ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکان دژی هێرشی سۆپای تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە

0
1177

ڕۆژی کورد :
لە دووهەمین ڕۆژی هێرشەکانی سۆپای تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە لە هەموو شارەکانی باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان دژی هێرش بۆ سەر جەماوەری بێ تاوانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت و ئەو هێرشانە بە توندی مەحکووم دەکرێن. هاوکات لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپاییەکان کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتانە و جەماوەری پشتیوانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتانە لە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیە لە وڵاتەکەیان خۆپیشاندان ساز دەکەن و ناڕەزایەتیی خۆیان دەرئەبڕن.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندە هەواڵنێرییەکان، دوابەدوای ئەوەی لە شەوی ڕابردووەوە بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگیرابوو، لە کاژێر ٨:٠٠ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ١١ی ئۆکتۆبر هێرش و تۆپبارانکردنی ناوچەکانی “گرێ سپی” و “سەرێ کانی” دەستی پێکردووەتەوە و فڕۆکە شەڕکەرەکانی سۆپای تورکیە سەرقاڵی بۆردوومانکردنی ئەو ناوچانەن و دەنگی تەقە لە نێو شار و گوندەکانی ئەو ناوچە دەستی پێکردووە و هاوکات دانیشتووانی ئەو ناوچانە ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان جێهێشتووە و بەرەو ناوچە ئارامەکان ئەڕۆن.
لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و زۆربەی شارەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانی بەرفراوان لە لایەن جەماوەری کوردی ئەو پارچە کوردنشینانە بەڕێوەچوون و هێرشی سۆپای تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزار و مەحکووم کراون. هاوکات لە زۆربەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان وەکوو فەرانسە، نوروێژ، ئاڵمان، سوئید و ئەو وڵاتانەی دیکە خۆپیشاندان لە لایەن بەشێکی زۆری کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتانە و چالاکانی مافی مرۆڤ وڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانەوە لە بەر دەم باڵوێزخانە و کۆنسخوولخانەکانی دەوڵەتی تورکیە لەو وڵاتانە، بەڕێوەچووە و بەردەوام دەکات و ئەو هێرشانە بە توندی ئیدانە دەکرێت.
لە کاتێکدا بەردەوامی هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە گەڵ ڕەخنەی توندی زۆربەی کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و یەکیەتی ئەوروپا بەرەوڕوو بووەتەوە و ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی تورکیەیان بە توندی مەحکووم کردووە، ڕەجەب تەیبب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە لە کاردانەوە بە ڕەخنەکانی یەکیەتی ئەوروپا ڕایگەیاندووە : ئەگەر ئێوە بتانهەوێت چالاکییەکانی ئێمە وەکوو هێرش و پەلامار نیشان بدەن، ئەوا بەرپرسایەتی ئێمەش ئاشکرا دەبێت، دەرگاکانی وڵاتەکەمان ئەکەینەوە بۆ ئەوەی ڕێژەی ٣ ملوێن و ٦٠٠ هەزار کەسی پەنابەران بەرەو لای ئێوە بەڕێ بکەون دیارە ئاماژەی ئەردۆغان بۆ ئەو ڕێژە پەنابەرە، بڕی پەنابەران سووریەن کە لە ئێستادا وەکوو پەناخواز لە وڵاتی تورکیە نیشتەجێن و ساڵی ٢٠١٥ لە ڕێکەوتنێک لە گەڵ یەکیەتی ئەوروپا بڕە پارەیەکی زۆری وەرگرت بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ ئەو پەنابەرانە و داخستنی دەروازەکانی وڵاتەکەی بەرەو ڕۆژئاوا و وڵاتە ئەوروپاییەکان و ڕێکەوتنی سەربەخۆی لێشاوی پەنابەران بەرەو ئەو وڵاتانە.
بە پێی دوایین ڕاپۆرتەکانی چاودێری مافی مرۆڤ لە سووریە لە ئێستادا ڕێژەیەک زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس لە ناوچە سنوورییەکانی “ڕەئسۆل عەین”، “تەل ئەبیەز” و “دەربازیا” بەرەو ناوچە ئارامەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریە بەڕێکەوتوون و ئەگەری ئەوە ئەکرێت بەرەو ناوچەکانی دەوروبەری شاری “حەسەکە” بڕۆن. هەواڵنێرانی ناوەندە هەواڵنێرییەکانی فەرانسە ڕایانگەیاندووە کە جەماوەرێکی زۆر بە ئۆتۆمبێل، ماتۆر یان بە پێ لە کاتی ڕاکردن لە ناوچەکانی ڕەئسۆل عەین و ئەو شوێنانەی بەر هێرش کەوتوون بینراون کە زێد و ماڵی خۆیان بە جێ ئەهێڵن و بەرەو ناوچەکانی دیکە ئەڕۆن.
نە تەنیا ئامریکا و یەکیەتی ئەوروپا لە گەڵ هێرشی سەربازی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە وڵاتی سووریە دژایەتییان کردووە، ڕۆژی ڕابردوو دەوڵەتی ئیسرائیلیش ئەم هێرشە سەربازییانەی مەحکووم کردووە. بنیامین نتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕایگەیاند : دەوڵەتی ئیسرائیل هێرشی چەکداری تورکیە بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریە بە توندی مەحکووم دەکات و لە هەمبەر پاکتاوی نەتەوەیی لەم ناوچانە بێدەنگ نابێت و هۆشداری دەدات. نتانیاهوو لە درێژەی وتەکانی دا زیادی کرد : ئیسرائیل هەموو کات ئامادەیە بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ نەتەوەی ئازای کورد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.