ژیانی هاوسەرگیرییەکی جیاواز و جێگای سرنج لە مەریوان

0
2686

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتووە، بووک و زاوایەکی لاوی خەڵکی شاری مەریوان، ژیانی هاوبەشی خۆیان بە پێشکەش کردنی تێچووی زەماوەندی خۆیان بە بنکەیەکی خێرخوازیی ئەو شارە و بە شێوەیەکی جیاواز، دەست پێکرد.

محەمەد تەوان و دڵنیا محەمەدی، بووک و زاوای گەنجی خەڵکی سەردووشی مەریوان، لە هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانەدا، شایی و زەماوەندێکی ساکاریان لە پەرتووکخانەی گوندی سەردووش گرت و لە بەرانبەردا تێچووی شاییەکەیان کرد بە دیاری بۆ بنکەی خێرخوازیی “ئاسۆی ژیان” لە مەریوان.

ئەوان ویستیان لەو ڕێگایەوە، یارمەتیی هەژارانی شارەکەیان بدەن و بەو شێوەیە خۆشیی ژیانی هاوبەشی خۆیان لەگەڵ هەژاران دابەش کرد.

محەمەد و دڵنیا، هەروەها چەند پەرتووکێکیشیان بە دیاری پێشکەشکی پەرتووکخانەی گوندی سەردووش کرد.

ناوەندی ڕۆژی کورد، پیرۆزبایی لەو بووک و زاوا گەنجە دەکات و هیوا دەخوازێت، هەڵوێستی شیاوی ئەو دوو گەنجە کوردە ببێت بە نەریتێکی نەتەوەیی لە ناو کوردان.

مەریوان لە کوردستانی خۆرهەڵات و لە پارێزگای سنە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، بووە بە هێمای ڕۆشەنبیری و هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت