ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان : دڵڕەقی دژی ئاشتی و دێموکراسی نابەخشوودەنییە

0
611

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، بە توندی تەقینەوەکانی ئانکارای پایتەختی تورکیەی شەرمەزار کرد.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، تەقینەوەکانی شاری ئانکارای بە هەوڵێکی تیرۆریستی، دڵڕەقییەکی دڕندانە، جینایەتێکی هۆڤانە و دژی مرۆیی و نابەخشوودەنی لەقەڵەم دا.

دەقی ئەو بەیاننامەیە وەک خۆی لە خوارەوە هاتووە:

دەبیرخانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، دانانەوەی بۆمب و تەقینەوەی ترسناکی شاری ئانکارای پایتەختی تورکیا، کە بووە هۆی گیان‏ لەدەستدانی دەیان کەس لە بەشدارانی گردبوونەوەی لایەنگرانی ئاشتی و دێموکراسی لەو وڵاتەدا، وەکوو هەوڵێکی تیرۆریستی، دڵڕەقییەکی دڕندانە، جینایەتێکی نالەبار و دژی مرۆیی و نابەخشوودەنی، بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکات.

ئەم ڕێکخراوەیە، هەروەها هاوخەمیی خۆی بە نیسبەت گیان‏ لەدەستدانی دەیان کەس لە بەشداربووانی ڕێپێوانی کەمپەینی ئاشتی بۆ دێموکراسی کە بە پێی دوایین ئامارەکان، بە ١٠٠ کەس گەیشتووە و دەوترێت لە سەر بانگهێشتی حیزبی دێموکراتیکی گەلان و کۆنفێدراسیۆنە سینفی و کرێکارییەکان کە بۆ داواکردن لە حکوومەتی تورکیە بە مەبەستی ڕاوەستاندنی شەڕ و توندوتیژی لە کوردستانی ئەو وڵاتەدا کۆبوونەوە، لە گەڵ خەڵکی تورکیە، خەڵکی کوردستان، حیزبی دێموکراتیکی گەلان و کۆنفێدراسیۆن و ڕێکخراوە سینفییەکانی هاوتەریبی ئەو حیزبە دەردەبڕێت و هیوای سوکنایی بۆ بنەماڵە و بەجێماوان و هاوڕێیان و هاوبیرانی گیان‏ لەدەست‏داوەکان و برینداربووانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە دەخوازێت.

تاران، ١٩ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی / یازدەی ئۆکتۆبری ٢٠١٥ی زایینی
دەبیرخانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.