕی و یان بە پارە  پاشەکشەیان پێکرد و لێرەدا ئەو کەسە بە ئامانجی خۆی واتا پارە گەیشت.

ئەم ڕەوتە دواتر زیاتر و بەرزتر پەرەی سەند، بۆ نموونە کەسانێک، ئێستە هاتوون لە هەمبەر پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانی کە خوێنی هەزاران مامە ڕیشەی بۆ ڕشتراوە دەوەستێتەوە و گۆیا کۆمپانیای بە دژی بەکرێ دەگرن و مەلا کرێکارەکانیش لە تیرۆریستەوە دەکاەنە خوای کوردایەتی و ئازادیخوازی. گەلۆ ئاشکرایە و ڕوونە کە ئەو کەسانە، کەلتوور و دۆخی باشوور دەناسن و بەم شێوەیە لە ژێرەوە مامەڵەی خۆیان دەکەن و بە دڵنیاییشەوە سەردەگرێ و شەقەی سەودا گوێی هەموو جیهان کەڕ دەکات.

هەموو ئەو کارە ناشارستانییانە دەکرا بە هەمووبی گەڵاڵەیەکی درێژخایەنی ٢٠ ساڵە و دابەش کردنی بە گەڵاڵەیەکی مامناوەندی ١٠ ساڵە و دواتر کار بۆ کردنی لە گەڵاڵەی کورت خایەنی ١ تا ٥ ساڵە، کاری بۆ بکرێ. قەیدی نەبوو با حیزبێکیان ٥ تا ١٠ ساڵی تر دەسەڵاتی نەبوایە بەڵام ئێستا خاوەن کۆمەڵگایەک بوون کە ئێران و ئێراق و تورکیە تەراتێنی تێدا نەدەکرد و کوردگوتەنی پیاوی خۆیان بوون و بە بیانووی نەخۆشی و بێهۆشی لە تاران و شومال، لەلایەن سەحراڕوودییەکانەوە کە دۆینێ هاوسەنگەر و هاوڕێکانی ئەوانیان تیرۆر کردووە، پێسوازییان ڵیندەکرا یان بۆ مردنی دایکی ئەسەد نامەی خوشکانەیان بەڕێنەدەکرد یان لە سەردەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیەدا نەدەبوونە بووکە بارانەی کۆکردنەوەی دەنگی کوردەکان.

مەبەستی گشتی:

کوردی ڕۆژهەڵات، وەک هەمیشە خۆی دووبارەی کردووەتەوە، نە خۆ لە کاری ناوخۆیی پارچەکانی تر وەردەدا و نە ئەو ئیزنەش بە ئەوان دەدات، بەڵام گەلۆ با چاوێک لە کرداری ئەم ڕۆژانەی خۆمان بکەین، ئایا هەندێک لە هەڵوێست و دژکردەوە و هێرشەکانمان، لەو ئاستەدا نین کە خۆتێهەڵقووتان بێ لە کاروباری ناوخۆیی ئەو بەشەی تری کوردستان؟

کوردی ڕۆژهەڵات، وەک هەمیشە پشتی هەر پارچەیەک دەگرێ، لە ئاست خەباتیان، خاوەن ماڵ و سەر و سامان نیە، هەموو کوردستان بە مڵک و ماڵی خۆی دەزانێ هەرچەند ئیقامەی شەش مانگەشی پێنەدەن یان کە دەستبەسەر کرا بە بیانووی یاسای عێراق، ڕادەستی ڕژیمی ئێرانیشی بکەنەوە و دەیان شتی تر کە لێرەدا مەبەست هەڵدانەوەی لاپەڕەی ڕەشی ڕق نیە، بەڵام کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ ئەوەش بزانێ، لە ڕووی یاسایی و ئاساییەوە، حیزبی خۆی هەیە، خەباتی خۆی هەیە، کێشەی خۆی هەیە، ئازار و نسکۆی خۆی هەیە و نە کەسی سەرۆکە و نە ئیزنی دەنگدانی لە باشوور هەیە. بەرزترین کار، کۆکردنەوەی واژۆ و پشتگیری کردنە نەک ڕووبەڕووی کێشەکان و دژوازی و ناکۆکییەکانی باشوور کە زۆربەیان بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و تاکەکەسی و کۆکردنەوەی سامانی زیاترن.

لامان وایە ٢٥ ساڵ مانەوە لە باشوور، لە ڕووی سیاسی و هزری و دەروونیشەوە، کوردی ڕۆژهەڵاتی کردووە بە پاشکۆی باشوور، ئەو بانگەشەیە بە سانایی لە هەڵویستی حیزبەکان لە هەمبەر ڕووداوەکان و بە ساناییتریش لە پۆستی فەیسبووکیی کوردانی ڕۆژهەڵات کە ئێستا وشەگەلێکی وەک “سەرۆک” بنێشتە خۆشکەی ناو دەمیانە یان شێوەی هەڕەشەکانیان و تەنانەت زانیاریی ڕۆژانەیان ئاراستە کراوە و دابەشی دوو جەمسەری باشوور و باکوور بوون و شەڕی نیابەتی بۆ ئەوان دەکەن، دیارە. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، ڕۆژهەڵات، ڕێگای خۆی بگرێتەوە بەر. لێرەدایە پێویست بە کەس یان کسانێک هەیە کە هەرەس بەو دۆخی پاشکۆ بوونە بهێنن، ئەو دۆخە لەوە زیاتر بچێتە پێش، ڕۆژهەڵات هیچ کات ڕۆژی هەڵنایە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت