کاریگەرییەکانی خرانە ناو لیستەی تیرۆریستیی سپای پاسداران چی دەبن؟

0
692

ڕوانگەی ڕۆژی کورد

شەوی سێ شەممە ٢٥ی جولای بەرانبەر بە ٣ـی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، پارلمانی نوێنەرانی ئەمریکا، گەڵاڵەی نوێی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بە دژی ئێران، ڕووسیە و کوریای باکووریان بە ٤١٩ دەنگی ئەرێ و ٣ دەنگی نەرێ، پەسند کرد.

ئەو گەڵاڵەیە هێشتا نەچۆتە سەنا، بەڵام سارا سندێرز، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە ئێستاوە پشتیوانیی دەوڵەتی ترامپ لەو گەمارۆیانەی ڕاگەیاندووە، هەرچەند باسی لە هەندێ گۆڕانکاریش کردووە کە جارێ دیار نیە مەبەست لەو گۆڕانکارییانە، بەکارهێنانی گەمارۆی توندترە یان خاوتر.

ئەو گەڵاڵەیە لە ئێستاوە ئوروپای وەخۆ خستووە و بەتایبەتی ئاڵمان و فەڕانسە و یەکیەتیی ئوروپا بە دژی ڕاوەستاون و دەڵێن ترامپ تەنیا ئەمریکا دەبینێ و بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی ئوروپای بەلاوە گرنگ نیە.

کە چاو لەو باس و خواستانە بپۆشین، بەشی سەرەکی و گرنگی ئەو گەڵاڵەیە بۆ ئێران و ناوچە بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی، ئەویش لە کاتێکدا کە مەترسیی هێرشی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی باشوور لەلایەک و دەست تێوەردانی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە کوردستانی ڕۆژئاوا لەلایەکی تر، لە ئارا دایە و لە هەمان کاتدا سپا لە ناو کوردیش هێزی خۆماڵیی ناسراو بە جاش ـی هەیە، یەکجار گرنگە، خرانە ناو لیستەی تیرۆریستیی سپای پاسدارانە.

ئەو گرنگییە بە هەمان شێوە لە بواری ئابووریشەوە هەیە. سپا بەهێزترین جەمسەر و بەڕێوەبەری ئابوورییە لە ئێران و قەرارگای خاتەمولئەنبیا و کۆمپانیای موخابەرات و تەلەفوون و بەشێکی بەرچاو لە بورس و هەناردەکردنی نەوت و گازی و دەیان بەشی تری لە ئەستۆیە، ئەوە جیا لەوەی کە سپا سەرەکیترین مافیای مادە هۆشبەرەکانە لە ئێران و جیهان و هێزی سەرەکیی خامنەییە. هەڵبەت کە دەڵێین سپا، مەبەست لقەکانیشی وەک سپای قودس دەگرێتەوە.

لە بەشێک لە گەڵاڵەی ئەمریکا بۆ گەمارۆ نوێیەکان، لەمەڕ سپای پاسدارانەوە هاتووە: “سپای پاسداران، باهۆی سەرەکیی دەوڵەتی ئێران و پشتیوانی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی ئێران لە بواری تیرۆریسم و گرووپە چەکدارەکان دەکات و نەتەنیا هێزی قودسی هەیە بەڵکوو بەرپرسی بەڕێوەبردنی بەرنامە و چالاکییە ناسەقامگیرانەکانی ئێران، پشتیوانی لە تیرۆریسمی ناودەوڵەتی و بەرنامەی موشەکە بالستیکییەکانی ئێران دەکات”.

ڕۆژنامەی کەیهانی تاران، ڕۆژی چوارشەممە و یەک ڕۆژ دوای ئەو پەسند کرانی ئەو گەمارۆیانە، ئەو گەڵاڵەی بە “چاڵە ڕەشە” ناو برد. چاڵە ڕەشە چیە و بۆچی کەیهان بە چاڵە ڕەشەی ناو دەبا؟ چاڵە ڕەشە، چاڵێکە کە سەرجەم شتەکانی خۆی و تەنانەت تیشکی خۆریش بۆ ناو خۆی ڕادەکێشێ و ڕۆی دەهێڵێ. کەواتە ئەگەر سپا بخرێتە ناو لیستەی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، ئەوا کۆماری ئیسلامی بە گشتی لەخۆیدا ڕۆ دەبات و بڕستی لێدەبڕێت.

بە گشتی کاریگەرییەکان ئەمانە دەبن:

١- ئێران وەک دەوڵەتێکی تیرۆریستی دەناسرێ، چون سەرەکیترین هێزی ئێران، سپای تیرۆریستیی پاسدارانە، کەواتە ئەگەر نەڵێین ڕاستەوخۆ، بە ناڕاستەوخۆ فەرمانی شەڕ بە دژی ئێران دەردەکرێت.

٢- سپای تیرۆریستیی پاسداران، لە هەر شوێنیکی جیهان بوونی هەبێ، دەکرێ هەر وڵات و هێزێکی دژەتیرۆر و تیرۆرسم، هێرشی بکاتە سەر و ئیزنی پێدراوە و هێرشەکەی نەتەنیا ڕەوایە بەڵکوو ئەمریکا دەبێ پشتیوانیی سەربازی و مادیشی بکات.

٣- لە ئەگەری هێرشی سپا بۆ سەر کوردەکان و بەتایبەت لە ئەگەری سەربەخۆیی (کە مخابن بە هۆی قەڵشتی ناو ماڵی کورد و کارتێکەریی داگیرکەرانی کوردستان لە ڕێگای جیاجیای وەک پێدانی پارە و وەدەستخستنی بەڵگەی تۆقێنەر لە سیاسییە کوردەکان، تا ئێستاش ناڕوونە)، دەبێ و دەکرێ ئەمریکا هێرش بکاتە سەر سپا و یارمەتیی هەرێم و کوردەکان بدات.

٤- هێرشی هێزە کوردییەکانی کوردستانی خۆرهەڵات بۆ سەر سپا و شەڕ لەگەڵ ئەو هێزە تیرۆریستییە، ئەوجار جیا لەوەی کە شەرێکی مافخوازانەیە، دەبێتە بەرنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریسم و ئیتر پێویست نیە کورد تەنیا باس لە شەڕی بەرگری بکات و دەتوانێ بە ئاشکرا باس لە شەڕ لەگەڵ تیرۆریسمی ناودەوڵەتی بکات.

٥- بەشێکی هەرە سەرەکی لە ئابووریی ئێران تووشی خەسارێکی تر دەبێتەوە و بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکانی جیهان ناچار بە کشانەوە لە ئێران دەبن و لە ئەگەری نەکشانەوەیان تووشی سزای ئابووریی قەرەبوونەکراوە دەبنەوە.

٦- بانکە ئێرانییەکانیش ناچار دەبن بۆ مانەوەی خۆیان و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ بانکە جیهانی و فرەنەتەوەییەکان، پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ سپای تیرۆریستیی پاسداڕان بپچڕێنن کە ئەوەش کاریگەریی تایبەت بە خۆی هەیە و قەرەبوونەکراوەیە کە کارناسانی سیاسی ئەو بەشە بە “خۆگەمارۆیی” ناو دەبەن.

ئەو کاریگەرییانە و چەندین کاریگەریی تر، وای لە بەرپرسانی ڕژیم کردووە کە بە ئاشکرا هەڕەشەی هێرش بۆ سەر بنکە ئەمریکاییەکان بکەن کە ئەوەش خۆی یارمەتیدەرییەکی زیاتری بۆ ئەمریکا هەیە تا تەنانەت وڵاتانی تری ئوروپاییش، سپا بخەنە ناو لیستەی تیرۆریستیی خۆیان.

ئێستا جوان دەردەکەوێ کە ترامپ ئەگەرچی بە هۆی هەندێ تێبینیی ناودەوڵەتی، نەیتوانی بەرجام هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام هەندێ ڕێکاری تری گرتۆتە بەر کە جیا لەوەی کە خودی بەرجام دەکاتەوە هیچ و ڕیسەکەی ئێران دەکاتەوە خوری، ناوک و ناخی کۆماری ئیسلامی کردۆتە ئامانج و دەیپێکێ و ئەوەش واتا ڕاگەیاندنی شەڕێکی ئەوپەڕ نادیار کە بە مەرگی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێدێت.

هەڵبەت با لە بیرمان بێت، سەرجەم ئەو پێش بینی و گۆڕانکاری و کاریگەرییانە کاتێک دێنە ئاراوە کە گەڵاڵەی سەرەکی بخرێتە ڕوو، دەبێ دەرکەوێ کە چ دەگۆڕدرێ و ڕستەکان چیان بەسەر دێت و کام بەش دەسردرێتەوە و کامی دەگۆڕدرێ و کامی توند یان شل دەکرێتەوە. جیهانی سیاسەت وەک جیهانی بوونەوەرەکانە، پێش بینی کردنی وا سانا نیە و مامەڵەکان و قازانجە ئابوورییەکان و کارتە سەوز و سوورەکان، جێ گۆڕکێ بە گەڵاڵەکان دەکەن.

ئەوەی پێویست بە ئاماژەیە، پێویستیی دەست پێکردنەوەی هەڵمەتێکی تری تویتیری لەلایەن کوردەکانەوەیە بە دژی سپا تا جارێکی تر، ئەو داواکارییە ببێتەوە بە سەردێری هەواڵی میدیاکان. کورد زیاترین زەبری تیرۆریستی و بندەستی لە سپا خواردووە ئەوەش هەر چوار پارچە دەگرێتەوە و هیچیان بێبەری نین. سپای پاسداران جیا لە سپای قودس و فاتمی و زێنەبی و …تاد،، حەشدی شەعبی و حوسییەکان و حیزبووڵا و دەیان گرووپی تری بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پشتە و لەخۆ دەگرێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت