ڕێژەی ٥٥%ی بەربژیرانی ئەو خولەی پارلمانی ئێران، متمانەیان پێ نەبەخشرا

0
758

بە پێی هەواڵەکان، ڕێژەی ٥٥%ی بەربژیرانی ئەو خولەی پارلمانی ئێران، متمانەیان پێ نەبەخشراوە و لە لایەن شؤرای چاوەدێرییەوە، بە نەرێنی وڵامیان درایەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ٤٠%ی ئەو کەسانە لە لایەن هەیئەتەکانی چاوەدێری پاریزگاکانەوە کە سەر بە شۆڕای چاوەدێرییە، متمانەیان پێ بخەشرابوو.

لێکدانەوە و خستنە بەر باسی شیاویی کاندیداکانی هەڵبژاردنی ئەو خولەی پارلمانی ئێران لە لایەن ەیئەتەکانی چاوەدێری ـەوە، ڕۆژی شەممە کۆتایی پێ هات و کەسانی متمانە پێنەکراو تا ڕۆژی سێ شەممە واتا دوو ڕۆژی تر مافی تۆمار کردنی سکاڵایان هەیە.

لە دوای ئەوە، شۆڕای چاوەدیری بۆ چاوپێداخشاندنەوە و ڕاگەیاندنەوەی دووبارەی متمانە پێ بەخشین یان نەبەخشین، ٢٠ ڕۆژ دەرفەتی دەبێ.

شایانی باسە کە متمانە پێ نەبەخشین بەو رێژە بەرچاوە تا ئێستا لە ناوخۆ گەلێک ناڕەزایەتی لە لایەن لایەنە جیاوازە ناوخۆییەکانەوە لێکەوتۆتەوە.

ناوەندی هەواڵدەری ڕۆژ هەوڵی داوە  لەو بارەوە ڕای هەندێک لە چالاکانی سیاسی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا وەرگرێ و ئەو پرسە تاووتوێ بکات: هەر وەک ئاگادارن، ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەربژێرەکانی ئەو خولەی پارلمانئ  ئێران لە لایەن شۆڕای چاوەدێرییەوە متمانەیان پێ نەبەخشراوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە عەلی خامنەیی،  ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە لێدوانێکدا، تەنانەت داوای لە دژبەرانیشی کرد، بێن و بەشداری هەڵبژاردن ببن، ئایا ئێوە ئەو متمانە پێ نەبەخشینە بە شانۆکاری دەزانن یان مەترسی کۆماری ئیسلامی لە خولی نوێی پارلمانی ئەو وڵاتە؟

سلێمان کەلەشی چالاکی سیاسی دێرین لەو بارەوە گوتی: ‎ ‎ئەم شێوە هەڵبژاردن و نە دانی متمانە بە کاندیدەکان شتێکی تازە نیە لە فەلسەفە وسیاسەتی کۆماری ێیسلامی ئێران دا. بەڵام ڕەنگە تەنیا جیاوازی ئەم جارە لەگەڵ جارەکانی دیکە ئەوە بێت کە ئەم جارە خەلکەکی زۆرتر لە جارانی پێشوو رەدی سەلاحیەت کراونەتەوە و هەوەها بەشێک لەو کەسانەی کە متمانەیان پێ نەبەخشراوە،  کەسانی ناسراون لە ناو خەلک وحکومەتت دا.
‎کەلەشی لەمەڕ ئەو پرسیارە کە ئایا ئەو متمانە پێ نەبەخشینانە بە شانۆ دەزانن یان ئەوەتا ترسی ڕژیم نیشان دەدا گوتی: ‎دیارە ئەو جارە ترسی کۆماری ئیسلامی زۆر زۆرترە لە جارەکانی پێشو، چون کۆماری ئیسلامی باش دۆخی  ناوخۆی و ناوچەکە دەزانێ و کێبەرکێ یەکی جیهانی وناوخۆیی لە ئارادایە، هەر بۆیە زۆر بە هەستیارییەوە دەجووڵێتەوە.
هەروەها ناوبراو لەمەڕ قسەکانی خامنەیی و بانگەوازییەکەی بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا گوتی: ‎خامنەیی دەیهەوێ ژێستێکی دێمۆکراتیک لە خۆی و حکۆمەتەکەی نیشان بدا و بڵێ من تەنانەت ئیزن  بە دژبەرانی خۆشم دەدەم کە بەشداری هەلبژاردن ببن. خامنەیی بۆ خۆی دەزانێ چۆن موهەندسی هەلبژاردنەکان دەکا، ئەو هەرلە  ئێستاوە دەزانێ ئاکامەکەی چی یە، هەر بۆیە نیگەرانی ئەوە نیە کێ خۆی بەربێژێر دەکات یان نایکات.

ڕەزا ئەمینی، چالاکی سیاسی و ئەندامی ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو بارەوە ڕای وایە کە:ئەو هەڵوێستەی خامنەیی ناتوانێ واتای ئەوەی هەبێ کە بۆ هەتا هەتایە ئەو کەسە بە ناو رێفۆرمخوازانە رەد کرابێتنەوە دوور نیە لە کاتێکی دیکە دا چۆن کۆماری ئیسلامی کەڵکی لە ٢ی جۆزەردانیەکان وەرگرت بەو شێوەیەش کەڵک لەوانەی ئێستا وەردەگرێتەوە. ئەوانەی رەد کراونەتەوە لە یەک دەربریندا دەکرێ وەک هێزی پاشکۆی کۆماری ئیسلامی بیانناسین و ناکرێ بە هەڵگری شوناس و کاسایەتی دێمۆکراتیک پێناسە بکرێن ئەوان هەر سەر بە نیزامی دیکتاتۆرین.

ئەمینی لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژە بۆ جۆرسی سیستەمی کۆماری ئیسلامی و ڕووداوە هاوشێوەکانی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا دەکات و دەڵێ: کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتێکی هەلپەرست بووە و هەر هەیە، ئەگەر چاو بە مێژووی دیکتاتۆری ئایینی تاران دا بخشێنین، دەبینین کە بە پانتایی تەمەنی خۆی بیرو رای گشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فریو داوە و تا  ڕادەیەک کۆماری ئیسلامی لە درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەیدا سەرکەوتوو نواندووە. هەرکاتێک کۆماری ئیسلامی بەرانبەر داخوازە رەنگاڵەکانی کۆمەڵگای ئێران تووشی قەیران و لە مەرگ نێزیک بووەتەوە کۆمەلێکی کەس کە وەک” میانەرو” ناسێندراون لە پرۆسەی دیکتاتۆریدا بەشداری پێکردوون رەد سەلاحییەتی کۆمەڵێک کەس لەو قۆناغەدا هەڵگری ئەو واتایەیە کە کۆماری ئیسلامی هەنوکە پیوستی پێیان نیە و لە راستیدا بۆ قۆناغێکی دیکە دەیهەوێ کەڵکیان لێ وەرگرێ بە زۆر هۆ و یەک لەوان کە کۆماری ئیسلامی پێی وایە لە سیاسەتە دەرەکییەکانیدا سەرکەوتنی وەدەست هێناوە ئێستا پێویستی پێیان نیە “پاساو” ی بۆ هێناوەتەوە کە دەرەتانێکی جیاواز لە چوارچێوە کلیشەییەکانی سیستمەکەی دا بوونی هەیە. گەمەی هێنانی کەسانی نێونجی رۆ و توند ئاژۆ لە هەر قۆناغێک دا یارییەکی سیاسی بووە .

پەیمان عەبدی چالاکی سیاسی و کارناسی باڵای کۆمەڵناسی لەو بارەوە بەو شێوەیە بۆ “ڕۆژی کورد” دوا: دەکرێ قسەکانی خامنەیی ئاوا لێک بدەینەوە کە یەکەم: لە سیستمێکی دیموکراتیکدا، پێشویست ناکا ڕێبەر بێت و زارەخوارە لەبەر خەڵک بکات و داوای بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات، ئەگەر خەڵک خۆیان بڕوایان بە سیستەم هەبێت ئیتر بە پێی ویست و حەزی خۆیان و بە خۆشییەوە دێن و بەشدار دەبن کەواتە ئەو قسانە یانی ئەوەی کە سیستم دیکتاتۆر و توتالیتێرە. دووهەم: خامنەیی بەو قسانەی داوای لە خەڵک کرد کە بە بەشداری خۆیان لەو هەڵبژاردنەدا، چارەنووسی سیستەمە دیکتاتۆرییەکەی و نەک چارەنووسی خۆیان، دەست نیشان بکەن و یارمەتیدەریان بن بۆ مانەوەی نیزام.

عەبدی لە درێژەدا هەروەها باسی لە هۆکاری متمانە پێ نەبەخشین بە بەربژێرەکان لەو ڕێژە زۆر و زەوەندەدا کرد و گوتی: لەو بارەوە دەکرێ بڵێم سیستەمە دیکتاتۆر و ئایینیەکان بە تووندی خۆپارێزانە دەجووڵێنەوە، لێرەدا ڕێبەرانی ئەو جۆرە سیستەمانە تەنیا کاتێک ئاڵوگۆڕییان تێدا پێک دێت کە کۆمەڵگا لەسەر لیواری هەڵدێر بێت. بۆ نموونە، لەسەر دەمی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نەژادیش دا ئێمە دۆخێکی ئەوتۆمان بینی کە خەڵک هاتنە شەقامەکان، لێرەدا دەوڵەت دەستی کرد بە هەندێ نەرمی نواندن و ئاڵوگۆڕی ڕواڵەتی و بەو شێوەیە تەمەنیخۆی درێژ کردەوە. لە ئێستاشدا هاتنە ناو پارلمانی رێفورمیستەکان دەتوانێ تا ڕادەیەک مەترسی بۆ سەر ڕێژەی دەسەڵاتی خامنەیی ساز بکات کەواتە بۆیە بەرگری لە هاتنیان بۆ پارلامن دەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.