کاکی ڕوستەم ئەلماسی: سەرەکیترین مەرجی سەرکەوتن، یەکگرتنی ئۆپۆزیسیۆنی پەرش و بڵاوە

0
574

٧ی ڕەشەممەی ئەمساڵ، لە حاڵێکدا خولی دەیەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی کۆماری ئیسلامی و خولی پێنجەمی مەجلیسی خبرەگانی ڕێبەری بەڕێوە دەچێ کە زۆربەی نزیک بە تێکڕای ئەو کەس و لایەنانەی کە بە ڕیفۆرمخواز ناسراون لە لایەن شۆڕای چاوەدێری نیزامەوە، متمانەیان پێ نەبه‌خشراوە و زۆربەشیان دەنگیان هەڵبڕیوە و بەشێک لە پارێزەر و مامۆستاکانی زانکۆش لە نامەیەکدا بۆ ڕووحانی باسیان لە نەبوونی هەڵبژاردن لە دۆخێکی ئەوتۆدا کردووە، هاوکات زۆربەی هێز و لایەنە کوردییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش بە دانی بەیاننامە، هەڵبژاردنەکانیان تەحریم کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری نەکەن.

ڕۆژی کورد بە مەبەستی تاووتوێ کردنی ڕای چالاكان و کەسانی خاوەن ڕای کورد، لەگەڵ بەشێک لەو چالاک و چاوەدێرە سیاسییانە، چاوپێکەوتنی ئەنجام داوە، کە چاوپێکەوتنی بەردەست تایبەتە بە کاکی ڕوستەم ئەڵماسی چالاکی سیاسی یارسان:

ئەڵماسی: ئەم ڕۆژانە هەر وەک ساڵانی پێشوو تەندووری هەڵبژاردنەکان لە ئێرانی ئیسلامیزە کراو، بۆ فریوودانی گەلانی ئێران گەرم بووە، و هەر یەک لە چەند دەستەی ناو خۆی وڵات بۆ زیاتر داپڵۆسینی خەڵکی ڕەشوڕووتی بەش مەینەتو مافخوراوی وڵاتەکەمان بەتەمان لەم شەڕی دەسەڵاتەدا پشکێکی زیاتریان بەر کەوێت کە دەستیان بۆ داپڵۆسین و چەتەگەری کراوەتر بێت. هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان کە بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵ بەڕیۆە بچێ یەکێکە لەو شانۆگەرییانەی کە لە ۳٦ ساڵ تەمەنی ڕژیمدا دەیان جار دووبارە بۆتەوە و بەڕێوە چووە! دەکرێ بڵێین هەر ساڵ، بە شێوەیەک شایەتی هەڵبژاردنێکی فەرمایشی لە لایان ئەم ڕژیمەوە هەین، ڕژیم بە گەمەگرتنی شعوری سیاسی گەلانی ئێران هەر جارە بە پاساوێک کەوتۆەتە سوواڵ کردنی مشروعیت پێدان بە خۆی کە  بێ گومان ئیتر هیچ ڕەواییەکی نەماوە و بەم شێوەیە توانییویەتی بە سڵامەتی سەری ئۆپوزسیۆنی ناکارامە، درێژە بە تەمەنی ڕەشی خۆی بدات. ئەوەی شیاوی ئاماژەپێدانە ئەوەیە کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و دوابەدوای ڕاپەڕینی مەزنی گەلانی ئێران لە رێبەندانی ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاویدا، خەڵکی ئێران بە گشتێ هەستیان بە دووڕوویی کاربەدەستانی تاران لە بەرانبەر خواست و ویستەکانی خۆیان کرد و هەر بۆیەش ڕژیم بە هەزاران قەیرانی جۆراوجۆر ویستۆویەتی بەرانبەر بەم داخوازییانە کە مافی ڕەوای گەلانی مافخوازی ئێران بووە، رابوەستێت و قەیرانی مشروعیەتی سیاسی خۆی کە هەر زوو دوای ڕاپەرین لە دەستی دابوو بە شێووەیکی تر بقوازێتەوە بۆ لای خووی کە تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بووە . لە ئێستادا و لە پاش ۳٦ساڵ دەسەڵاتداری سەرەڕۆیانەی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و ڕۆژهەڵات، کەم نین ئەو کەسانەیی کە بە دوای شاری خەونەکانیان لەم ڕژیمە کۆنەپەرستەدا وێڵن و هەر جارە بۆتە گۆچانی دەستی خەونێکی ناڕەوا. بێ گومان بناغەی ڕەوایی درۆیینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەمای هەڵبژاردنی ناتەندرووست دامەزراوە، ناڕاستمان نەگوتووە ئەگەر بڵێین تەواوی هەڵبژاردنەکانی ئەم ڕژیمە بە هەموو شکلەکانییەوە بە سەوز و سپی و ڕەشییەوە هەر هەمووی بۆ پارستنی ئەم ڕژیمە نەزۆکە بووە و هەر هەمووی ناساخڵەم بووە و شانۆگەرییەک زیاتر نەبووە. پێویستی و یەکەم مەرجی هەر هەڵبژاردنێک، کێ بەر کێ و ململانێی ئازادە کە خەڵک بتوانن کاندیدی جێی بڕوایخۆیان هەلبژێرن و بەرپرسیار بێت لە ئاستی هەڵبژێرانی و لە هەمووی زیاتر، بتوانێ لە ئاستی ئەو دەنگە کە لە سەندوقی خستووە لە چارەنوسی ئاگادار بێت. بەڵام بە داخەوە، وەک ئەزمونی مێژوویی ڕژیمی ئیسلامی ئێران پێمان دەڵێت هیچکات ناتوانێ و ناوێرێت هەڵبژاردنی ئازاد و ساخڵەم بەڕێوە بەرێت و بۆیە بڕوام وایە کە ئەم ڕژیمە هەر لە سەرتای لە دایک بوونی ڕەشی  خۆی سەلماندوویەتی و شەرعیەتی نا ماوە. کوشتن و بڕینی خەڵک بە بیانووی جۆراوجۆر،  و کوشتاری سیاسییە دژبەرەکانی و چالاکانی مەدەنی و دابەش کردنی کومەڵگا بە خودی و غەیری خودی بانترین نومرەی باڵای ئەم ڕژیمەیە. بێ گۆمان هەڵبژاردن لە گەڵ ئازادی و ئازادبووندا واتای دەبێ، جا چۆن دەبێت چاوەڕوانی لە رژیمێک بکرێت کە لە تەمەنی سیاسی و دەسەڵاتی خۆیدا، هەڵبژاردنی ئازادی تاقی نەکردبێتەوە و یا دەرفەت بدات بە هەڵبژاردنی ئازاد. ئیمکانی هەڵبژاردنی ئازاد و ساڵم لە وڵاتێکی وەک ئێران بە واتای سەرهەڵدانی بەهاری ئازادیە، بێ گومان پایە و بناغەی یک هەڵبژاردنی ئازاد و ساڵم، مەیدان دانە بە چالاکی ئازادی گشت ئەحزاب و ڕێکخراوە جوراوورەکانی سیاسی و مدنی کە بە داخەوە لە حکومەتی دژی ئازادی ئیسلامی ئێراندا هیچ کات مەیدان نەدراوە بە ئەحزابی دژبەر تا بەختی خۆیان لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا تاقی بکەنەوە، هەر بۆیە لە ڕوانگەی کۆمەڵگای جیهانیەوە ئەم جۆرە هەڵبژاردنانە کە لەلایان کاربە دەستانی کۆماری سێدارەوە بە ڕێوە دەچێت، ناتوانرێت ناوی هەڵبژاردنی ئازادی لێ بنێین. جا ئەوەش لە بیر نەکەین کە مانەوەی ڕژێمێکی ئاوا، مەدیونی نەبوونی جێگرەوەیەکی ڕاستەقینەیە کە ئەو ئینقلابەی دوو دەستی هەر لە هەوەڵ ڕۆژدا ڕادەستی ئەوان کرد و خوا هەڵناگریت ئەوانیش بە باشی خەریکی هەپەڵۆش کردنی سەرمایە و سەروەتی ئەو خەڵکەن، جا تا ئەو کاتەی کە ئەحزابی سیاسی دەرەوەی وڵات، ئاوا پەرشوو بڵاو بن و لە شەڕی دەروونی خۆیان دەستیان ڕانەگرن، ئەوە بی گومانی تێدا نییە کە تەمەن و مانەوەی زیاتری ئەو ڕژیمە بیمە دەکەن، جا ئەگەرر بڕیارە باس لە بایکۆت بکەین لە ڕاستیدا من باوەڕم وایە دەبێت بایکۆتی ئەم ئەحزابە بە قەراری ئۆپۆزیسیۆن بکەین کە لە ۳٦ ساڵدا نەیانتوانیوە ناو ماڵی خویان ڕێک بخەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.