ژنێکی دەستەمۆم!
/ شەهلا یارحوسێنی

0
676

ژنێکی دەستەمۆم!

من دەستەمۆی دایکێکم کە ئەویش وەک من دەستەمۆی برایەک بوو، بیست ساڵ لە خۆی مناڵتر بوو!


من دەستەمۆی باوکێکم بووم، کە ئەویش دەستەمۆی پیاوانی گوندو، باوکی لە هەموو پێاوانی گوند دەترسا!


من دەستەمۆی برایەک بووم کە دە ساڵ لە خۆم مناڵتر بوو،


براکەم پێی دەگوتم تۆ کچیت و شەرم ڕێگای ژیانی تۆیە، تۆ نەبوویتایە ئێستا من تەنیا باڵ نەدەبووم و، برایەکەم دەبوو وەک خۆم زیرەک و چاونەترس دەبوو.


من دەستەمۆی جیرانێک بووم کە چوار نێرینەیان هەبوو، هەموو ڕۆژێک بە چوارقۆڵی ڕێگەیان پێدەگرتم و لە نوکی پێم تا تەوقی سەرم تەماشایان دەکردم و دواجار بە مۆڕەوە پشتیان تێدەکردم.

 
من دەستەمۆی شارێکم کە هەموو خەڵکی مردوەو، لە نێو هەموو کەلە سەری مردوەکاندا وردەزیخ و بەردی ڕەجم هەیە!

من دەستەمۆی باغەوانێکم هەموو ڕۆژێک، بە بێڵ بەر دەبێتە ڕۆح و ڕەگم، تا برینی جەستەم بە سۆ نەکات مەحاڵە دەستم لێ بەربدات!

لێرەوە چیرۆکی، من، تۆ، ئەو، ئێوە، ئەوان، هەموومانین!

من ژنێکی پەلکێشکراوم بە شەقامەکانی بەرددا تێدەپەڕم و بە دەم هاواری داری دەستی نێرە زەلامێکەوە دەتلێمەوەو ڕوخسارم شەڵاڵی خوینە.


بانگی لێ کردم تۆ هەی” قەحبە” هەستە بڕۆ خۆت خۆڵاو بکە، تۆ گڵاوی، گڵاوتر لە “سەگ”

منی ژنی پەلکێش کراو، بە نوزەوە سەرم بەرز کردەوەو خەریک بوو بڵێم تۆ لە من بوویت، تۆ لێوەکانت بەر زێی من کەوتوەو خوێنی نێوگەڵم پڕ بە قوڕگت بووە، بەڵام لە پڕ بەردێک بە کیفەوە بەر نێو چەوانم کەوتو، خوێن چۆڕاوەی دەکرت بە بەرەۆکمدا، بەڵام لە پڕ،ئازاری بەرد وای لێکردم تا دەمم گرتی پڕ بە گەرووم قیژاندم و هاوارم کرد لێمدەن بە بەرد تا دەتوانن، چونکە ئێوە نێوگەڵتان، عەقڵتانەو پەڕۆی بێنوێژی ژنێک شەرەفتانە.


تۆ چیت؟ تۆ گێلە پیاوی جەهل و میرات گریت و خێڵەکەت بە شەقامی بکوژەکان ناسراوەو کیژۆڵە پاکیزەکان، بە نرکەو نەڕەی ئێوە تۆقاون و لە حیلەو هەڵپە هەڵپی ئێوە ئاوس بوون، لە دوای ئەو هەموو کاتە ئاوس بوونە بە ئێوە چیمان دەستکەوت؟


هیچ!


تەنها و تەنها بەرد و کوتەک پاشان مردن!

شەهلا یارحوسێنی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.