ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان بەڕێوەچوو

0
1127

ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ، ۲۱ فێڤرییەی ٢٠١٧، بەرابەر لەگەڵ ۳ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ هەتاوی، ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە مەریوان، لەم ڕێوڕەسمەدا، چەندین گوتاری زانستی لە بواری گرینگیی زمانی دایکی، لە لایەن خوێندکارانەوە پێشکەش کرا و لە هەموویاندا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە خوێندکاری کورد دەبێ وەکوو چینی ڕووناکبیری کۆمەڵگا، داوای مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی بکات؛ تاکوو کۆمەڵگای کوردەواری پێشکەوێت و بیرەکان بگەشێنەوە.

هەروەها بێهزاد قادری، وەکوو یەکێک لە وانەبێژانی زمانی کوردی لە زانکۆی ناوبراودا، لە قسەکانیدا چەندین کێشە و کۆسپی بەردەم زمانی کوردیی خستە بەر باس و ڕێگەچارەگەلێکی ئەوتۆی پێشکەش‌کرد و هەروەها ئاماژەی بە ڕێکخستنی بنکەی زمان و ئەدەبیی کوردی کرد لەو زانکۆیەدا. هەروەها ڕەخنەی توندی ئاراستەی فەرمانگە دەوڵەتییەکان کرد کە نەک هەر هەنگاوێک بۆ گەش‌بوونەوەی زمان و فەرهەنگی کوردی نانێن، بەڵکوو خۆیشیان بوونەتە کۆسپێک. هەروەها داخوازیی ئەوەی کرد کە فەرمانگە دەوڵەتییەکان لەبەر دەم زمانی کوردی بەرپرسیارن و دەبێ زمانی کوردی لە پاڵ زمانی فارسی، ببێتە زمانی فەرمانگەکان و لە نامەکانیان و ڕاگەیەندراوەکان و… لە زمانی کوردی چێژ وەربگرن.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، بڕوانامەی پۆلەکانی فێرکاریی زمانی کوردی، لە لایەن مامۆستایانی ئێستا و ڕابردووی زمانی کوردیی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوانەوە، بەخشرایە ئەو خوێندکارانەی کە پاییزی ئەمساڵ، سەرکەوتووانە پۆلە کوردییەکانیان تێپەڕاندبوو.

This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت