ژیلا موستەئجیر: هیچ یاسایەک پشتیوانی لە ژنی کورد ناکات

0
658

بە بۆنەی ڕۆژی جهانی ٨ی مارس، ڕۆژی کورد ئاورێکی لەهەندێ لە چالاکوانانی بواری مافی ئافرەتان بە ڕوانگەی جیاوازی سیاسییەوە داوەتەوە، و چەند پرسیارێکی هێناوەتە ئاراوە. لە وتووێژی بەردەستدا ، ژیلا موستەئجر، چالاکی سیاسی و مافی ئافرەتان، وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژی کوردی داوەتەوە.

ڕۆژی کورد: فەلسەفەی دەست نیشان کردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ زۆر ژن لایان وایە کە دەست نیشان کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی ژن نەک ڕێزگرتن لە ژن نییە بەڵکو سنووردارکردنەوەی کێشەی ژنانە و جۆرێک بێ ڕێزیە، ئێوە ڕاتان چیە؟

موستەئجیر: هەروەک دەزانین سەدەیەک پێش ئێستا، لە وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکا دوای تێچووگەلێک کە ژنانی کرێگار بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان لە بواری ئابوورییەوە داویانە  و دواتر 8ی مارس کرا بە بۆنەیەک بۆ ڕێز گرتن لەو دەسکەوتەکانە کە ژنان، خەباتی خوێناویان لە ڕۆژئاوای جیهان بۆ کرد و هەموو ساڵێکیش بۆ رێز گرتن لەو خەباتەو سەلماندنی ئاشتی خوازی ژنان لەو ڕۆژەدا چالاکی تایبەت بەو ڕۆژەئەنجام دەدرێ،دیارە لە مێژووی هەموو نەتەوەکان و هەموو وڵاتان بۆنە تایبەتەکان ڕۆژێکیان بۆ تەرخان دەکرێ و لەو ڕۆژەدا بە شادی وبە چالاکی جۆراوجۆر یادی ئەو کۆمەڵە روداوە کە لەو ڕۆژەدا خولقاون دەکرێتەوە،ئێمە لێرەدا دەبێ ئاور لە روانینی خۆمان بدەینەوە کە ئایا ئێمە (چ وەکو ژنان چ وەکو پیاوان)چۆن دەروانینە کێشەی ژنان؟ئایا تەنها بە هاتنی ڕۆژی 8ی مارس بیری ئازار وکێشەکانی ژنان دەکەوینەوە؟ بەڵێ راستە ئەو مرۆڤانە کە تەنها لە ڕۆژی 8ی مارس دا دەچنە سەر منبەر و ئاخ وداخی خۆیان بۆ بارودۆخی ژنان دەردەبرن بێرێزی بە مرۆڤایەتی دەکەن،راستی ئەو ڕۆژە ئەوەیە کە ئێمە سەراسەری ساڵ بۆ نەمان و بن بڕ کردنی کێشەکان هەوڵ بدەین و لە8ی مارس دا بەدەستێکی پرەوە ڕێز لە تێکۆشانەکانمان بگرین.

ڕۆژی کورد: لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتاندا، دۆخی ژنانی کوردستان بە گشتی و کوردستانی خۆرهەڵات بەتایبەتی چۆن دەبینن؟

موستەئجیر: ژنانی کوردستان بەهەموو بەشەکانیەوە چ بەشی ئازاد کراو لەدەستی داگیرەکەر چ کوردستانی بندەست، لە دۆخێکی بەراستی نەخۆش و نالەباردا دەژین، ژنانی کوردستان هیچ یاسایەک پشتیوانیان لێ ناکا، ڕۆژانە لە هەواڵەکاندا دەبینین کە ژنان خۆیان دەکوژن،دەبینین کە بە ئاشکرا رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە و دەبینین کە بە منداڵی بەمێرد دەدرێن،لە لایەن حوکومەتی ناوەندیەوە بەردەوام رووبەرووی بێرێزی دەبن،ئیزنی خۆپێگەیاندنیان ئەو جۆرە کە دەیانهەوێ پێ نادرێ و ناتوانن بەشداری لە چالاکیە جۆراوجۆرەکانی وەرزشی،ئابوری،سیاسی ،و هتد،ئەوجۆرە کە مرۆڤێک مافی هەیە و دەتوانێ بەشدار بێت،نیە وبەداخەوە ئەم جۆرە سەرکوتانەش هەم لەسەر دەستی داگیرکەر و هەم پیاوانیشەوە دەکرێت.

ڕۆژی کورد: فێمینیزمی کورد، لە چ دۆخێک دایە؟ چەمکێک بە ناوی فێمینیزمی کورد و فێمینیستی کورد، بە پێی پێوەری ڕاستەقینەی خۆی، بوونی هەیە؟

موستەئجیر: بزاڤی فێمێنیسم وەک هەرئیدۆلۆژیەک دەکەوێتە ژێر کاریگەری نەریتەکان و زۆر جاریش لەگەڵیان تێکەڵاو بووە ،بۆ ئەوەیکە بە ئەحزاب و چالاکانی سیاسی بسەلمێنێ کە فێمێنیسم دژی بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەل نیەو دەیهەوێ هاوتەریب تێبکۆشێ بۆ یەکسانی و بەرابەری رەگەزی کە بە داخەوە لێرەدا بە زۆر هۆکار،بزوتنەوەی رزگاری خوازی ژنان ناتوانێ رەوتی راستەقینە و ئوسولی خۆی ئەو جۆرە کەدەبێ ،بپێوێ وبەشێکی زۆری هەوڵەکان دەبێتە قوربانی مەسڵەحەتهایی ئەو کاریگەریە.

ڕۆژی کورد: پێدەچێ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ڕەوتی فێمینیستی یان کاڵ بۆتەوە یان هێندە تۆخ نەماوە بەڵام کورد تازە تێیدا گەرم و گوڕ دەبێ، ئەو قسە تا چەند ڕاستە؟

موستەئجیر:  باشتر وایە بڵێین کە چون ژنان لەو وڵاتانە لانیکەم توانیویانە مافەکانیان ببەنە نێو دەستور و یاسای وڵاتەوە و چاوەدێری بەسەر جێبەجێ کردنیان دەکەن و  یاسا پشتگیری ژنان دەکات و چی دی تێکۆشانێکی ئەوتۆی بەناو وەدی هاتنی مافەکان ناوێت ،بەڵام هەنووکە لە خۆرهەڵات بەگشتی ئەم هەویرە ئاوی زۆری دەوێ و کوردیشی لەگەڵ دا بێت ساڵەهای ساڵ، بەهۆی جوغرافیایەکە تیایدا دەژیت و بونی ئایین و ئۆسلوبهایەکە بە ئاشکرا مافی ژنان پێشێل دەکەن، دەبێ خەباتی دو قۆڵی(ژن و پیاو) بۆ بکرێت و زۆر گەرمتر لەوەیکە هەیە ببێت.

ڕۆژی کورد: بوونی پارتێک بە ناوی پارتی فێمینیستی کورد، لە هەندەران و بێ هەبوونی هێزی چەکدار و توانایی هەڵسووڕانی فەرمی لە ناوخۆی وڵاتدا چۆن دەبینن؟

موستەئجیر: لە ڕاستیدا هەرچەندە ژنانی کورد بە مەسەلەی ژنانەوە سەرقاڵ بن کەمە، ژنانی ئەوروپا کە کات بۆ کێشەکانی ژنان دادەنێن لە دوو ڕوانگەوە بە بروای من باشە:

1: ئەوەیکە کۆمەڵگای ئەوروپا هەست بە زوڵم لێ کراوی ژنانی کورد دەکات و زۆر جار هەوڵی چارەسەری لە رێگەی جۆراوجۆری بۆ دەدات

2: هەوڵی ژنان لە دەستەبەرکردنی مافی هەموو ژنان لە هەر شوێنێکە هەبن.

ئێمە ژنانێکمان هەیە کە بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگای خۆیان دابراون و ناچارەن لە واڵتێکدا دەژین کە هەل و دەرفەتی بەشداری خەباتی چەکداریان نیە،ئەو ژنەن دەتوانێ لە باری فکریەوە یارمەتی دەری تێکۆشانی ژنان بێت و ئەرکی خۆی بە جێ بگەیەنێ.

دیارە خەباتی ژنانیش سەرەتا دەبێ لەباری فکریەوە پڕ هێز بکرێ.

ڕۆژی کورد: قسەتان بۆ ژنانی کورد؟

موستەئجیر: ئێمەی ژنی کورد خەباتێکی گەورەمان لە پێشە، بۆ ئەوەیکە بتوانین براوەی ئەو خەباتە بین دەبێ بە باشی خۆمان و هێزی بۆ ئامادە و پەروەردە بکەین، دەبێ بە تێگەیشتنێک بگەین کە بەهەمو ژنانەوە بەشداری ئەو خەباتە بین و بۆەئەوەش ساکارترین رێگەچارە ئەوەیە کە چالاکانی بواری ژنان هەوڵ بدەن لە رێگەی ناوەند و رێکخراوەکاەوەن، ژنان لە مافەکانی خۆیان سەرەتا ئاگادار بکرێنەوە دواتر پەروەردە بکرێن بۆ وەدەست هێنانی ئەو مافانە بە شێوازی سەردەمیانە و گونجاو لەگەڵ کات .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.