کرێکارێکی ڕۆژهەڵاتی بۆ سەندنی مافی خوراوی بە ویلچێر بەرەو باشوور کەوتە ڕێ

0
1352

ڕۆژی کورد: بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە ناوەی ڕۆژی کورد گەیشتووە، کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە بە هۆی بەربوونەوەی لە بەرزایی لە کاتی کارکردن لە کوردستانی باشوور، دەماری پشتی پساوە و  لەو کاتیشەەوە ناتوانێ بە لاقی خۆی بڕوات و کۆستکەوتە بووە، بۆ وەرگرتنەوەی حەقدەستی خوراوی، بە ویلچێر بەرەو کوردستانی باشوور کەوتە ڕێ.

 کەماڵ موحیبی ئەو کرێکارە کوردەیە کە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا و لە کاتێک دا کە لە کارگایەکی پیشەیی لە کوردستانی باشوور کاری کردووە، تووشی ڕووداوی کار بووە و ئیفلیج بووە.

سەرەڕای ئەوەی کە ئەو هاووڵاتییەی کوردستانی بڕۆژهەڵات تووشی ئەو دۆخە نالەبارە بووە، خاوەن کارەکەی لە کوردستانی باشوور، حەقدەستی خواردووە و لە دانی خۆی بواردووە.

کەماڵ موحیبی، بڕیاری داوە بۆ وەرگرتنی مافی زەوتکراو و خوراوی،بە ویلچێر لە شاری بۆکانەوە بەرەو کوردستانی باشوور ڕێگە بپێوێ و بەم شێوەیە داوای مافی ڕەوای خوراوی بکات.

ساڵانە کەسانێکی بەرچاو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەپێی پسپۆڕی و کارامەیی و لێهاتوویی خۆیان لە بواری جیاجیای تەکنیکی و پیشەیی و کرێکارییەوە بەرەو کوردستانی باشوور دەڕۆن و بەو شێوەیە هەم پێویستیی کوردستانی باشوور لە ڕوویەکەوە جێبەجێ دەکەن و هەم خۆشیان بژیوێک بۆ ژیانیان دەستەبەر دەکەن، بەڵام بەپێی زانیارییەکان زۆر جار بەشێک لە خاوەن کارەکان، بە بیانووی جیاجیا و ناڕەوا، خۆ لە دانی حەقدەستی ڕەوایان دەبوێرن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت