ڕەوشی کوردستانی ڕۆژئاوا لە سمیناری “ڕەوش، ڕاوێژ، ڕێگا” لە وڵاتی فەڕانسە تاووتوێ کرا

0
902

ڕۆژی کورد: پانێلی کوردستانی ڕۆژئاوا لە سمیناری “ڕەوش، راوێژ، ڕێگا” لە وڵاتی فەڕانسە لە ڕێکەوتی ١٧ی ژوئەن بەرانبەر بە ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بەشداریی هەرکام لە خاتوو زینێ جەمۆ، چالاکی سیاسی- شێخ موبارەک غەزنەوی، چالاک و کەسایەتیی سیاسیی کورد- ئیبراهیم برۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە (ئەنەکەسە)- عیمران مەنسوور، پارێزەر و شیار خەلیل، ڕۆژنامەنووس بەڕێوەچوو.

خاتوو زینی جەمۆ لە باسێک لە ژێر ناونیشانی “ڕەوشی کورد لە رابردوو و ئێستا و داهاتوو” باسی لە مێژووی بەرخۆدان و پێکهاتنی پارتە کوردییەکان لە کوردستانی ڕۆژئاوا کرد و گوتی: “یەکەم پارتی کوردی لە ڕۆژئاوا، ساڵی ١٩٥٧ یەکەم پارتی لە کوردستانی ڕۆژئاوا هەیە”.

جەمۆ گوتی: “خاوەنی کوردستان، کوردەکانن، عەرەبەکان دوای هاتنە ئارای هێرشی عەرەبەکان هاتنە کوردستان و دواتریش لە ئیمپراتووریی عوسمانیدا و ئەنجا لە سایکس- پیکۆدا، کوردستان دابەش بوو کە بەشی ڕۆژئاوا کەوتە بەر دەستی عەرەبەکان کە ئەوانیش دوای هاتنە ئارای هەستی نەتەوەیی فاشیستی لە ناو عەرەبەکان، ئەوان کوردەکانیان ڕاو نا و نکوڵییان لێکردن”.

شێخ موبارەک غەزنەوی، چالاک و کەسایەتیی سیاسیی کورد، لەو سمینارەدا باسێکی لەژێر ناوونیشانی “مۆدێلەکانی چارەسەریی قەیرانی سووریە و کێشەی کورد و شێوەی بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوا، کێشە و چارەسەرەکان” گوتی: “ئێمەی کورد لە ڕۆژئاوا، فیدرالیمان ناوێ، بە سرنجدان بە ئەزموونی باشوور، ئێمە چیتر بە فیدراڵی ڕازی نابین کە پێشتریش کەمترین داخوازیی ئێمە لە ڕۆژئاوا بووە”.

غەزنەوەی ڕەخنەی لە گۆرینی ناوی کوردستانی ڕۆژئاوا بۆ باکووری سووریە گرت و گوتی دەبێ سەرجەم حیزبەکان، هەوڵ بدەن بە یەکەوە یەک مۆدێل بۆ سەربەخۆیی ڕەچاو بکەن کە ئەوە بە سرنجدان بە هاوکاریی ئەمریکا، لە ڕێگای دانوستان و چالاکیی سیاسی، ئەو هەرێمە کوردییە بپارێزرێت.

هەروەها ئیبراهیم برۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە (ئەنەکەسە) کە لە رێگای گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە بەشداری ئەو سمینارە ببوو، باسێکی لەمەڕ “مۆدێلەکانی چارەسەریی قەیرانی سووریە، کێشەی کورد و شێوەکانی چارەسەری” پێشکەش کرد و گوتی: “سیاسەتی بە عەرەب کردنی کوردستان و هێنانی خەڵکانی عەرەب لە دەرەوە، ئاوارە کردنی کوردەکان و بێ ناسنامەکردنیان، سیاسەتێکە کە ٦٠ ساڵە بەردەوامە”.

برۆ دواتر ئاوڕێ لە سیاسەتی پ.ک.ک بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا داوە و گوتی: “چالاکیی سیاسیی کوردەکان لە ڕۆژئاوا هەمیشە بەردەوام بووە بەڵام لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوو لە شۆڕشی سووریە، رەوشی کوردەکان زۆر خراپ بووە بەتایبەتی کە پەکەکە و ڕژیمی ئەسەد پێکەوە ڕێکەوتنیان کرد و سەدان گریلای پەکەکە هاتنە ڕۆژئاوا و پێشیان بە هەموو تەڤگەری کوردی لە ڕۆژئاوا گرت و ئیزنیان نەدا هێز پێک بهێت”.

عیمران مەنسوور، پارێزوانی کورد، بابەتێکی لەژێر ناوونیشانی “قۆناغی دوای داعش، بەشار و پرسی کورد”، پێشکەش کرد و گوتی: “داعش، جیبهەتوننووسرە و ئەحراروشام، شارە کوردییەکانیان ڕووخاند تا ئەوەی کە هێزی پاراستنی کوردی ساز بوو کە نەماندەویست ئەوەی ساڵی ٢٠٠٤ بەسەرمان هات، دووبارە بێتەوە بەڵام دواتر پەیەدە و ڕژیمی ئەسەد، دۆخەکەیان وەک خۆی لێکردەوە و کوردیش نەیویست شەڕی براکوژی دروست بێ بەڵام ئەوە شەش ساڵە دەبینین کە ڕەوشی کورد لە ڕۆژئاوا هەر خراپتر دەبێت”.

مەنسوور بە ئاماژە بە هاوکاریی ڕژیم بەعس و داعش و ئازادکرانی سەرۆکەکانی داعش لە بەندیخانەکانی ئەسەد، گوتی: “ئەو سەرکردانەی داعش، شۆڕشی کوردییان بە دژی ئیسلام ناساند و هەر بۆیەش هێرشیان کردە سەر کوردستان تا ئەوەی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان هات و یاریمەتیی کوردی ڕۆژئاوایان دا و پێشیان بەو هێرشەی داعش گرت”.

شیار خەلیل، یەکێکی تر لە بەشداربووانی ئەو پانێلە بوو و باسێکی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژئاوا پێشکەش کرد.

خەلیل لە بەشێک لە باسەکەیدا گوتی: “دۆخی کورد لە ڕۆژئاوا زۆر ئاڵۆزە و ئێستا بە گەیشتنی حەشدی شەعبی بۆ ڕۆژئاوا بە یارمەتیی پەکەکە، دۆخەکە ئاڵۆزتر لە پێشوویە و ئێستا حەشدی شەعبی کە دژی کوردانن، تا قامیشلووش چوونە پێش و لە پێشە ڕۆژدا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێ کە دەستی پەکەکەی تێدایە”.

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا هەروەها گوتیشی: “تا ئێستا ٢٧٧ کەسی کورد لە بەندیخانەکانی ڕژیمی ئەسەدن و ٧٨ کەسیش لە لایەن ئاسایشی پەیەدەوە گیران و ٨٩ کەسی شلەلایەن گرووپە ئیسلامییەکانەوە دەست بەسەر کراون کە ئامارەکان لەوەش زیاترە بەڵام مخابن چالاکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژئاوا، ئاوڕ لەو باسە لە ئاستی ناونەتەوەیی نادەنەوە”.

خەلیل هەروەها گوتی: “پارتە کوردەکانی ڕۆژئاوا ئاورێکی ئەوتۆ لە پرسی مافی مرۆڤ لە ڕۆژئاوا نادەنەوە و ئەو باسە پشت گوێ خراوە”.

ناوبراو باسی لە بە سەرباز کردنی منداڵان لە لایەن پەکەوە کرد و گوتی: “لە گوندی گرگێ دژوێر لە دێرکێ، ئاسایش هێرشی بردە سەر ئەو گوندە و ١٥ کەسیان گرتن و وەک بارمتە ڕایانگرتن تا ئەوەی کە کوڕەکانی ئەو بنەماڵانە لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا واز بێنن و دەرکەون”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت