ڕێوڕەسمی “زەماوەندی پیری شالیار” لە هەورامان بەڕێوەدەچێ

0
985

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، ڕێکەوتی ١٢ و ١٣ و ١٤ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، ڕێوڕەسمی زەماوەندی پیری شالیار لە هەورامانی تەخت بەڕێوەدەچێ.

هەورامان ناوچەیەکی شاخاوی و گەشتیاری کوردستانە و لە پارێزگاکانی کرماشانی ئێران و سلێمانی هەرێمی کوردستان، هەڵکەوتووە. هەورامانی تەخت سەر بە شارستانی سەوڵاوەیە لە پارێزگای سنەدا. لە ئێستادا هەورامیەکان لە مەریوان، سنە، کرماشان، هەڵەبجە، کانیدیوار، سەوڵاوە و کامیارانیش نیشتەجێن.

 لە هەورامانی تەخت مەرقەدی پیرۆزی “پیری شالیاری” لێیە. ئەم پیرە خاوەن رزقە. دەوترێت لە پێڕەوانی عەبدولقادر گەیلانییە. هەورامیەکان لە نیوەی بەهار و نیوەی زستان سێ رۆژ و شەو مەراسمی “پیری شالیار”، دەگێڕن. لە مەراسیمەکەدا کە بە بۆنەی زەماوەندی “پیری شالیارە”، هەورامیەکان شەو دادەنیشن؛ قوربانی دەکەن، هەڵدەپەڕن، شیعر و گۆرانی هەڵێن و دەف لێدەدەن.

رێوڕەسمی پیر شالیار هەموو ساڵێك دوو جار بەڕێوە دەچێت كە یەكەمیان لەمانگی رێبەندان لەژێر ناوی “زەماوەندی پیر”دایە و دووهەمیشیان لە ژێر ناوی “كۆمسای” لە مانگی بانەمەڕدا بەڕێوە دەچێت.

رێوڕەسمی جێژنی زەماوەندی پیرشالیار هەر ساڵە لە مانگی رێبەندان ، لە سێ ‌قۆناغ و لە ماوەی سێ‌حەفتەدا و لە دوایین شەوی سێشەممەی نیوەی مانگی رێبەندان و بە ئامادە بوونی خەڵكی ناوچە، گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی لە بەخشی “هەورامان تەخت”ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە پارێزگای كوردستان بەڕێوە دەچێت.

لە ماوەی ئەو سێ‌رۆژەدا كە ئەو رێوڕسمە بەڕێوە دەچێت، نەریت و دابە مەزهەبییەكانی “كڵاو رۆچنە، قوربانی كردنی مەڕ و بزن، لێنانی چێشتی تشین، دەف ژەنی و سەمای عیرفانی و تەواف كردنی كەوشی چەرمیی پیر شالیار”لەناو بەشدار بوان بەڕێوە دەچێت.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان پیرشالیار، پیرێكی رۆحانی و خواناس و یەكێك لە موغانی سەردەمی زەردەشتی پێغەمبەر بووە و لەلای خەڵكی هەورامان رێزێكی زۆری هەیە و كتێبەكەی پیشانی كەسانی بێگانە نادەن و وتەكانی لەباتی مەتەڵ بەكار دەهێنرێ‌و خاوەنی كەرماتی زۆر بۆ وێنە شەفا بەخشینی نەخۆشان بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت