کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان

0
935

ڕۆژی كورد :
لە کاتێکدا وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا ڕاستەوخۆ ڕژیمی ئێران وەکوو بەرپرسی هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان دەزانێت، وڵاتانی دیکە بە هۆشیاریەکی زیاترەوە لەم بوارەدا دەدوێن. بریتانیا ئەم هێرشەی وەکوو “لە ژێر پێ نانی توندوتیژانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان” ناوبردووە.

هێرشە بەربڵاوەکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی سەعوودی کە بوو بە هۆی تێکچوونی زۆری سیستەمی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە، کاردانەوەی توندی زۆر لە وڵاتانی بە دواوە بووە. کۆمەڵێک ڕای جیاواز سەبارەت بەو هێرشانە بۆ سەر پاڵاوگەی نەوتی بەقیق و گۆڕەپانی نەوتی خەریس هاتوونەتە دەربڕین، لە کاتێکدا وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا ڕاستەوخۆ دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێرانی وەکوو بەرپرسی ئەم هێرشانە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان ناوبردووە، بەڵام وڵاتانی دیکە بە پارێزێکی زیاترەوە لەم بارەوە ڕای خۆیان دەربڕیووە.
هەواڵنێری ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکی خۆی دا کە ڕۆژی ١٦ی ئەیلوول لە لەندەن پێتەختی وڵاتی بریتانیا بڵاوی کردووەتەوە، باس لە هەڵویستەکانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا لە هەمبەر هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان دەکات و ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بۆ سەر دامەزراوە و گۆڕەپانە نەوتییەکانی ناوبراو لە ڕاستیدا هەنگاوێکی تۆکمە و لە هەمان کاتدا جێگەی داخ و کەسەرە و لە ژێر پێنانێکی دژی یاساکانی نێودەوڵەتییە. وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا لە مەڕ پشتیوانی کردن و یارمەتی وڵاتەکەی لە عەرەبستان پێداگری کردووە و سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە کێن تا ئێستا وەڵامێکی ئاشکرا و ڕوون دیار نیە.
ناوەندی هەواڵنێری ڕۆیتێرز ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی ئەیلوول بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە پێکەن پێتەختی وڵاتی چین باس لە هەڵویستی سیاسی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی چین سەبارەت بەم هێرشانە دەکات. وەزیری کاروباری دەرەوەی چین بە ئاماژە پێدان بە وتەکانی مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەڵێت : پۆمپێئۆ چەن کاژێرێک دوای هێرشەکان بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بەرپرسایەتیی ئەم هێرشانە وەئەستۆی ڕژیمی ئێرانە. هاوکات دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ناوی ڕژیمی ئێران بهێنێت، لە پۆستێکی توییتێری خۆیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دەوڵەتی ئامریکا ئەنجامدەرانی سەرەکی ئەم هێرشانە دەناسێت.
 وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی چین “هوئا چوون ینگ” ڕایگەیاندووە کە وەئەستۆ خستنی بەرپرسایەتی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتێکی دیاریکراو پێویستی به‌ هەبوونی بەڵگەی روون و تەواوە. وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتی چین داوای لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کردووە لە ئاستی ئەم ڕووداوانەدا خۆڕاگر بن و زۆر بە وشیاری هەڵسووکەوت بکەن.
له‌ لایه‌كی دیكه‌ش یه‌كیه‌تی ئه‌وروپا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئەیلوول دوابه‌دوای داڕشتنی گه‌ڵاڵه‌ی تاوانه‌كانی ئامریكا دژی ڕژیمی ئێران سه‌باره‌ت به‌ هێرشی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كان بۆ سه‌ر دام و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی عه‌ره‌بستانی سعوودی داواكاری زۆرترین ئاستی خۆڕاگری كردووه‌. وته‌بێژی فێدریكا مۆگرینی، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كیه‌تی ئه‌وروپا ئه‌ڵێت : هێرش بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی ئارامكۆ سه‌ر به‌ عه‌ره‌بستانی سعوودی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ و جێگای مه‌ترسییه‌ بۆ ئاسایش و باری ئه‌منی ناوچه‌كه‌. ناوبراو هه‌روه‌ها له‌ سه‌ر گرینگی وه‌ئه‌ستۆخستنی به‌رپرسایه‌تی هێرشه‌كانی ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ١٤ی ئه‌یلوول جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ هێزه‌ حووسیه‌كانی یه‌مه‌ن به‌رپرسایه‌تیی هێرش بۆ سه‌ر پاڵاوگه‌ی به‌قیق له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ره‌بستان و گۆڕه‌پانی نه‌وتیی خه‌ریس له‌م وڵاته‌یان وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌.
دوابه‌دوای هێرشه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ بۆ سه‌ر ناوه‌نده‌ نه‌وتییه‌كانی عه‌ره‌بستانی سعوودی و زیادبوونی ئه‌گه‌ری تێكهه‌ڵچوون و به‌ره‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی نێوان ئێران و ئامریكا نرخی فرۆشی نه‌وت له‌ بازاڕه‌ جیهانییه‌كان دا تا ئاستێكی زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و به‌ بڕوای كارناسان ڕێكخستنه‌وه‌ی خراپی پاڵاوگه‌كان و ئامێره‌كان و به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عه‌ره‌بستان بۆ ده‌ره‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ چه‌ندین مانگ كات بخایه‌نێت و پێویستی به‌ ئه‌رك و ماندووبوونێكی زۆر هه‌یه‌.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.