ڕێگاوبانەکانی هەورامان: ٢٢ ملیارد و ٧٠٠ ملیۆن تمەن، کەمی بوودجەیان هەیە

0
1333

ڕۆژی کورد: نەبوونی ئامێر و بوودجەی  پێویست لەبەردەم دایرەی ڕێگاوبانی شارستانی پاوە،  بووەتە هۆی داخرانی قۆتابخانەکان و ڕێگای چەندین گوندی ناوچەکە.
بە پێ سەرچاوە هەرێمییەکانی هەواڵ و زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شەپۆلێکی بەفر و باران بارین ڕووی لە بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، وێڕای داخرانی قۆتابخانەکان لە شارستانی پاوە، ڕێگای هاتوچۆی چەند گۆندێک لە ناوچەی هەورامانیش داخراون.
“سەعدی فەتاحی”، بەرپرسی پەروەردە و ڕاهێنانی شارستانی پاوە، بە هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕاگەیاند کە ” بەهۆی بارینی بەفر، ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەموو قۆتابخانەکانی دەوامی بەیانی لە شارستانی پاوە و هەورامان، دادەخرێن”.
مامۆستاییەکی قۆتابخانە لە شاری پاوە، لە وتوێژێکی تایبەت لەگەڵ ڕۆژی کورد، هۆکاری داخرانی قۆتابخانەکانی بۆ نەبوونی ئیمکانات و بوودجەی پێویست لەبەردەم شارەوانی و دایرەی ڕێگاوبان گەڕاندەوە و بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند کە ” زۆرجار لە کاتی بەفربارین داوامان لە شارەوانی و دایرەی ڕێگاوبان کردووە کە بۆ پێشگرتن بە داخرانی قۆتابخانەکان، پێویستە کە بەفر و سەهۆڵی ڕیگا و کۆڵانەکانی نێوشار پاک بکەنەوە، بەڵام بەداخەوە بەرپرسانی ئەو ئیدارانە لە وەڵامدا وتوویانە کە ئێمە بوودجە و ئیمکاناتی پێویستمان لەبەردەستدا نییە”، ئەو مامۆستایە کە بەهۆی هۆکاری ئەمنی نەیویست ئاماژە بە ناوی بکەین، لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد “ئەگەر بەفربارین هۆکاری داخرانی قۆتابخانەکان بێت، بەشێکی زۆری وڵاتانی ئۆرووپایی و ئیسکاندیناوی و تەنانەت سۆڤیەتی پێشووش، دەبێت لە وەرزی پاییز هەتا بەهار قۆتابخانەکانیان دابخەن”.

داڕمانی ڕێگای پاوە-روانسەر-٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی
داڕمانی ڕێگای پاوە-روانسەر-٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی

لە هەمانکاتدا “ئێبراهیم شەهریاری” بەرپرسی ڕێگاوبانی شارستانی پاوەش، بە بێ ئاماژەدان بە ئیستاندارد نەبوونی ڕێگاکانی هاتوچۆی ناوچەکە، بارینی زۆری بارانی وەک یەکێک لە هۆکارەکانی داخرانی ڕێگاوبانەکان لەقەڵەم دا و ئاماژەی بە داخرانی ڕێگای گوندەکانی “هەجیج”  و “دۆذان” و بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی باینگانی سەر بە شارستانی پاوەی کرد.
شەهریاری پێشتریش ئاماژەی بە هەبوونی ٢٨ خاڵی مەترسیدار لەسەر ڕێگای گۆند و شارەکانی شارستانی پاوە کردبوو و ئاماژەی بەوەش دابوو کە بۆ چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکانی ناوچەکە و ئەو ٢٨ خاڵە مەترسیدارە پێویستمان بە  ٢٤٠ ملیارد ریاڵ پارە هەیە، لە حاڵێکدا هەتا ئێستا ١٣ ملیارد ریال بۆ ئەو بابەتە تەرخان کراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.