کانی، کچی بەندیی سیاسیی کورد حەمەدەمین ئاگووشی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

0
2321

کاتژمێر ٨ی ئێوارەی ڕابردوو سێشەممە ٨،ی پووشپەڕ، کانی کچی حەمەدەمین ئاگووشی لە ماڵەکەی خۆیان لە شاری پیرانشار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
کانی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خوێندکاری ساڵی چواری زانکۆ بوو. ناوبراو کە ساڵێک لەمەوبەر دایکی لە دەست دابوو، لە گەڵ براکەی پێکەوە دەژیان. لە‌دەستدانی دایک و بەندکرانی درێژخایەنی باوکی ماوەیەک بوو ئەوی تووشی خەمۆکی کردبوو. بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ کێشە‌و گیروگرفتەکانی ژیان، بۆ کچێکی لاو کە باوکی لە مێژ ساڵە بە هۆی سیاسی لە بەندیخانە دایە‌و دایکیشی لە دەست داوە، توانا‌و تاقەتی ئەو ئینسانەی هەڵپڕووکاندبوو کە سەرئەنجام بە داخەوە ئەم خەم و گرفتانە بە چۆکیان داهێنا. بەم جۆرە کۆماری ئیسلامی هەر تەنیا ئەو مرۆڤانە سزا و ئازار نادا کە جیابیرن‌و بە هۆی سیاسی دەیانخاتە بەندیخانەوە، بەڵکوو ئەندامانی بنەمالەکانیشیان بە هۆی ئەو هەلومەرجە زاڵمانەیەی بۆیان دروست دەکا، دەخاتە بارودۆخێکی دژە ئینسانی.
حەمەدەمین ئاگووشی کە لە دوورترین بەندیخانەی ئیران (بەندیخانەی زاهیدان) لە زیندان دایە، چەند سەعاتێک لەمەوبەر لە هەواڵی مەرگی دڵتەزێنی کچەکەی ئاگادار کراوەتەوە. ناوبراو نیوەشەوی ئەمشەو لە زاهیدانەوە بۆ دوامالاوایی لە گەڵ کچە جوانەمەرگەکەی بەرەو تاران وەڕێ کەوتوە و سبەینێش لە تارانەوە بۆ بەخاکسپاردنی کانیی کچی،خۆی دەگەیەنێتەوە پیرانشار.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.