کرێکارانی کشت و سەنعەتی مهاباد لەپێش فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوە

0
707

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، هاوکات لەگەڵ سەفەری پارێزگای ئورمیە بۆ مهاباد، کرێکارە مانگرتووەکانی کشت و سەنعەتی مهاباد، لەبەر دەرگای فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوە.

سەرەڕای کۆبوونەوەی ئەو کرێکارانە لە کاتژمێر ٩ی بەیانییەوە تا ٢ی پاش نیوەڕۆ، بەڵام دەگوترێ نە فەرماندار و نە پارێزگار، ئامادە نەبوون خۆیان دەربخەن و گوێ لە داواکارییەکانیان بگرن.

ئەمەش لە حاڵێکدایە، دوو ڕۆژ بەر لە ئیستا، فەرمانداری مهاباد لە لیدوانێک بۆ ماڵپەرە خۆجێیەکان باسی لە ڕەوا و یاسایی بوونی داواکارییەکانی ئەو کرێکارانە کردووە و گوتوشیەتی لە پشتیانە بەڵام تا ئێستا داواکارییەکانیان هەروا لە جێی خۆیەتی و جێبەجێ نەکراوە و تەنانەت هەڕەشەی دەرکرانیشیان لیدەکرێت.

کرێکارانی کشت و سەنعەتی مهاباد ماوەی ٤١ ڕۆژە مانیان گرتووە و سەرەڕای کۆکرانەوەی خێوەتەکانیان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، هەمدیسان لە مانگرتنی خۆیان بەردەوامن.

ماوەی ٣ ساڵە ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە یان مووچەیان پێنەدراوە و یان لە باشترین حاڵەتدا بە ٦ مانگ جارێک ٥٠٠ هەزار تمەنیان پێ دەدرێت.

 تا ئێستا موچەی وەدواکەوتووی ئە وکرێکار و فەرمانبەرانە، بووە بە ١٠ ملیۆن.

کاربەدەستانی “کشت و سەنعەت” ماوەی چەند ساڵ لەمەوبەر ئەو کارگەیەیان کرد بە کەرتی تایبەت و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەشدا ٣ جار ئەم پرۆژەیە دراوە بە کەسانی جیاواز، بەڵام هەرکامیان بە جۆرێک ماف و موچەی کرێکاران و فەرمانبەرانیان خواردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت