کاردانەوەی هەڕەشاوی ئێران سەبارەت بە ئەگەری بەشداری ئیسرائیل لە بەرەی هاوپەیمانیی کەنداوی فارس

0
870

ڕۆژی کورد :
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی ئیسرائیل لە بەرەی هاوپەیمانیی کەنداوی فارس بە سەرۆکایەتیی ئامریکا بە توندی کاردانەوەی دەربڕی. عەبباس مووسەوی بەشداریکردنی ئیسرائیل لەم بەرەدا هەڕەشەیەکی ئاشکرا دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ناودەبات و مافی بەرپەرچدانەوەی وڵاتەکەی بە ڕەوا و بەرحەق زانییوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ئەگەری ئامادەبوونی ئیسرائیل لە بەرەی هاوپەیمانیی سەربازی بە سەرۆکایەتی ئامریکا بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی گەمییەوانی لە ناوچەی کەنداوی فارس بە توندی کاردانەوەی دەربڕی و ئەوەی بە هەڕەشەیەکی ئاشکرا دژی ئەمنییەنی نەتەوەیی ئێران ناوبرد. عەبباس مووسەوی هەروەها مافی بەرگری و بەرپەرچدانەوەی بۆ وڵاتی کۆماری ئیسلامی بە ڕەوا و هەڵگیراو نەرخاند.
وتەبێژی دەزگای دیپلۆماسی ئێران ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی ئاگۆست سەبارەت بە گەڵاڵەی ئامریکا بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوپەیمانیی سەربازی لە هەمبەر دابینکردنی ئاسایشی گەمییەوانی لە ناوچەی کەنداوی فارس باسی لەوە کرد و وتی : کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئەو بڕوایە کە پێکهاتەی بنەڕەتی ئەم بەرەی هاوپەیمانییە، ئاڵوزاییە و هەر چەشنە ئەگەری بەشدارییەکی ڕژیمی داگیرکەری ئیسرائیل لەم بەرە هاوپەیمانییەدا سەربەخۆیە و هەبوونی ناڕەوای ئەم وڵاتە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بناغەی نەبوونی ئاسایش و سەقامگیرییە و هەڕەشەیەکی ئاشکرایە دژی ئاسایش، دەسەڵات و یەکپارچەیی ناوچەکە و هەروەها سەقامگیر نەبوونی ئاشتی و برایەتی لە ناوچەی کەنداوی فارس و لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی بەرگری و بەرپەرچدانەوەی وڵات، مافی بەربەرەکانێ و دەسکردنەوە لە خۆمان بە ڕەوا و بەرحەق ئەزانین و بە کردەوە و لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی بەرگری وڵاتەکەمان، گۆمانێکی تێدانیە کە هەموو بەرپرسایەتییەکانی ئەم کردەوە مەترسیدارە وە ئەستۆی ڕژیمی ئامریکا و ڕژیمی ناڕەوای سێهیونیزم ئەبێت.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوونی وڵاتی ئیسرائیل لە سەر پانتایی جیهان بە فەرمیی ناناسێت و لە وێژەی حکوومەتی ئەو وڵاتەدا ناوی وڵاتی ئیسرائیل بە “ڕژیمی سێهیونیستی” یان “ڕژیمی داگیرکەری قۆدس” ناودەبات.
هەروەها ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٨ی ئاگۆست لە وتووێژێکی تەلێفوونی لە گەڵ هاوتایانی خۆی لە وڵاتانی قەتەر، کوەیت و عەممان پێکهێنانی بەرەی هاوپەیمانیی سەربازی ئامریکای، هۆی زیادبوونی نائارامی لە ناوچەکەدا ناوبرد و سەبارەت بە ئەگەری بەشداری ئیسرائیل لەو بەرە هاوپەیمانەدا وتبووی : ئەگەری وەها هەنگاوێک زۆر ورووژێنەرە و ئەتوانێت دەرئەنجامی زۆر خراپ بە دوای خۆیدا بهێنێت. حاتەمی هەروەها ئامریکا بە هۆکاری سەرەکی نائارامی لە ناوچەکەدا ناو دەبات و جەختی لە سەر ئەوە کردبوو کە ناهێڵن کەنداوی فارس ببێتە ڕمبازگە و گۆڕەپانی بەشداری بیانییەکان.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵنێری تەسنیم سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە بەشێکی دیکەی وتەکانی ئەمڕۆی خۆیدا سەبارەت بە هەوڵەکانی ئامریکا بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوپەیمانیی سەربازی یا بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئاسایشی دریاوانی لە داهاتوودا بە بیانووی دابینکردنی باری ئەمنی دریاوانی لە کەنداوی فارس دا وتی : دەوڵەتی ئێران وەکوو یەکێک لە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بە هۆی گرێدراوی پانتایی ١٥٠٠ مایل قەراغ ئاوی لەم ناوچەدا و بە پێی بەرپرسیارەتیی مێژوویی، کەنداوی فارس بە بەشێک لە درێژەی دەسەڵاتی وڵاتی خۆی دەزانێت و خۆی بە بەرپرسیار ئەزانێت لە دابینکردنی ئاسایش و باری ئەمنی و هەروەها ئەمنییەتی هاتۆچۆی کەشتی لەم نازچە ئەزانێت و لە سەر ئەو بڕوایە بەشداری هێزەکانی دوورە ناوچەیی لە کەنداوی فارس لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێک کە بێت، نە تەنیا یارمەتیدەر نیە بۆ بووژاندنەوەی باری ئەمنی ناوچەکە بەڵکوو ئەتوانێت ببێتە هۆی کێشە و ئاڵۆزی و سازکردنی قەیران و هەستیاری ناوچەی کەنداوی فارس زیاتر لە جاران بکات.
دوابەدوای هێرش بۆ سەر چەن نەوتهەڵگر لە ناوچەی کەنداوی فارس و بە تایبەتی دوای ڕاگرتن و دەست بە سەرداگرتنی نەوتهەڵگری بریتانیایی “ئێستێنا ئیمپڕۆ” لە لایەن هێزە زەریاییەکانی سۆپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران کە کێشە و ئاڵۆزییەکانی لە ناوچەکەدا زیاتر کرد. حەوتووی ڕابردوو کۆبوونەوەیەک لە سەر بانگهێشتی بریتانیا لە مەنامە و بە بەشداری نوێنەرانی ئامریکا و چەن وڵاتی ئەوروپایی بەڕێوەچوو کە ئارمانجی سەرەکی هەوڵ بۆ دابینکردنی باری ئەمنی دەریاوانی لە ناوچەی کەنداوی فارس باس کرابوو.
ئامریکا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیاری هێرشەکانی ئەم دواێیانە بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی کەنداوی فارس ئەزانێت، مانگی ڕابردوو لە ڕێکەوتی ٩ی تەمووز دا پێشنیاری پێکهێنانی بەرەیەکی هاوپەیمانیی جیهانی بۆ پاراستنی ستراتێژیک لە باریکەڕێی هۆرمز، بابولمەندەب و زەریای سوور هێنابووە گۆڕێ. کۆماری ئیسلامی کە بە هۆی گوشار و بایکۆتەکانی ئامریکا لە گەڵ کێشەی هەناردە نەکردنی نەوت بەرەوڕوو بووە، هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی لە کەنداوی فارس دا بە درۆ خستووەتەوە، بەڵام هاوکات هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە بەرگری کردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران، بە واتای کەوتنە مەترسی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکانی دیکەیە.
بە پێی وتەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، واشنتۆن بانگهێشتی بەرپرسانی زیاتر لە ٦٠ وڵاتی دونیای کردووە بۆ بەشداری لە پێکهێنانی بەرەی هاوپەیمانیی لە کاتێک دا ئاڵمان، ژاپۆن و ئێسپانیا بە داخوازەکەی ئامریکا وەڵامی نەرێنییان داوەتەوە، بریتانیا ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە بۆ بەشداری کردن لە پێکهێنانی بەرەی هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئۆسترالیا ڕایگەیاندووە کە بابەتی بەشداریکردن و پەیوەست بوون بەم بەرەی هاوپەیمانییەوە تاوتوێ دەکات. پێشتر باس لەوە کرابوو کە وڵاتانی فەرانسە، ئیتالیا و دانیمارک هاوڕایی بنەڕەتی خۆیان لە گەڵ ئەم گەڵاڵە ڕاگەیاندووە و چەن وڵاتی دیکەی ئەوروپایی وەکوو هۆڵەند هێشتا سەرقاڵی تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی پێشنیارەکەن.
هاوکات وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو باسی لە پەیوەست بوون و بەشداری لە بەرەی هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کردووە و وەها بەشدارییەکی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و لە ڕووی ڕاگرتنی زێدەڕوییەکانی ئێران تاوتۆێکردووە. بەرەی هاوپەیمانیی سەربازی لەندەن و واشنتۆن لە کەنداوی فارس لە یەکەم هەنگاوی هاوبەشی خۆیدا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو داوای لە هەموو کەشتییە بازرگانییەکان کرد تا ڕێگای ئاخێزی خۆیان لە ناوچەکەدا بەرەوڕووی ناوگانی پێنجەمی هێزە دەریاییەکانی ئامریکا و ناوەندی فەرماندەیی چالاکییە دەریاییەکانی بریتانیا ڕابگەیەنن هەتا پشتیوانی و ئاگادارییان لێ بکرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.