لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک – لە ژووری هەواڵنامەی کتێب- کتێبیکی مێژووی لەبارەی کۆماری کوردستان بە ناوی (قازی محەمەد و کۆماری مەهاباد ) لە نووسینی محەمەد مەلا بهاالدین ملا صاحب ناسراو بە (دانا) چاپی 1971 چاپخانەی ڕاپەڕین – سلێمانی بڵاوکرایەوە.
نووسەری ئەو کتێبە لە ساڵانی حەفتاکان مامۆستای قوتابخانە بووە لە تەوێلە، ناوچەی هەورامانی باشووری کوردستان.
لە پێشەکەی کتێبەکەدا نووسیویەتی کە لە ساڵی 1955 قوتابییەکی مەهابادی لە تەوێڵە دەیخوێند و لەو ساڵانەدا باسی کۆماری کوردستان و قازی محەمەد دەکرد، بۆیە هەوڵمدا ئەوەی لە توانام دا بێ دریغی نەکەم لە کۆکردنەوە و نووسین دەربارەی ئەو ڕووداوە گرنگە لە مێژووی گەلی کورد.
نووسەر ئاماژە بە چەند سەرچاوەیەکی ئەو سەردەمە دەکا و لە درێژەی پێشەکییەکدا دەنووسێت: ڕووداوی مێژوویی لەم بابەتە پێویستی بە سەرچاوەی کۆن هەیە، لەم ڕوەشەوە هەرچی پەیوەندی بەو کارەساتە خوێناوییە بووبێت، خوێندوومەتەوە و سوودم لێوەرگرتووە.
کتێبی (قازی محەمەد و کۆماری مەهاباد ) لە 118 لاپەڕەدا چاپکراوە و ساجد ئاوارە سەرپەرشتی لەچاپدانی کردووە و بە ڕەزامەندی وەزارەتی ڕاگەیاندنی ئەو سەردەمەی حکومەتی عێراق لە چاپخانەی راپەڕین شاری سلێمانی لە چاپدراوە.
لێرەوە دەتوانن ئەو بەرهەمە بە شێوەی پی دی ئێف وەربگرن.
رۆژی کورد سپاسی بەرێزان کاک بەکر ئەحمەدی و کاک چالاک محەمەد دەکا کە ئەو بەرهەمە نایابەیان بڵاوکردۆتەوە