ڕێكه‌وتنی تورکیە و ئامریکا لە سەر ئاگربەستی پێنج ڕۆژە لە ڕۆژئاوای کوردستان

0
712

ڕۆژی كورد :
بە پێی وتەکانی مایک پێنس، جێگری سەرۆک کۆماری ئامریکا دەوڵەتی تورکیە لە گەڵ جێگر کردنی ئاگربەستێکی پێنج ڕۆژە لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە پێکهاتووە بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکانی کورد مۆڵەتی پاشەکشێیان پێ بدرێت. ئەم ڕێکەوتنە سەرکەوتنێکی بەرچاو بۆ دەوڵەتی ئامریکا بە هەژمار دێت.

سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ئۆکتۆبر مایک پێنس، جێگری سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند کە توانیویانە سەرکەوتن بە دەست بهێنن بۆ بە قەناعەت گەیاندنی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە بە مەبەستی جێگر کردنی ئاگربەستێکی ٥ ڕۆژەی کاتی لە ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باکووری سووریە. ئەم ئاگربەستە ماوەی ١٢٠ کاژێر بەردەوام دەبێت و لەم ماوە دا پێویستە هێزە کوردەکان لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیە شوێنەکانی خۆیان بە جێ بهێڵن و پاشەکشێ بکەن. دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر تورکیە هێرشە سەربازییەکانی خۆی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام بکات، ئەوا ئابووری ئەم وڵاتە بە زۆرترین ڕێژەی بایکۆت تەفروتوونا ئەکات.
دەوڵەتی تورکیە پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە بە تەمای ئەوەیە لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هاوسنوور لە گەڵ وڵاتەکەی، ناوچەیەکی ئەمن پێک بهێنێت، لە بەر ئەوەی لە ئامادەبوونی هێزە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەم ناوچانە دا نیگەرانە و دڵەڕاوکێی هەیە. مایک پێنس ڕۆژی پێنجشەممە هاوکات لە گەڵ شاندێکی باڵای ئامریکا کە مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا و جیمز جێفری، نوێنەری تایبەتی پێڕاگەیشتن بە کاروباری داعیش لە دەوڵەتی ترامپ، هاوڕێیەتی دەکەن، گەیشتە ئانکارا پێتەختی وڵاتی تورکیە. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئاڵمان، چاوپێکەوتن و دیداری پێنس و ئەردۆغان کە بڕیار وابوو ماوەی ١٠ خولەک بخایەنێت، زیاتر لە نیو کاژێر درێژەی پێدرا. دواتر وتووێژەکان لە کۆڕێکی گەورەتر درێژەی پێدرا و لە کۆتایی دا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە شاندی ئامریکایی داخوازیان کردبوو.
ئەردۆغان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سۆپای تورکیە تا دوورخستنەوەی یەگجاری هێزە کوردەکان لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری سووریە، درێژە بە هێرشە سەربازییەکانی خۆی دەدات و هەڕەشە و بایکۆتەکانی ئامریکاش ناتوانێت ڕێگر بێت لە وەدێهێنانی ئامانجەکانی. ناوبراو تەنانەت ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی مانگ ڕۆژێک پێش ئەو دیدارە ڕایگەیاندبوو کە ئامادە نیە وتووێژ و چاوپێکەوتن لە گەڵ مایک پێنس و مایک پۆمپێئۆ پێک بهێنێت و تەنیا ئامادەیە لە گەڵ دۆناڵد ترامپ وتووێژ بکات.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیە ڕایگەیاندووە کە لە پێوەندی لە گەڵ پارێزگای کۆبانی کە یەکێک لە شارە گەورەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانە هیچ بەڵێن و پێکهاتنێکیان لە گەڵ بەرپرسانی ئامریکایی پێک نەهێناوە بە سەر هەموو ئەوانەش، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە کە بەم زووانە بایکۆتەکان دژی تورکیە پووچەڵ دەکرێنەوە. ناوبراو هەروەها وتیشی هیچ گرفتێک بۆ سەفەری مانگی داهاتووی ئەردۆغان بەرەو واشنگتۆن نایەتە پێش. سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوکات لە گەڵ باسکردنی ئەوەی کە ئاگربەست پارێزەری لە گیانی کوردەکان دەکات، ئاماژەی بەوەش دا و وتی : من ئەمەوێت سپاسی کوردەکان وەکوو گرووپێکی گەورە و بە هێز بکەم.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.