ژوورێکی هاوبەشی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەتوانێ یەکەم هەنگاوی کاری هاوبەش بێت

0
2166
فوئاد شێربەگی
فوئاد شێربەگی

نووسینی: فۆئاد شێربەیگی

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات زۆر زیاتر هاتووەتە بەرچاو و بەتایبەت لە سێ پارچەکەی تری کوردستان بێجگە لە ڕۆژهەڵات بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئەگەر لەگەڵ خۆمان ڕووڕاست بین، دەنگی کوردستانی ڕۆژهەڵات و پرسەکەی، لەئاستی خۆیدا لەو ماوەیەدا لەپشت گوێ خراوە و کەسیش بێجگە لەخۆمان تاوانبار نییە.

ڕاستە بارودۆخە ناوچەییەکە و دەرفەتەکانی بەردەم سێ پارچەکەی تری کوردستان جیاوازییەکەی زۆری لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵات هەبووە بەڵام ئەوەشمان لەبیرنەچێتەوە قوازتنەوەی دەرفەتەکانیش، پێویستییەکی زۆری بە ئامادەبوون و کارامەبوونی ئەکتەرەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە هەیە و ئەگەر هۆکارەکانی گۆڕانکاری بە دوو بەشی گشتی قابیلی کۆنترۆڵ و کۆنترۆڵ نەکراو دابەش بکەین هەموو ئەو گۆڕانکارییە ناوچەیی و دەرفەتانە دەکەوێتە خانەی هۆکارەکانێکەوە کە لە ئیرادەی ئێمەدا نەبوون و ئێمە وەکوو هەڵسوڕاوانی سیاسی دەورێکمان لە بەدیهاتنیاندا نەبووە بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە چاوەڕوان دانیشتن و تەنیا بەهیوای وەدیهاتنی دەرفەتی کاری ڕێکخراوێکی حیزبی و سیاسی نییە و هەموو حیزبێک و ڕێکخراوێکی سیاسی دەبێ سەرەڕای خۆئامادەکردن بۆ قوازتنەوەی هەر دەرفەتێک، بۆخۆشی لەسەر ستراتژییەکی گونجاو بۆ خوڵقاندنی دەرفەتی گونجاو تێبکۆشێت.

حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە هۆی بوونی مێژوویەکی پڕئەزموون و هەروەها پشتیوانییەکی جەماوەری لەو بوارەدا، ئەرکێکی سەرەکییان هەیە و دەشتوانن دەورێکی بەرچاو بگێڕن و ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەی کاریگەریی حیزبە سەرەکییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەتوانێ زۆر لەوەی تا ئێستا بینیومانە زیاتر بێت و بەشێک لەو کەمکارییە دەگەڕێتەوە ئەستۆی ئەوان، جا بەشێکیان زۆرتر و بەشێکیان کەمتر.

دەبێ ئەو ڕاستییە لەبیر نەکەین کە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ژینگەی سیاسیی هاوبەشی هەموو حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و ئەو ژینگە هاوبەشە پێویستی بە کاری هاوبەش هەیە و کەس بە تەنیا ناتوانێ هەموو مەندیی بزووتنەوەکە بهەژێنێت و پێویستی بە کەسی تر نەبێت و ئەوەی دەبیندرێ هەموو حیزبەکان لەو ڕاستییە ئاگادارن و هەر هەموشیان باس لەو پێویستییە دەکەن، ئەی بۆچی لە ژێرەوەدا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نابیندرێ؟

من دوو هۆکاری سەرەکی دەبینم کە بریتن لە یەکەم: ئەو ڕاستییە کە بەشێک لەو حیزبانە نایانهەوێ عەرزی واقیعی سیاسەتی کوردستانی ڕۆژهەڵات ببینن و حاشا لەیەک دەکەن کە ئەوە لەمپەرێکی گەورەیە بۆ پێشگرتن لە کاری هاوبەش و گوناحەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی هەموو ئەو کەسانەی ئاوا بیربکەنەوە و هۆکاری دووهەمیش لە ڕوانگەی منەوە ئەوەیە کە بەشێک لەو حیزبانە بە پاساوی بوونی ستراتژیی جیاواز، خۆ لە کاری هاوبەش دەدزنەوە و خۆیان لە پشت ئەو بیانووە تیۆریکەوە شاردووەتەوە بەڵام ئەوەیان لەبیرچووەتەوە کە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەمڕۆ لە بارودۆخێکدایە کە پێویستیی کاری هاوبەش بەرپرسیاریەتییەکی مێژووییە و کەسانێک ئەرکی خۆیان لەو بەرپرسیاریەتییە بەڕێوەنەبەن ناتوانن بانگەشەی شۆڕشگێربوونیان هەبێت ودەچنە خانەی تەسلیم بوون بە جەبری مێژوییەوە.

چارەنووسی بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە پراتیکدا، ئەمڕۆ هەموو ستراتژییەک بەلاوە دەنێت و باس لە مان و نەمانە و مێژوو لەسەر کردەوەکانی ئێمە داوەری دەکات و دەکرێ سەرەڕای بوونی ستراتژیی جیاواز بۆ ئامانجێکی چارەنووسساز بەیەکەوە هاوکاری بکەین و جیاوازییە فکری و ئیدئۆلۆژییەکەکانی خۆشمان هەبێتو هیچ پاساوێک ناخوا بۆ ئەو مەبەستە.

هەموو حیزبەسەرەکییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەرکامیان بە شێوازێک بەرنامە و پلان بۆ کاری هاوبەشیان ڕاگەیاندووە و ئەوەی تا ئیستا دیارە هیچ کامەیان نەیانتوانیوە قەناعەت بە چەند لایەن بۆ کاری هاوبەش بکەن و ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەر هەموشیان دووان بە دووان پەیوەندی دۆستانە و دیپلۆماتیکیان پێکەوە هەیە بەڵام کە دەگاتە کاری هاوبەش، ناتوانن نە لە بەرەی کوردستانیدا پێکبێن و نە کۆنگرەی ڕۆژهەڵات دامەزرێنن و نە ڕێکەوتننامەکانی نێوخۆیان بە ڕێکوپێکی بەڕێوە بەرن.

ئەی ئەگەر ئەو پڕۆژانە بێ کەڵک بوون، چارەسەر دەبێ چی بێت تا بتوانێت ئەو لایەنانە لەدەوری یەک کۆکاتەوە؟

من باوەڕم بە کاری هەنگاو بەهەنگا هەیە و هەر بۆیە پێشنیار دەکەم وەکوو یەکەم هەنگاو بۆ هەر پرۆژە و پلانێکی کاری هاوبەش، لە پێشدا ژوورێکی هاوبەش بۆ بیروڕا گۆڕینەوە پێک بێت و ئەو ژوورە لە ئاستێکی خاوەن دەسەڵات لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بێت و وەکوو هەنگاوی یەکەم، دوو لایەنیش دەتوانن دەستی پێبکەن و لایەنەکانی تر بانگهێشت بکەن و ئەو ژوورە وەکوو یەکوم دەزگای هاوبەشی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەرکی ئامادەسازی بۆ هاوکاریی نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لە ئەستۆ بێت و هەمیشەیی بێت و بەشداری بۆ هەموو لایەنەکان بێت و لەهەر کارێکیشدا کە بەڕێککەوتن گەیشتن بەیەکەوە و بە ناوی ئەو ژوورەوە ڕاگەیاندن بدەن و ئەگەریش پێکنەهاتبوون با هەرکەسەو ڕاگەیاندنی خۆی بدات.

دروستکردنی وەها ژووریک و بەشداری کردن تێیدا، دەرخەری نییەتی ڕاستەقینەی لایەنەکانە بۆ کاری هاوبەش و هەروەها دڵخۆشییەک دەبێت بۆ خەڵکی کوردستانیش و لەگەڵ ئەوەشدا یەکەم بەردی بناغەی ناونیشانێکی هاوبەشە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات.

هیوادارم حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هەست بە بەرپرسیارێتیی مێژووییەوە بۆ دەستپێکردنی کاری هابەش لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەنگاو بنێن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت